هاووڵاتیانی هەرێم لەپێشنینەی بانكەكانی عێراق بێبەش دەكرێن

«هەرێم 21 موڵكی بانكەكانی عێراقی داگیركردووەو نایانگەڕێنێتەوە بۆیە لقی خۆیان لەپارێزگاكانی هەرێم ناكەنەوە»

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بانكی رافیدەین و رەشید چەندین پێشینەی جیاواز دەدەنە هاووڵاتیانی عێراق، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوەو بەو هۆیەوە بێبەش دەبن، پەرلەمانتارێك دەڵێت:» هەرێم موڵكەكانی بانكی رافیدەین بۆ بانكەكە ناگەڕێنێتەوە بۆیە لقی خۆیان لەپارێزگاكانی هەرێم ناكەنەوە».

بانكێكی حكومی لەعێراق ئۆفەرێك بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون دەداتە فەرمانبەرانی، بەڵام ئەم ئۆفەرە فەرمابەرانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.  

                                                                                                                       رۆژی 8ی نیسانی 2022 بانكی رافیدەین بڕی 150 ملیۆن دینار وەك قەرز دەداتە فەرمانبەران بە مەبەستی كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ماوەیەكی درێژ، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەم قەرزە بێبەش دەبن.
ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بەرپرسانی هەرێم بەرپرسن لەوەی بانكە حكومییەكانی عێراق ئۆفەرو خزمەتگوزارییەكان ناگەیەننە فەرمانبەرانی هەرێم.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئەو بانكانە هەشت موڵكیان لەپارێزگای هەولێرو هەشت موڵكیان لەسلێمانی و پێنج موڵكیشیان لەپارێزگای دهۆك هەیە، بەڵام ئەم موڵكانە داگیركراون و تەحویلی موڵكیان بۆ كراوەتە سەر هەندێك كەسایەتی سیاسی و دامودەزگای حزبی و بانكەكانیش مەرجیان ئەوەیە كە موڵكەكانیان بۆ بگێڕدرێتەوە ئەوكات ئامادەن لقەكانیان لەهەرێمی كوردستاندا بكەنەوە».
ئەحمەد حاجی رەشید ئەوەشی خستەڕوو كە وەفدێك لە بەغداوە هاتوونەتە سلێمانی و داوای بەدیلی موڵكەكانیان كرد لەكاتێكدا كە نەتوانرێت موڵكەكانیان بۆ بگێڕدرێتەوە، بەڵام ‌بەرپرسان ئامادەنەبوون تەنانەت موڵكی بەدیلیشیان پێبدەن.
هەروەها یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی بێبەشبوونی فەرمانبەرانی هەرێم لەبانكەكانی عێراق ئەوەیە كە ئەم بانكە (بانكی رفیدەین) مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكات كە دەبنە زەبوونی ئەو بانكەو مووچەكانیان لەوێ وەردەگرن، بۆیە ناتوانرێت هەژمار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بكرێتەوە.
هاوكات، جەمال كۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «كێشەی بەغداد ئەوەیە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا ناكەن و ئێمە هەوڵماندا كە سەرجەم موچەكان بچنە سەر بەغدا، بەڵام حكومەتی هەرێم یارمەتیدەر نەبوو و ئەگەر موچە بچووبایەتە سەر بەغدا لەلایەك كێشەی موچە چارەسەر دەبوو و خەڵكانێك سودمەند دەبوون لە ئۆفەری هاوشێوەی ئەم ئۆفەرە».
جەمال كۆچەر باسی لەوەشكرد بە كردنەوەی لقی ئەم بانكانە لەهەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی سودمەند دەبن، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم یارمەتیدەر بێت چونكە تەنها كردنەوەی لق بەس نییە و پێویستە زەمانەت هەبێت و بانكەكان دەیانەوێت حكومەت زەویان بداتێ و تاپۆ بێت لەسەر ناوی خۆیان حكومەتی هەرێمیش پێیان نادات.
هاوكات، بانكی رافیدەین رێكاری پێدانی پێشینەی پێنج بۆ 25 ملیۆن دیناری بەخانەنشینان دەستپێكردووە كە بەرێژەی لەسەدا 5% سوودی دەچێتە سەرو ماوەی گەڕانەوەشی پێنج ساڵە بەو مەرجەی قیستی مانگانەكەی لەسەدا 50% موچەی خانەنشینە تێپەڕنەكات و موچەكانیان لەبانكی رافیدەینەوە وەربگرن.
لەبەرانبەردا پەرلەمانتارێكی پارتی لەبەغدا دەڵێت ئەگەر بانكە عێراقیەكان بیانەوێت لق لە هەرێمی كوردستاندا بكەنەوە هیچ رێگریەكی یاساییان نابێت.
شوان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بێبەشبوونی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئۆفەری بانكەكانی عێراق تا رادەیەكی كەم پەیوەندی هەیە بەوەی كە مووچەی فەرمانبەران سەر بە حكومەتی فیدراڵی نییە، بەڵام ئەگەر ئەو بانكانە ویستی ئەوەیان هەبێت پێشینە بدەنە خەڵكی كوردستان ئەوا بەئاسانی دەتوانن رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كورستاندا بكەن».
هەروەها  پێشیوابوو كە رێككەوتن و لێكتێگەیشتنێكی گشتگیریان لەگەڵ رەوتی سەدردا هەیە كەبەشێوەیەكی گشتی خۆی لە جێبەجێكردنی دەستوری عێراقدا دەبینێتەوە كە زامنی هەموو مافە نەتەوەیی و سیاسی و داراییەكانی هەرێمی كوردستانە و ئەسڵی رێككەوتنەكەش بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكی عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی.
پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختی لەوەكردەوە كە تا هەولێرو بەغدا بەتەواوی نەگەنە رێككەوتن سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەر نەكەن، بەتایبەت پرسی (بودجە و نەوت و گاز) ئەوا زەحمەتە بانكە عێراقییەكان بێنە هەرێم و خزمەتگوزاری پێشكەش بە فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان بكەن.
سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی هەرێمی كوردستان: سیستەمی بانكی هەرێم بەسیستەمی بانكی عێراقەوە نەبەستراوەتەوە.
ئەمیر قەساب، سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» بە هۆی نەبوونی لقی بانكە عێراقیەكان لەهەرێمی كوردستاندا فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان ناتوانن سودمەند ببن لە ئۆفەری ئەو بانكانە، چونكە سیاسەتی دارایی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی رێگەنادات بانكە حكومییەكانی عێراق لقیان لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت‌.
«بەكردنەوەی لقی بانكە حكومیەكانی عێراق لەهەرێمی كوردستاندا و هاتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ نێو بازاڕی هەرێم، خەڵكی لێی سودمەند دەبێت و جوڵە دەكەوێتە بازاڕەوە»، ئەمیر قەساب وای وت.
مامۆستایەك: پێدانی قەرز بە فەرمانبەران باری سەرشانیان كەمدەكاتەوە
فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان داوا دەكەن حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەبارەی ئەم پرسەوە گفتوگۆ بكات تا ئەوانیش هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق سوودمەند بن لە پێشینەكان.
چنار عبدوڵا، مامۆستایەكی شاری سلێمانییە و لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» لەئەگەری پێدانی ئەو قەرزانەدا بە فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان سودێكی باش دەگەیەنێت بە بارودۆخی ژیانمان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو كە پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری هەبووە باشتر دەبێت».
چنار باسی لەوەشكرد بەوەرگرتنی ئەو پێشینەیە كاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانی دروستدەكات.
دانا حەسەن، فەرمانبەرێكی شاری سلێمانییە و لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: پێشینەدان بە فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان و ئۆفەری هاوشێوە  كارێكی باشە و كاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانمان هەیە لەو بڕوایەدا نیم هیچ فەرمانبەرێك بەو ئۆفەرە دڵخۆش نەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار