گرژییەكانی نێوان یەبەشەو سوپای عێراق دەگاتە لووتكە

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

لەماوی دوو  رۆژدا چوار جار شەڕ لەنێوان ئاسایشی ئێزدیخان و سوپای عێراق روودەدات و شەڕەكە لەسەر خاڵێكی سەربازی ئاسایشی ئێزدیخان لەكۆمەڵگای دووگرێ سەر بەناحیەی سنون روویدا و دواتر فراوانتر بووەو سێ كەس لەسوپای عێراق برینداربوون لەگەڵ برینداربوونی دوو كەسی سڤیل.

كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە دووبارە شەڕ لەنێوان سوپاو یەبەشە لەناوچەكانی حەیالی ، سكێنیە و جیدالی سەر بەناحیەی گرعوزێر روویدا.

خودێدا ئەلیاس ، سەرۆكی ئەنجۆمەنی خۆسەری دیمۆكرات لەناحیەی سنونێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :» شەڕی نێوان سوپا و هەڤاڵانی یەبەشە لەسەر خاڵێكی یەبەشە روویداوە ، ئێواری  18ی نیسان ژمارەیەك لە سوپای عێراق بەرەو كۆمەڵگای دووگرێ بەڕێدەكەون كە ئامانجیان گرتنی ئەو خاڵەیە، پێشتر سوپای ئێمەیان ئاگادارنەكردووەتەوە» لەو خاڵە شەڕە قسە لەنێوان ئاسایشی ئێزدیخان و سوپا روودەدات ، ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەی خاڵەكە رادەستی ئەوان بكەن، ئاسایشی ئێزدیخانیش قبوڵیان نەكردووە ، سەرەتا سوپا تەقەیەیان كردووە دوای ئەوەی هەڤاڵانی یەبەشە بەرگرییان لەخۆیان كردووە».

خودێدا ئەلیاس وتیشی :» دوای زیاتر لەكاتژمێرێك شەڕ لەنێوانیاندا، كاتژمێر 12ی هەمان شەو ، لەگەڵ سوپا رێككەوتین ، بەڵام بەداخەوە سوپای عێراق رێككەوتنیان هەڵوەشاندەوەو ، بەرەبەیانی دوێنێ 19ی نیسان دووبارە هێرشیان كردە سەر خاڵێكی سەربازی ئێمە لەگرعوزێر ، هەڤاڵانی ئێمەش بەرگرییان لە خۆیان كرد ، تا ئەمرۆش شەڕ لەحەیالی ، باب شلو و دەوروبەری گرعوزێر بەردەوامە ، چەكی قورس وەكو هاوەن و دۆشكە بەكارهاتووە».

خودێدا ئەلیاس پێشیوابوو كە  ئەم رووداوە لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر ناوچەی بادینان دێت و حكومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی رێككەوتنكەی بەغداو هەولێر لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بكات، ئەمەش بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نیە.

هەروەها  فەیسەل عەفدو چالاكوان لە قەزای شەنگال دەڵێت  تا لەداعش رزگاربوون ئێستا تووشی بەڵایەكی دیكەبوون، وتیشی:» هەر ماوە ماوە توركیا ناوچەكانمان بۆردوومان دەكات و شەڕو ئاڵوزی لەنێوان سوپا و هەڤاڵانی یەبەشە روودەدات ، قوربانی هەموو ئەو رووداوانە هەر خەڵكی سڤیلن «.

هاوكات، خودێدا چوكی ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون پێیوابوو كە هەرجارێك توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێ لەناوچەكانی سنوری لە پارێزگای دهۆك ئەنجامبدات دەزانن شتێك لە شەنگالیش روودەدات وتیشی:» توركیا نایەوێت خەڵكی شەنگال ئیسراحەت بكەن، جەژن و خۆشی بە ئەنقسەت لێیان تێكدەدات، ئەمە هەمووی پلانی توركیایە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار