بۆ یادی نیشتیمانیی مەرگەساتی ئەنفال
دانا دارا
3 ساڵ لەمەوپێش
دانا دارا
1.بەهەموو پێوەرەكان تاوانی ئەنفال بەتاوانی جینۆساید دەناسرێت و هەموو خەسڵەتەكانی ئەو تاوانەی تێدایە بەزیادیشەوە.
2.یاسا تایبەتەكان بەپرسی ئەنفال و جینۆساید كە لەپەرلەمان دەرچوون :
-بڕیاری ژمارە 32ی ساڵی 1993 كە تایبەتە بەدابینكردنی گوژمەیەكی مانگانە بۆ خێزانی شەهیدەكان .
-یاسای بزربووەكان لەهەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق ژمارە 3ی ساڵی 1999
-یاسای دیاریكردنی چارەنووسی یاسایی بەرپرس و دەستوپێوەندەكانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو ژمارە 18ی ساڵی 2003
-یاسای راماڵینی ئاسەوارە بەزۆر سەپێنراوەكانی بەكارخستنی سیاسەتی پاكتاوكاری رەگەزی (بەعەرەب كردن ) لەكوردستانی عێراقدا ژمارە 19ی ساڵی 2003
-یاسای وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوان ژمارە 8ی ساڵی 2006
-یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان ژمارە 9ی ساڵی 2007
-یاسای سندوقی پشتگیری و هاوكاری خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و قوربانیانی كۆمەڵكوژی (جینۆساید) ژمارە 37ی ساڵی 2007 (بەتێبینی ئەوەی كە ئەم سندوقە تائێستا پێكنەهاتوە).
-بڕیاری ژمارە 2ی ساڵی 2008 بڕیاری دانانی ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلی كورد لە عێراق كراون بەتاوانی كۆمەڵكوژی (جینۆساید) و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ .
-یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەكانی جینۆساید لەهەرێمی كوردستان ژمارە 9ی ساڵی 2015
3.پێویستە چی بكرێت :
-تائێستا لەهەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەتمان بەقەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان نییە كەحكومەتی ناوەندی پابەند بكات بەهەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوان بەپێی بڕیاری دادگای تاوانەكان لەعێراق، وەك ئەوەی بۆ 602 ونبووی وڵاتی كوەیت دەكرێتەوە لەسەر نەوتی فرۆشراوی عێراق.
-هێنانەوەی رووفاتەكان و هەموو ئەوەی كە لەگەڵیان بووە بەشێوەیەكی زانستی ، بەشێوەیەك كە ئەم پڕۆسەیە لەساڵی 2021 تێنەپەڕێت .
-ئەركی پەڕلەمانە وەك بەرپرسیاریەتیەكی مەدەنی كە یاسا دەربكات بۆ هەرچی بوارێكی پرسی جینۆساید كە لەهەرێم بۆشایی یاسایی هەیە .
-لەبودجەی گشتی هەرێم بەدیاریكراوی رێژەیەك بۆ خانەوادەی قوربانییەكان دیاری بكرێت كە لە 5%ی كۆی خەرجیەكان كەمتر نەبێت .
-ریزبەندی وەزارەتەكان بۆ موچەی مانگانە بگۆڕدرێت و كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان یەكەم جێگە ئەو مافە وەربگرن .
-جوگرافیای ئەنفال ئامانج تیایدا پیادەكردنی سیاسەتی زەوی سوتاو بووە، بەڵام حكومەتی هەرێم كەمترینی بۆ كردووەو ئەوەتا چەمچەماڵ خەریكە لەتینوا دەخنكێت، گەرمیان ئاسەوارەكانی تەعریبی نوێ و كۆن ماندوی كردووە، وشكەساڵی ناوچەكەیان ئایندەی ڵێڵ و مەترسیدار كردوە .
دەبێت حكومەت پابەند بكرێت كە ئەولەویەتی ئاوەدانكردنەوەی بۆ ئەو ناوچەیە بێت .
-ئەو (10) كەسەی كە بەدەربازبوی ئەنفال ناسراون و پێویست بكرێت لەسەر حكومەت بەباشترین شێوە بیانپارێزێت .
-هەموارو جێبەجێكردنی یاسای گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق.