ئێران؛ نەخۆشیی وڵاتان چارەسەر دەكات‌و گیرۆدەی گرانیی دەرمانە

باڵیۆزی ئێران لەعێراق: هەر گەشتیارێكی عێراقی 500 بۆ سێ هەزار دۆلار لەئێران خەرج دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى


ئێران بە 19یەمین وڵاتی پزیشكیی جیهان ئەژمار دەكرێت رووبەڕووی كێشەی بەرزیی نرخی دەرمان بووەتەوەو بەجۆرێك نرخی هەندێك دەرمان بۆ شەش هێندە بەرز بووەتەوە.
 بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن بەقاچاخبردنی دەرمان بۆ ئەفغانستان و عێراق كێشەی گەورەی بۆ وڵاتەكەیان دروست كردووە.
قاچاخی دەرمان لەئێرانەوە بەرەو عێراق و ئەفغانستان لەكاتێكدایە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن عێراقی و ژمارەیەكیش لەدانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گەشت و چارەسەری تەندروستیی روو لەئێران دەكەن .
بەوتەی بەرپرسانی ئێران هەر گەشتیارێكی عێراقی 500 بۆ سێ هەزار دۆلار خەرج دەكات كە بەشێكی بۆ چارەسەری تەندروستییە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران نزیكەی 500 هەزار نەخۆشی وڵاتەكە پێویستیان بەچارەسەرو دەرمانە لەدەرەوەی وڵاتەكە، بەڵام سزاكانی ئەمریكا بووەتە بارگرانیی لەسەرشانی ئەو نەخۆشانە و حكومەتیش بودجەی تەرخانكراوی هاوردەكردنی دەرمان و كەرەستەی پزیشكیی بۆ دوو ملیار دۆلار كەمكردووەتەوە.
بەڕێوەبەری رێكخراوی خۆراك و دەرمان لەئێران ئاشكرای كردووە؛ نرخی دەرمانی هاوردەكراو لە وڵاتەكە شەش هێندە بەرزبووەتەوە و نرخی دەرمانی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی 30% بۆ 100% بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی ئێران لەهەر سێ هاوڵاتیی وڵاتەكە یەك كەس بەهەژار ئەژمار دەكرێت واتە لە كۆی 84 ملیۆن كەس 28 ملیۆن لەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە، ئەگەرچی ئامارە جیهانییەكان دەڵێن 60 ملیۆن دانیشتوای ئێران بەهۆی دۆخی خراپی ئابورییەوە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، بۆیە لە رووی خۆراك و تەندروستییەوە مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە.
بودجەی تەندروستیی ئێران بۆ نیوە كەمدەكرێتەوە
ئێران لە رابردودا ساڵانە بە بڕی زیاتر لەچوار ملیار دۆلار ئامێری پزیشكی و دەرمانی بۆ وڵاتەكەی هاوردە كردووە و ئەو بڕە پارەیەش وەك بودجە بۆ وەزارەتی تەندروستیی تەرخان دەكرا، بەڵام لەساڵی 2022 بودجەكە بۆ نیوە واتە دوو ملیار دۆلار كەمی كردووە.
بەهرام دارایی بەڕێوەبەری ناوەندی خۆراك و دەرمان لەئێران بەئاژانسەكانی هەواڵی وڵاتەكەی راگەیاندوە؛ بودجەی دەرمان و ئامێری پزیشكی بەهۆی سزاكانی ئەمریكا لەئێران كەمی كردووە و ئەوەش زیانی گەورەی بە 400 هەزار نەخۆشی وڵاتەكە گەیاندووە كەكێشەی تەندروستیی درێژخایەنیان هەیەو پێویستە هەندێك لەدەرمانەكانیان لەدەرەوەی وڵاتەكە هاوردە بكرێت.
بەقاچاخبردنی دەرمانی ئێران بۆ عێراق
بەپێی راپۆرتێكی ئەنجومەنی پسپۆڕانی پزیشكیی ئێران؛ هەرزانبوونی دەرمان لەئێران بەراورد بەوڵاتانی دراوسێی وەك عێراق و پاكستان و ئەفغانستان وای كردووە ساڵان 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلار دەرمان كە 80%ی هاوردەی دەرمانە بۆ ئێران، بەقاچاخ رەوانەی وڵاتانی دراوسێ بكرێتەوە، بۆیە دەبێت نرخی دەرمانەكان لەناوخۆی وڵاتەكە بەرزبكرێتەوە تا بەرەو ئەو وڵاتە نەبرێن.
لە راپۆرتەكەدا روون كراوەتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو دەرمانانەی كە لەوڵاتانی جیهانەوە هاوردەی ئێران دەكرێن بەدۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنی دەكڕدرێن زۆر ئاساییە بەنرخی دۆلاری نزیكەی 30 هەزار تمەن رەوانەی وڵاتانی دراوسێ بكرێنەوەو هاوڵاتییانی ئێرانیش زیانمەندی یەكەمی ئەو بابەتە بن.
ساڵی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستیان بەسەر 19 كۆنتێنەر دەرمان و كەرەستەی پزیشكیدا گرت كە لەئێرانەوە رەوانە وڵاتەكە كرابوون و بەوتەی بەرپرسانی ئێرانیش زیاترین دەرمان لەو وڵاتەوە بۆ ئەفغانستان و عێراق بەقاچاخ و لە رێگەی نایاساییەوە هەناردە دەكرێت.
هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان لەئێران
بەهرام دارایی سەرۆكی رێكخراوی خۆراك و دەرمانی ئێران بە رۆژنامەی (هەمشەهری) وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ نرخی ئەو درەمانانەی بە ناچاریی لەدەرەوە هاوردەی ئێران دەكرێن شەش هێندە بەرز بوونەتەوە چونكە نرخی دۆلار لە وڵاتەكەدا بەرزەو ئەو دەرمانانەش بەدۆلار دەكڕدرێن و حكومەتیش لەساڵی رابردودا بڕی 700 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوردەكردنی دەرمان تەرخان كردووە.
هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەرمانە هاوردەكراوەكانیش، ئەو دەرمانانەی تەنانەت لەناوخۆی ئێران بەرهەم دەهێنرێن هەر بە بیانوی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە 30% تا 100% گران كراوە لە كاتێكدا لەماوەی یەك ساڵدا نرخی 460 دەرمان لە جیهاندا تەنها 5% بەرزبووەتەوە و ئەوەش ئاماژەیە كە ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبوونەوەی نرخەكان لەئێران هەمو پێوەرە جیهانییەكانی تێپەڕاندووە.
یەكێتی هاوردەكانی دەرمان لەئێران ئاشكرای كردووە بەهۆی ئەوەی لە بودجەدا بە ناوی چاكسازیی و رێكخستنەوەی نرخی دەرمان بڕیار دراوە لە كەمكردنەوەی هاوكاریی و تەنانەت لابردنی ئەو دۆلار حكومییەی كە بەچوار هەزار و 200 تمەن دەگاتە دەستی بازرگانەكان و كۆمپانیاكانی هاوردەی دەرمان كاریگەریی لەسەر دەرمان لە ناوخۆی وڵاتەكەوە هەبوە چونكە ئەو ناوەندانەشی لە ناوخۆدا دەرمان بەرهەم دەهێنن پێویستان بە هاوردەكردنی ئامێر و كەرەستە و ماددەی كیمیاییە كە ئەوەش بە دۆلاری نزیكەی 30 هەزار تمەن زیانیان پێدەگەیەنێت.
بەوتەی ئەندامێكی ئەو یەكێتییە ناوەندەكانی بەرهەمهێنانی دەرمان لەترسی هەنگاوەكانی حكومەت بەرهەمهێنانی هەندێك دەرمانیان راگرتووە بۆ ئەوەی خۆیان لەزیانە ئابورییەكان بپارێزن كە ئەوە زیان بەتەندروستیی گەشتیی و ئەو نەخۆشانە دەگەیەنێت كە پێویستییان بەدەرمانە.
لەلایەكی دیكەوە وتەبێژی ناوەندی بەرنگاربوونەوەی قاچاخی كاڵا و شتومەك لەئێران ئاشكرای كردووە؛ ساڵانە بە بەهای یەك ملیار دۆلارو كەرەستەی پزیشكی و دەرمان لەو وڵاتەوە بە قاچاخ رەوانەی وڵاتان دەكرێت و داهاتەكەشی بۆ مافیایەكی گەورەی ناوخۆی وڵاتەكەیە.
ئاماژەی بەوە كردووە ئەو كەرەستە پزیشكییە هەستیارو بەنرخانەی كە بەدۆلاری هەرزان و حكومیی لەدەرەوە دەكڕدرێن پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانەكانی ئێران بەقاچاخ رەوانەی وڵاتانی دیكە دەكرێن و یان لەبازاڕی رەشی ناوخۆی ئێران بەتایبەت لەتارانی پایتەخت ساغ دەكرێنەوە و دەفرۆشرێن، نەخۆشخانە حكومییەكانیش ناچارن ئامێری كۆن و بەكارهاتوو بەكاربهێنن كە ژیان و گیانی نەخۆشەكان دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوەش كردووە ئامێری كۆنی پزیشكی لە وڵاتانی دراوسێ دەكڕدرێت و بەناوی ئامێری نوێ رادەستی نەخۆشخانەكان دەكرێت ، ئەو كارەش بە بێ بوونی بەرپرسانی باڵاو مافیای پزیشكیی لەئێران ناكرێت.
ئاستی زانستی و پزیشكیی ئێران
ئێران لە رووی پزیشكی ئەزمونی و چارەسەری سروشتییەوە دوای هندستان و چین و ئەمریكا چوارەم وڵاتە لە جیهاندا كە تواناكانی لەو بوارەدا گەشە پێداوە.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان هەڵكەوتەی ئێران لە رووی جوگرافییەوە وای كردووە زیاترین دەرمان و چارەسەری سروشتیی لەو وڵاتە بەدی بكرێت بە جۆرێك وڵاتەكە خاوەنی دو هەزار و 300 جۆر گژ و گیان و گوڵە كە بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی و تەندروستیی بەكار دەهێنرێن.
ئێران لە ساڵی 2021 توانیویەتی ئاستی زانستیی خۆی لە جیهاندا بەرز بكاتەوە و بە پێوەرە زانستی و نێودەوڵەتییەكانی ئاستی زانستیی ئەو وڵاتە دەكەوێتە ریزبەندی 15 لە نێوان 200 وڵاتی جیهاندا.
هەر لەو ساڵەدا پلەی زانستی پزیشكیی ئەو وڵاتە لە 54 بۆ 19 بەرزبوەتەوە وڵاتە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا ئێران 19یەمین وڵاتی جیهانە لە رووی پزیشكییەوە و بەم پێیە لە ریزی وڵاتانی پێشكەوتووی پزیشی ئەژمار دەكرێت.
ژمارەی دانیشتوانی ئێران كە دەكاتە 1% كۆی دانیشتوانی گۆی زەوی، پشكی بەرهەمهێنانی زانستیان گەیشتوەتە 2% و ئەوەش وای كردووە ئەو وڵاتە بە یەكێك لە سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی زانست لە جیهاندا ئەژمار بكرێت.
لەئامارەكانی ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە لە ماوەی 42 ساڵدا ژمارەی زانكۆكانی ئەو وڵاتە گەیشتوتە  دوو هەزار و 640 زانكۆ و ژمارەی خوێندكارانی زانكۆش لە 170 هەزارە بۆ سێ ملیۆن خوێندكار بەرز بووەتەوە و ئەوەش هۆكارێكی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستیی وڵاتەكەیە.
ئێران بە یەكێك لەبەرهەمهێنەرانی دەرمان لە جیهان ئەژمار دەكرێت و پلەی جیهانیی ئەو وڵاتە لە رووی بەرهەمهێنانی دەرمانەوە 16ەیە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاوی كردوەتەوە 450 كۆمپانیا لە وڵاتەكەدا هەیە كە 550 پێداویستیی پزیشكیی بەرهەم دە‌هێنن.
سەندیكای دەرمانسازان لە ئێران ئاماژەی بەوە كردووە؛ تاسەرەتای ساڵی 2022 توانیویانە 74%ی دەرمانی پێویست لەناوخۆی وڵاتەكەدا بەرهەم بهێنن و بەوەش بە بەهای  665 ملیۆن دۆلار دەرمان كە پێشتر لە دەرەوە هاوردە كراوە لەناوخۆی وڵاتەكە بەرهەم هاتوە.
زیاترین گەشتیارانی عێراق بۆ چارەسەری تەندروستیی روو لە ئێران دەكەن
توانا پزیشكییەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەرچاوە و بە وتەی بەرپرسانیش لە 80 وڵاتی جیهانەوە گەشتیار بە مەبەستی چارەسەری تەندروستیی رو لەو وڵاتە دەكەن كە بە گەشتیاریی تەندروستی (Medical Tourism) ناسراوە و لە ناو گەشتیارانی عێراق بۆ ئێراندا ژمارەیەكی زۆریان بەمەبەستی چارەسەری تەندروستیی روو لە ئێران دەكەن.
لەئامارەكانی گەشتیارانی تەندروستیی ئێراندا دەركەوتووە عێراقییەكان لە رووی ژمارەوە لە ریزبەندی یەكەمدان كە بەمەبەستی چارەسەری تەندروستیی روو لە ئێران دەكەن و دوای ئەویش زیاترین گەشتیاری كوەیت و ئیمارات بەو مەبەستە رو لە ئێران دەكەن.
ساڵی 2017  زیاتر لە سێ ملیۆن و 165هەزار هاوڵاتیی عێراقی بە مەبەستی گەشت روویان لەناوچەكانی ئێران كردووە كە ژمارەی گەشتیاران بەراورد بەساڵی 2016 نزیكەی 21% زیادی كردوە بە وتەی بەرپرسانی ئێرانیش زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی عێراقی بۆ وڵاتەكە لە ئەنجامی ئاسانكاریی پزیشكی و دەرماندا بووە بۆ گەشتیاران.
ئیرج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لەعێراق رایگەیاندووە هەر گەشتیارێكی عێراقی 500 بۆ سێ هەزار دۆلار لەئێران خەرج دەكات و ئەوەش مایەی گرنگی پێدانی گەشتیارانی عێراقە بۆ وڵاتەكە و دەبێت ئاسانكارییان بۆ بكرێت.
سەرۆكی بەڕێوبەرایەتیی گەشتیاری لەئێران رایگەیاندووە لەساڵێكدا زیاتر لە 800 هەزار گەشتیاری وڵاتانی جیهان بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی روویان لەئێران كردووە و زۆربەی ئەو گەشتیارانەشی كە بەمەبەستی تەندروستیی روویان لەئێران كردووە هاوڵاتییانی عێراق بوون.
دابەزینی بەهای تمەن و جوانكاریی هۆكاری زیاترین گەشتە بۆ ئێران
ئەگەرچی ئاستی زانستی پزیشكیی ئێران لەجیهاندا بەرچاوە بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەكان زیاترین هۆكاری گەشت دوای بابەتی ئاینیی، جوانكاریی بووە لەئێران چونكە نرخی نەشتەرگەرییە جوانكارییەكان لەئێران بەراورد بە وڵاتانی جیهان و تەنانەت هندستان كە یەكێك لەو وڵاتانەی كەمترین نرخی نەشتەرگەریی پزیشكیی هەیە زۆر كەمترە بۆ نموونە جوانكاریی لوت لەئەمریكا چوار هەزارو 500 دۆلارەو لەهندستان دوو هەزار دۆلارە بەڵام لە ئێران 500 دۆلارە.
نرخی زۆربەی نەشتەرگەرییەكان لەئێران بۆ گەشتیارانی جیهان نرخێكی هەرزان و گونجاوە لەگەڵ ئەوەی ئەگەری سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكانیش لەو وڵاتە بەرزە بۆ نموونە نەشتەرگەرییەكی كراوەی دڵ لەئەمریكا 150 هەزار دۆلارەو لە هندستان نۆ هەزار و 500 دۆلار بەڵام لەئێران حەوت هەزار دۆلارە لەكاتێكدا بەپێوەرە پزیشكی و نێودەوڵەتییەكان ئەگەری رێژەی سەركەوتنی ئەو نەشتەرگەرییە لەهەرسێ وڵاتە نزیكە لە یەكترەوە.
نرخی زۆربەی نەشتەرگەرییەكانی ئێران بەراورد بەئەمریكا 800% هەرزانترەو ئەوەش وایكردووە هەندێك هاوڵاتیی ئەمریكا بەنهێنی روو لەئێران بكەن بەمەبەستی نەشتەرگریی كە هەندێكجار ئەو بابەتە دەبێتە مایەی سەرنجی میدیاكانی جیهان بەتایبەت كە لە ساڵانی رابردودا لەساڵی 2016 پۆرنستارێكی ئەمریكی بەمەبەستی جوانكاریی رووی لەئێران كردو دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی وێنەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوەو ئاشكرای كرد ژمارەیەك نەشتەرگەریی جوانكاریی لەئێران بۆ كراوە بەنرخێكی هەرزان و ئاستێكی پزیشكیی باش لەتارانی پایتەخت.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار