سلێمانی؛ لەچاوەڕوانیی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێمدا
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
نزیكەی مانگێكە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدەن لەكەمبوونەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لەناوەندە تەندروستیەكانداو بۆ چارەسەركردنیشی چاوەڕێی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم دەكەن تا بودجەیان بۆ دابین بكات.
دایكی دییە جەلالەدین، لەنەخۆشخانەی منداڵان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە لەگەڵ ئەوەی دۆخی زۆر خراپی كچەكەی، بەڵام نەبوونی دەرمانی پێویست وای كرد كە بەناچاری بیگوازمەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان لەكاتێكدا دۆخی داراییان باش نییە، وتیشی:» 500 هەزار دینارمان خەرج كردووە تەنها بۆ دەرمان و پشكنینەكان».
پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كێشەی كەمی دەرمان بەردەوامە و گرفتی گەورەی بۆ دروستكردوون، وتیشی:»نەخۆشێكی زۆر سەردانمان دەكەن بەداخەوە ئێمە ناچار دەبین بۆ كڕینی دەرمان بیاننێرینە دەرەوەی نەخۆشخانە».
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لەسلێمانی باسی لەوەشكرد كە لەئێستادا داواكارییەكانیان لای ئەنجومەنی وەزیرانەو دەبێت چاوەڕێی ئەوان بن بۆ وەڵامدانەوە و چارەسەری بارودۆخەكە.
هاوكات سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی راگەیاندنی تەندروستی گشتی سلێمانی باسی لەوەكرد لیژنەكەی وەزارەتی تەندروستی سەردانیان كردوون و داواكاریەكانی خۆیان پێگەیاندوون و بەرزكراوەتەوە بۆ وەزیری تەندروستی و دەشڵێت:» ئێستا چاوەڕوانین بزانین ئەنجومەنی وەزیران كەی كۆدەبێتەوە لەسەر ئەوەو كەی بڕیار دەدات».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد بەو هۆیەوە سەرجەم نەشتەرگەرییە ساردەكان لەنەخۆشخانەكاندا وەستاون و تەنیا حاڵەتە گەرمەكان نەشتەرگەری و چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت.
لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستانیش لەهەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشەی دەرمان لەپارێزگاكەو پەرلەمانتارێك دەڵێت:» كێشەكە تەنیا پەیوەندی بەدۆخی داراییی حكومەتەوە هەیە».
جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» كێشەكە بەشێوەیەكی كاتی ناوە بەناوە چارەسەر دەكرێت، بەڵام كە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەگەری دووبارە بوونەوە و سەرهەڵدانەوەی هەر لەئارادایە».
جەختی لەوەشكردەوە لیژنەیەكی تایبەتیان پێكهێناوە و كاری لەسەردەكەن و ئەنجامەكان لەماوەیەكی كورتدا رادەگەیەنن.