ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و مەترسیەکانی بەغدا لەسەر قەوارەی هەرێم
حامد محەمەد عەلی
3 ساڵ لەمەوپێش
حامد محەمەد عەلی
من وائەزانم کورد ئەگەر یەکدەنگ و یەک ماڵ بێ چ لەهەرێم و چ لەبەغدا، ئەوەندە مەترسی و تحدیاتەکان کاریگەرییان کەمتر دەبێتەوە و قەوارەی هەرێم پارێزراوتر دەبێ .
ئەم ململانێیەی ئێستای پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرکۆمار، بەڕاستی ئەوەندەی تر ناوبانگی کوردی لەبەردەم دۆست و ناحەزەکانی هەرێم هێناوەتە خوارەوە.
خۆئەگەر شیعە رێککەون لەنێوان خۆیاندا بەر لەڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، ئەوە کورد ناچارە دوایان کەوێ و درێژە بە بەشداری لەپرۆسەی سیاسی بدات و وەک ساڵی ٢٠١٨ پارتی و یەکێتی رکابەری نێوانیان بەدوو کاندید یەکلا بکەنەوە ، لەهەمووحاڵەتێکیشدا چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەبایی بۆ نێوماڵی کورد بەو خێراییە ناکرێ.
بەڵام ئەگەر پێش شیعە دوو هێزە کوردیەکە بگەنە رێککەوتنێکی باش، ئەوە دیارە کورد لەپێگەیەکی باشدا دەبێ و قەوارەی هەرێمیش بەرەو لەرزۆکی ناچێ .
ئێستا روونە کە ناکۆکی ئەم دوو هێزە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار چ رەنگدانەوەیەکی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان لەکوردستان، هەیە .
باوەڕبکەن ئەگەر ئەو ناکۆکییە لەبەغدا بەو شێوە قووڵ نەبوایەتەوە، ئێستا لێرەش لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەمواری یاساو کاراکردنەوەی کۆمیسێونی هەڵبژاردنەکان ، ناکۆکییەکان ئەوەندە توند نەدەبوون و شەڕی راگەیاندن نەدەگەیشتە ئەو ئاستە کەهەردوولا بەدوای عەیب و عاری یەکتردا بگەڕێن.
بۆیە من پێم وایە تا ئەو ناکۆکیەی نێوان دوو بەرەکەی شیعە بەردەوام بێ و ئەو چەقبەستنە سیاسیەی عێراق درێژەی هەبێ ، ئەوە ناکۆکییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان ، بەتایبەت پارتی و یەکێتی ، قووڵتر دەبێتەوەو هەڕەشەو مەترسیەکانی سەر قەوارەی هەرێم گەورەتر دەبن.
لەبەرئەوە من هیچ بەدووری نازانم کە درێژەدان بەناکۆکی نێوان شیعەکان، جۆرە سینارێو یان پلانێک بێت بۆ تێکدانی زیاتری رەوشی هەرێم و زەمینەسازی بۆ هەنگاوی ترسناکتر لەدژی قەوارەی هەرێم.
بۆ رێگری لەو مەترسیە ، ئێستا ڕۆژی دەسپێشخەری و لەخۆبوردەیی و دەسهەڵگرتنە لەبەرژەوەندی حزبی و گرۆیی ، لەڕقی ئەستورو بوغز، لەپێناو کوردو کوردستاندا.
بەکورتی دەمەوێ بڵێم درێژەدان بە کۆی ناکۆکییەکانی نێوان کوتلە سیاسییەکان لەبەغدا ، ئەوەندە مەترسییە بۆسەر ماڵی کوردو کوردستان ، دەیەکی ئەوە مەترسی نیە بۆ سەر ماڵی شیعەو عێراق.