بارزانی‌و رووپێوی پرۆسەی ئەنفال، راستكردنەوەی هەڵەیەكی زەق

عەلی محمود محەمەد

3 ساڵ لەمەوپێش



عەلی محمود محەمەد

دیاریكردنی روپێوی جوگرافیای تاوان بەشێكی گرنگی  دیاریكردنی قەوارەو سنووری تاوانە، لەپاڵ  شوێنی تاوان و ناوچە ئاوەدانەكانی بەر تاوان كەوتوو، ئەوانە هەموو ژمارەی نەگۆڕن و بەسانایی دەكرێت  ئامار بكرێن و  دیاریبكرێن لەسەری رێككەوتن بكرێت و  ژمارەیەكی هاوبەشمان هەبێت، كە بەداخەوە بۆ تاوانێكی گەورەی وەك ئەنفال  كە تاوانی تاوانەكانە تائێستا نیمانە. بۆ دیاریكردنی روپێوی تاوانی  ئەنفال و ژمارەی گوندو شارو شارۆچكە روخاوەكان، دەبوایە ئاماری ورد بكرابایاو لەسەر ژمارەی هاوبەش  رێكەوتن  بكرابایە، بەبێ ئەم رێكەوتنە سەختە بتوانرێت داوای قەرەبووش  بكرێتەوە.
بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بەرەی كوردستانی، هەموو پۆستەكانی وا دەكەن زانیاری دگمەن و راستی هەبوایە لەسەر ئەو تاوانانەی لەسەردەمی هەریەك لەدەسەڵاتەكانی و پێشتر روویانداوە هەبێت. ئەو  لەبەرگی چوارەمی كتێبەكەی « بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد « ئاوا ئاماژە بەپانتایی جوگرافیای ئەنفال دەدات» لەپرۆسەی ئەنفالەكاندا، 90%ی گوندەكانی كوردستان و زیاتر لە 20 شارو شارۆچكە  لەسەر نەخشە سڕانەوە. ناوچە گوندنشینەكان بە 15000000 مین، مینڕێژكران، نزیكەی 1500000 كورد لەگوندەكانیان بۆ ئۆردوگاو كۆمەڵگا زۆرەملێكان گوازرانەوە. نزیكەی 10%ی  كوردی باشوور لەناوبران. بەمەش نزیكەی 7729 كم دووجا لە رووبەری هەرێمی كوردستان بەر شاڵاوی ئەنفال كەوت . ل 331 «.
هەرچەندە  هەموو ژمارەو  رێژەكانی هاتوو  لەم پەرەگرافە جێگای گفتوگۆو  لەسەر راوەستانن،  بۆ خۆشی  بۆ سەرجەمیان وشەی نزیكی وەك پێشگر بۆیان نووسیوە، سەلمێنەری ئەوەیە ئامارە بەكارهاتووەكانی ورد نییە، هەر ئەمە بۆ خۆی گەورەترین كەماسییە، لێ ئەوەی زیاتر جێی سەرنجی منە ئەو پانتایی جوگرافیا دیاریكراوەیە  كە ئەنفالی  گرتۆتەوە، كە دیاری كردووە بە 7729  كم دووجار، ئەمەش نەك نزیك نییە لە راستی بگرە بەفرسەخ لێوەی دوورە.
ئەنفال جگە لەسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كە روپێوەكەی 41220 كم دووجارە، زۆرینەی  ناوچە كوردنشینەكانی شارەكانی موسڵ، كەركوك، دیالەو سەڵاحەدینیشی  گرتەوە، كەئێستا  بەناوە دابڕێنراوەكان بەناوبانگن، واتا هەموو باشووری كوردستانی گرتەوە كە پانتاییەكەی بە 83643 كم دووجار دیاریكراوە.
سەرچاوەی  زانیارییەكەی  بارزانی كێیە؟
بەپێی زانیاری من بۆ یەكەمجار لەكۆنفرانسی زانستی ئەكادیمی ئەنفال لەشاری هەولێر لە رێكەوتی 14-16-4-2002 پرۆفیسۆر  دكتۆر خەلیل ئیسماعیل  محەمەد  ئەم ژمارەیەی بەكارهێناوە، دواتر هەمان لێكۆڵینەوە لەژمارە 24ی  گۆڤاری سەنتەری برایەتی بڵاوكرایەوە، ئیتر نووسەران و توێژەران وەك سەرچاوە بەكاریانهێناوە، بێ ئەوەی كەمترین بەشی زیرەكی و توانای مێشكیان بەكاربهێنن، لەخۆیان بپرسن  كە ئایا ئەو ژمارەیە  لەگەڵ واقعی بەرفراوانی شاڵاوەكانی ئەنفال كە بە 8 قۆناغ بەڕێوەچوو دێتەوە یان نا؟، لەكاتێكدا ژمارەكە كەمترە لەپانتایی ئەنفالی 8 كەناوچەی بادینانی ژێر قەڵەمڕەوی پارتییە «  10.360» ، تەنانەت  سنوری ئەنفالەكانی 3 و « 5،6،7» یش هەریەكەیان نزیكن لەو ژمارەیە كە بەكاریانهێناوە.
دكتۆر خەلیل لە نووسینەكەیدا دەڵێت « نزیكەی 7729 كم دوجار لە رووبەری هەرێمی كوردستانی عێراق تووشی شاڵاوەكانی ئەنفال بووەوە .... «.
لەگەڵ رێزم بۆ دكتۆر خەلیل كە جوگرافیا زانێكی بەتوانایە، وەلێ ئەم ژمارەیە كەمتر لە 9,2% خاكی باشوووری كوردستان دەگرێتەوە؟،  ئایا ئەم ژمارەیە بۆ روپێوی ناوچەكانی 8 پرۆسەی  ئەنفال گونجاوە؟؟؟؟ كە سەرتاپای كوردستانی گرتەوە؟؟، لەكاتێكدا پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هەموو سنوورەكانی دەرەوەی شارو شارۆچكەكانی باشووری كوردستانی  بەهەندێك یەكەی  ئیداریشەوەی  گرتەوە، جگە لەو ناوچانەی ببوونە ناوچەی جەنگی  ئێران عێراق لەپاڵ ناوچەی هەڵەبجە كە بەرەیەكی دیكەی هاوزەمان لەگەڵ  ئەنفالی یەك لێكرایەوە، هەروەها هەندێك ناوچەی دی لەقۆناغی یەكەمی رووخاندنی لادێیەكان لەبەهاری 1987  كۆتاییان هات، هەرچەندە ئەو قۆناغەش لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال هەژمێردراون، هەندێك لادێ دانیشتووانەكەی چەكی رژێمیان هەڵگرتبوو جاش بوون.
لەماوەی  197 رۆژی 8 قۆناغی ئەنفالدا، كە 6 جوگرافیای جیای گرتەوە، تەنها ئەنفالی 1و4و8 پانتایی جوگرافیاكەیان دیاریكراوە بە « 1154، 3985،  10.360 كم دووجار»،  بەهەرسێكیان دەكاتە  15499كم دووجار، واتا زیاتر لەدووجاری ئەو ژمارەی بارزانی لەپەرتووكەكەی بەكاری هێناوە كەدەكاتە 15458 كم دووجار،  سێ جوگرافیایەكەی دیكەش ئەنفالی دوو، سێ، پێنج، شەش، حەوت روپێوی زیاتر نەبێت  لەو ژمارەیە كەمتر نییە. 
واتا ئەو ژمارەیەی كە بەكارهاتووە كەمتر  لە 25%ی ئەو روپێوەیە ئەنفالی گرتۆتەوە، ئەم ژمارەیەش  هێشتا پێویستی بە لەسەر راوەستانە. وێڕای ناوچەكانی هەڵەبجەو سەیدسادق و خورماڵ و سیروان و هەورامان شارەزوورو پێنجوێن و ناوپارێزو بەشێكی زۆری شارباژێڕو حاجی ئۆمەران و نەوسوود بۆ خواروو  .....ببوونە گۆڕەپانی شەڕی عێراق ئێران لەوكاتەدا، خەڵكی لێ ناژیا. 
هەروەها لەو شەڕەی هەڵەبجە كەئێران ناوی لێنابوو فەجری 10، یەكێتی نیشتمانی و  پارتی و  سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ناویان  نابوو رزگاركردنی هەڵەبجە، ئێران توانی 800  كیلۆمەتر چوارگۆشە خاك و 102  گوندو شاری هەڵەبجە و چەندین شارۆچكەی دی وەك تەوێڵەو بیارەو خورماڵ و سیروان و.....بگرێت، مەزەندە دەكرێت  بەرەی شەڕ زۆر لەوەش  بەرفراوانتر بووبێت، بۆ خۆی وەك كات بەشێك بوو لە تاوانی ئەنفال، هەرچەندە كرا بەكەیسێكی سەربەخۆ.
هەروەها ناوچەی سێگۆشەی سنووری عێراق ئێران توركیا « خواكوڕك « كە هاوزەمان لەگەڵ ئەنفالی 5،6،7 دا شەڕی قورسی تێدا ئەنجامدرا، ناوچەی كەندیناوەو شەمامك و قەرەچوغیش لەدەشتی هەولێر پێشتر لەهەڵمەتەكەی بەهارو هاوینی ساڵی پێشتر پاك كرابوەوە لەژیان، خانووی تێدا بەپێوە نەمابوو، هەرچەندە ئەو پرۆسەیەش لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال دێتە ژماردن، هەر هەموو ئەمانەشمان بەبەشێك لە روپێوی پرۆسەی ئەنفال هەژمار نەكردووە.
بەگشتی روپێوی تاوانی ئەنفال زیاتر لەچوار جاری ئەو روپێوەیە كە بارزانی  دیاریكردووە، راستە بارزانی لەوكاتەدا  دوور بوو لە روداوەكان، وەلێ دەبوایا نەكەوتایەتە ناو ئەم هەڵەیەوە، چونكە دەیزانی ئەنفال هەموو كوردستانی گرتەوە، پێم وایە راوێژكارەكانی  نەزانانە ئەویان خستۆتە ناو ئەو هەڵەیەوە، هیوادارم لەچاپی داهاتووی پەرتووكەكەیدا بەهەموو ئەو ئامارو ژمارەو بۆچونانە بچێتەوە كە تایبەتن بەپرۆسەی جینۆساید، زانیاری زیاترو ژمارەی گونجاوترمان بداتێ، باسی رۆڵی پارتی لەشەڕی هەڵەبجەو 7 قۆناغی ئەنفال لە 1 بۆ 7 مان بۆ بكات .
لەلایەكی دیكەشەوە، هەموو ئەوانەی ئەو ژمارەیەیان بۆ روپێوی ئەنفال بەكارهێناوە، هەڵوێستەیەك بكەن و ئامارەكە لەگەڵ واقعی سەر خاكی جوگرافیای ئەنفال بەراورد بكەن.
سەرچاوەكان:
1-بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان
2- ژمارە 24ی  گۆڤاری سەنتەری برایەتی- لێكجیاكردنەوەی  شوێنی شاڵاوەكانی ئەنفال لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا – پرۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد
3- ئاكامە جوگرافییەكانی پرۆسەی جینۆسایدی گەلی كورد ئەنفالی چوار وەك نموونە  پ.ی. د.  یاسین هاشم حەمەدەمین.
4-https://en.wikipedia.org/wiki/Anfal_campaign
5-https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82
6-https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdistan_Region

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار