بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم دهۆكییەكان دڵخۆش دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەشوباتی 2022 بەمەرسومێك لەسەدا 60ی سزای  پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسە سزادراوەكەی بادینانی كەمكردەوەو دانیشتوانی دهۆكی دڵخۆش کرد.
زیندانیانی بادینان لەمانگی ئەیلول و تشرینی یەكەمی 2020 لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركران، نزیكەی 20 مانگە لەزینداندان و تائێستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی ئازادكراون. 
ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسەی بادینان رۆژی 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە « تاوانی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی»، هەریەكەیان بەسزای شەش ساڵ زیندانكردنیان بەسەردا سەپێنرا و ئەو بڕیارەش كاردانەوەی ناوخۆیی و بیانی لێكەوتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا 60% بۆ پێنج چالاكوان و سزادراوەكەی بادینان دەركردو بەو پێیە بێت تاچەند مانگێكی دیكە هەموویان ئازاد دەكرێن.
رێڤینگ یاسین، پارێزەری زیندانیانی بادینانە، نیشتەجێی شاری دهۆكە بە هاوڵاتى وت: «دەركردنی بڕیاری لێخوشبوون بۆ زیندانیانی بادینان بە رێژەی 60% لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی باش بوو و ئێمە پێشوازی لێدەكەین، هەرچەندە لەناوەرۆكی بڕیارەكە ستەم لەشێروان شێروانی كراوە، ئەویش لەبەرئەوەی رێژەی لێخۆشبوونی 50% بۆ ئێمە ئەوە جێگای پرسیارە تائێستا روون نیە بۆچی تەنها بۆ ئەو رێژەكە 50% «.
«بەدڵنیاییەوە پێویست بوو بڕیاری ئازادكردنی یەكجارەكی بۆ ئەوان دەركرابا چونكە دادگاییكردنی ئەوان دروست نەبوو و هیچ دادوەری تیادا نەبوو، حەزمان دەكرد رێژەی لێخوشبوون 100% بۆ هەمووان بێت بەبێ جیاوازی، بەڵام بڕیارەكەش خراپ نیە، هیوادارین بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و لەكاتی كۆتایی هاتنی ماوەی زیندانی كردنیان ئازاد بكرێن « رێڤینگ یاسین وادەڵێت .
هەروەها زێدان، برای گۆهدار زێباری لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە كەیسەكەیان هەر لەسەرەتاوە سیاسی بووەو هیچ تاوانێكیان نەكردووە، وتیشی:» بەدڵنیاییەوە بڕیارەكە هی دادگا نەبوو، بەڵكو بڕیارێكی شەخسی بوو، بڕیارەكە رەنگەندانەوەیەكی گەورەی لەناوەندەكانی جیهان دروستكردو هەموو لایەك هاتنە سەرخەت «.
«بەفەشاری كۆمەڵێك رێكخراوی ناوخۆو دەرەوە و كونسوڵخانەكانی ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەوان دەركرد بە رێژەی 60% ، دەبوایە هەر لە رۆژی یەكەم هەموو ئازادكرابان، چونكە ئەوانە بێتاوانن»، زێدان برای گۆهدار زێباری وادەڵێت.
بەشێك لەهاووڵاتیانی دهۆك سەرەڕای ئەوەی دەڵێن بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم باشە، بەڵام پێیانوابوو دەبوو زووتر بیدایە.
ساڵح زاهێر زێباری، مامۆستای ئامادەیی و چالاكوان لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بۆهاوڵاتى پێیوابوو كە پرسی زیندانیكراوانی بادینان و سزادانیان و دواتر لێخۆشبوونیان بەڕێژەی نیوە كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی بەجێهێشتووە لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم و عێراق «.
 ساڵح زاهیر وتیشی :»بڕیاری سەرۆكی هەرێم لەسەر كەمكردنەوەی ماوەی سزادانی گیراوانی بادینان بە رێژەی 60% پێویست بوو زووتر دەركراباو زۆر دواكەوتووەو لەجیاتی ئەم بڕیارە پێویست بوو بڕیاری لێخۆشبوونی تەواوی بەمەرسومێكی تایبەت درابا، كەئەمەش لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمە ، پێویست بوو بڕیاری ئازادكردنی هەموو سزادراوانی بادینان دەربكرێت «.
كاسبكارێكی شاری دهۆك ئەوە دەخاتەڕوو كە دوای راگەیاندنی بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سزادراوانی بادینان زۆر دڵخۆش بووە.
كاوار خورشید وتی:»هەرچەندە زیندانیانی بادینان خزمم نین، بەڵام لەكاتی بیستنی بڕیاری لێخۆشبوونی زیندانیان دڵخۆش بووم، چونكە زۆر ناخۆشە ماوەیەك لەزیندان بی و هیچ تاوانێكت نەكردبێت «.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار