كورد ئەنفالی هەیە، بەڵام...!
د. هێرش رەسوڵ
3 ساڵ لەمەوپێش
د. هێرش رەسوڵ
نامەوێ لەم دەرفەتە بچوكەدا سەرتان بە لێدانەوەی قەوانە سواوەكان دەربارەی پرۆسەی بەجینۆسایدكردنی كورد بیەشێنم، ناشمەوێت لە ساڵیادی ئەم تاوانە گەورەیەدا كار لەسەر ژێی هەست و سۆزتان بكەم، بەڵكو گەرەكمە لێرەدا تەنها چەند راستییەكی تاڵ بخەمەڕو. پاش تێپەڕبونی ۳٤ ساڵ بەسەر پرۆسەی كۆمەڵكوژیی ئەنفال و پاكتاوی نەژادیی كورد، لەو مێژوەش، دوای ۳۱ ساڵ لە ئازادیی و حوكمڕانیی كوردیی، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا نەمانتوانیوە لە ئاست گەورەیی كارەساتەكەدا بین..
چونكە: - وەك پێویست و لەسەر ئاستی جیهان ئەنفال بە جینۆساید نەناسێنراوە! (دیارە ناساندن بریتییە لە بە رەسمیی ئاگاداربون، دانپیانان، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی، رێگرتن لە دوبارەبونەوە)، لەمڕوەشەوە لێپرسراوێتیی یەكەم دەكەوێتەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. - گوتاری سیاسیی كوردیی روبەڕوی دەرەوەی خۆی ئەوەندەی گریان و كروزانەوە بوە لە پێناو بەزەییپێداهاتنەوە و راكێشانی هەست و سۆز بە قەد ئەوە كاری جددیی و شێلگیرانە نەبوە لەپێناو دروستكردنی تێگەیشتنێكی لۆژیكیی لە بەرژەوەندیی تاوانەكەدا.
- تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم و حزبەكانی كوردستان، نەك جاش و مستەشارانی تۆمەتبار بە هاوكاریی بەعس لە پرۆسەی ئەنفال-یان نەداونەتە دادگا، بەڵكو هەندێكیشیان داڵدەداون! - ئەو ناوچانەی هەڵمەتە جیاوازەكانی ئەنفال گرتبونیەوە، هێشتا وەك پێویست خزمەتگوزاریی و پێداویستیی ژیانێكی شایستەیان نەگەیەندراوەتێ و شوێنەواری كاولكاریی و ماڵوێرانیی بە سیمایانەوە دیارە.
- دۆخی بەجێماوانی ئەنفال تا بە ئێستاش دەگات بارودۆخێكی ناهەموارە و كەسوكاری ئەنفالكراوان پێویستییان بە دەستگیرۆیی زۆری مادیی و مەعنەویی و دەرونیی هەیە. - لە روی ئەكادیمیی و زانستییەوە، هێشتاش وەك ئەوەی پێویستە توێژینەوە و بەدواداچونی جددیی لەسەر ئەنفال و رەهەندە جیاوازەكانی نەكراوە. - كایەی پەروەردەمان، تا هەنوكەش لە ئاست پێویستیی ناساندن و بەرجەستەكردنی كارەساتەكە بۆ نەوە یەكلەدوایەكەكانی كورددا هەنگاوی ئەوتۆی نەناوە و نەیتوانیوە رۆڵی راستینەی خۆی بگێڕێت.
- بواری هونەر و رۆشنبیریی كوردیی نەكاراوە ببێتە نمایندەی شارستانیی گەیاندنی واقیعی تاڵی ئەوێ رۆژێی كورد، تاكو دنیا لە رێگەی شاكارە سینەمایی و درامیی و ئەدەبیی و ... یەكانەوە ئاشنای كورد و دۆزەكەی بێت. - راگەیاندنی كوردیی تا ئێستاش نەیتوانیوە كاری جددیی لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە بكات و لە رێگەی راپۆرت و بنكۆڵكاریی و بەڵگەفیلم و بابەتەكانی ترەوە ئەنفال و تراژیدیاكانی دیكەی كورد لە یادەوەریی و خەیاڵدانی تاكی كورد لە كاڵبونەوە بپارێزێت.