بەهەوڵی وەزیری شەهیدان پرۆژەی ئاوی (گۆپتەپە – چەمچەماڵ) بودجەی بۆ تەرخان كراوە
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی شەهیدان دەڵێت لەیادی 34 ساڵەی شاڵاوی ئەنفالدا لەچەمچەماڵ چالاكی ئەنجامدەدەن و دەشڵێت:» بەهەوڵی وەزیری شەهیدان پرۆژەی ئاوی (گۆپتەپە – چەمچەماڵ) بودجەی بۆ تەرخانكراوە كە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلارە».
رۆژی پێنجشەممە 14ی نیسانی 2022، ماوەی 34 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شاڵاوی ئەنفالدا كە لەلایەن رژێمی بەعسی سەدام حوسێن و هاوكارەكانییەوە ئەنجامدراو تێیدا زیاتر لە 182 كەس ئەنفالكران.
دوێنێ سێشەممە، سەرۆكایەتی دیوانی حكومەتی هەرێم تەرخانكردنی پارەی بۆ پڕۆژەی ئاوی (گۆپتەپە- چەمچەماڵ) راگەیاند كە گوژمەكەی زیاترە لە 75 ملیۆن دۆلاری نەختینە.
عادل مەلا ساڵح، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد لە 34مین ساڵیادی كارەساتی ئەنفالدا بەئامادەبوونی جەنابی وەزیر تاجە گوڵینەی سەرۆكایەتی حكومەت و وەزارەتی كاروباری شەهیدان دادەنرێت لەمۆنۆمێنتی شەهیدان لەچەمچەماڵ و دەشڵێت كە» حكومەت و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان وتاریان دەبێت»، لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین چالاكی هونەری و رۆشنبیری و كردنەوەی پێشانگاو نمایشكردنی چەندین شانۆگەری و ئۆپەرێشنی تراژیدی.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وتیشی:» چەمچەماڵ وەك پایتەختی شەهیدان و ئەنفال چەند ساڵێكە بەدەست كەمئاوییەوە دەناڵێنێت و چەندین جار داواكاریان پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووەو ئەمجارە پەنایان بۆ وەزارەتی شەهیدان هێناو بەهەوڵ و توانای وەزیری كاروباری شەهیدان لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، خۆشبەختانە رەزامەندی وەرگیرا بەخەرجكردنی زیاتر لە 70ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی چەمچەماڵ.
هەروەها ئەوەشی باسكرد كە سەرجەم كەسوكارو وارس و میراتگرانی ئەنفال لەكوردستاندا بەپێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2007 (یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان) مینحە وەردەگرن و ئەگەر یەك تا سێ شەهیدیان هەبێت 450 هەزار وەردەگرن و لەسێ شەهید زیاتریش دەبێتە دوو هێندە و بڕی 900 هەزار وەردەگرن.
هاوكات، ئەوەشی خستەڕوو كە خزمەتگوزاری زەوی و خانوو و پێشینەی هاوسەرگیری لە رابردوودا و هەروەها خزمەتگوزاری دیكەش وەكو خوێندن بۆ كوڕو كچی شەهیدو هاوسەری شەهید ئەگەر هاوسەرگیری نەكردبێتەوە دابینكراوە لەسەر ئەركی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان» لەئێستادا هەزاران كچ و كوڕی شەهیدان لەزانكۆ حكومی و ئەهلییەكاندا دەخوێنن لەسەر بودجەی وەزارەتی شەهیدان».