خۆڵبارین، توخمی خاك دەگوازێتەوە بۆ خاكێكی دیكە
گۆڕینی ئاراستەی رەشەبا خۆڵبارین دروستدەكات بەناڕاستەوخۆ دەستی مرۆڤیشی تێدایە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن و عەمار عەزیز
هەفتەیەك زیاترە خۆڵبارین پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە دەستپێبكاتەوەو هۆكارەكەشی بۆ گۆڕینی ئاراستەی رەشەبا دەگەڕێننەوە و سەدان كەسیشی داخڵی نەخۆشخانەكان كردووە.
خۆڵبارین لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003 بەدواوە رووی لەهەرێمی كوردستان كردووەو تا دێت خۆڵبارینی زیاتر روو لەهەرێمی كوردستان دەكات.
خۆڵبارین، بەشێك لە بەتەمەنەكانی گەیاندە نەخۆشخانەكان
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی راگەیاندنی تەندروستی گشتی سلێمانی باس لەوەدەكات زیاتر لە 120 نەخۆش سەردانی ناوەندە تەندروستیەكانیان كردووەو دەڵێت:» حاڵەتی زۆر توندمان نەبووە، بەڵام بەشێكیان ئەوانە بوون كە نەخۆشی درێژخایەن و نەخۆشیەكانی سنگ و هەناسەیان هەبووە».
وتەبێژی راگەیاندنی تەندروستی گشتی سلێمانی، هێمای بۆ ئەوەكرد كە بەشێك لەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن هەستیاریان بەتۆزو خۆڵ هەیە، وتیشی:» ئەو نەخۆشخانەی بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانە دەكەن تەنیا چارەسەری فریاكەوتنی سەرەتاییان پێویست بووەو دواتر رۆشتونەتەوە بۆ ماڵەوە».
بێجگە لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 60 كەس سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە.
سیروان، بەرێوەبەری تەندروستی گەرمیان بەهاوڵاتى وت:» زۆربەی زۆری ئەوانەی خۆیان نەخۆشیەكیان هەیە كاریگەر دەبن بەخۆڵبارین، وایان لێدێت داخڵ ببن و پێویستیان بەچارەسەر بێت».
لەهەمان كاتدا لەپارێزگای هەڵەبجە، زیاتر لە 24 كەس تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بوون بەهۆی خۆڵبارینەوە.
سەعدی رەفعەت، بەڕێوەبەری كارگێری نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە رۆژی یەكەم لەماوەی 24 كاتژمێردا 20 كەس سەردانی نەخۆشخانەیان كردووەو چارەسەریان بۆ كرا، بەڵام ئەوەبوو ماوەیەكی كەم دەمانەوەو زوو كاریگەریەكەی كەم دەبووەوە لەسەریان، هۆكارەكەشی ئەوەبوو بۆ خەڵكەكە ئەو خۆڵبارینە تازە بوو زۆر هەستیان بەمەترسیەكەی نەكردووە.
جەختی لەوەشكردەوە:» لەسەر هاووڵاتیان پێویستە گوێ لە رێنماییە تەندروستییەكان بگرن و بەتایبەت ئەوانەی كە نەخۆشیەكیان هەیە زیاتر دەبێت ئاگادار بن». سەعدی رەفعەت وادەڵێت.
حەمزە رەزیكی، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەروو كە بەهۆی خوڵبارینی چەند رۆژی رابوردوو 298 كەس توشی تەنگەنەفەسی بوون و پێنج لەو حاڵەتانە لە ژێر چاودێری پزیشك دابوون دواتر رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، وتیشی:»پێش خوڵبارین ژمارەیەك رێنمایی تەندروستیمان بڵاوكردەوە تا خەڵك خۆیان ببپارێزن بەتایبەت ئەو كەسانەی نەخۆشی (رەبۆ) یان هەیە».
هەروەها دیلان رەواندوزی، ووتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن هێمای بۆ ئەوەكرد كە لەم رۆژانە خوڵبارینێكی سووك و كەم روودەدات وەكو ئەوەی چەند رۆژێك نابێت كە خوڵبارینێكی زۆر توند بووە.
چالاكوانێكی ژینگەیی: جەنگ و گەڕان بەدوای نەوتدا خۆڵبارین دەهێنێت
چالاكوانێكی ژینگەیی هۆكارو بوونی خۆڵبارین بۆ هاوڵاتى رووندەكاتەوەو دەشڵێت بە ناڕاستەوخۆ دەستی مرۆڤەكانی تێدایە.
نەبیل موسا، چالاكوانی ژینگەیی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە دەستی مرۆڤی تێدایەو یەكێك لەوانە گەڕانە بەدوای نەوتی خاودا «.
هەروەها پێشیوابوو زیاتر جەنگەكان براونەتە ئەو شوێنانەی كە بیابانن، زۆر لەمێژە مرۆڤی پێدا نەڕۆشتووە و هۆكاری گەڕان بەدوای نەوتیشدا وایكردووە ئەو ناوچانە خۆڵ و تۆزەكەی بگوازنەوە:» گەیشتنی دەستی مرۆڤ بەهەموو شوێنەكان وایكردووە ببێتە هۆی تێکدانی ئەو قەتماغەیەی كە چەندین ساڵە نیشتووەو مرۆڤ هەر ئەوەندەی لەیەرەكانی تێكدا بەهۆی رەشەباوە بڵاودەبێتەوە، بەڵگە بۆ ئەمە ئەوە بووە لەپێش ساڵانی نەوەدەكاندا ئەم خۆڵبارینە نەبووە».
نەبیل موسا ئەوەشی روونكردەوە گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕینی كەشوهەوا گەیشتووەتە ئاستێك كە چارەسەری كرداری زۆر راستەقینەی دەوێت لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە، وتیشی:» كەسە كاربەدەستەكان كە لەماڵەكەی خۆیاندا پڕ تەكنەلۆژیایە هیچ كێشەیان لە پیسبوونی ژینگە و دەوروبەرەكەیان نییە».
بەپێی پسپۆرانی ژینگە ئەم خۆڵبارینە بەخۆڵبارینێكی وەرزی وەسف دەكەن.
ئامانج عومەر، بەڕێوەبەری رێكخراوی ژینگەیی سەوز، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» هۆكاری سەرەكی گۆڕینی كەشوهەوایە، كە دەبێتە هۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر لەو تەپوتۆزە لە بیابانەكانەوە بگاتە ئەم ناوچانەی ئێمە، چونكە گۆڕانی كەشوهەوا ئاراستەی باو خیرایەكی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو وایكردووە ناوچەیەكی فراوانتر بگرێتەوە».
ئەم بەڕێوەبەرە وتیشی:» كاریگەری بۆ سەر ژینگە دەبێت كە لەسەر گەڵاكان دەكەوێت و رێگری لە گەشەی كەڵای دارەكان دەكات و دەیوەستێنێت، كە ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر رووبەری سەوزایی شارەكان و سروشت بە گشتی».
ئەوەشی روونكردەوە كە گاریكەری بۆ سەر دانەوێڵەش جێدەهێڵێت و وتی:» ئیستاش كە وەرزی دانەوێڵەیە كاریگەری لەسەر دەبێت بەتایبەت كە بمێنێتەوە و باران نەبارێت، گەشەیان كەمدەبێت».
ناوبراو بەپێویستی زانی باسی لایەنە باشەكانی خۆڵبارینیش بكات بۆ ژینگە و وتی:» لایەنە باشیەكانی ئەوەیە هەندێك تایبەتمەندی لەخاكدا هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ خاكێكی دیكە كە لەوانەیە بەو شێوەیە نەبێت، دەستنەكەوێت بۆ دەستكەوتنی خاكی بەپیت وەك كانزاكان و توخمەكان لە رێگەی ئەم خۆڵەوە دەگوازرێنەوە».