بەنداوەكانی هەرێم، لەچاوەڕوانیی بارانباریندا
وشكەساڵی لەگەرمیان راگەیەندراو گرتنەوەی ئاویش لەلایەن ئێرانەوە مەترسییەكان زیاتر دەكات
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
كەمی باران بارین لەهەرێمی كوردستان وای كرد وشكەساڵی لەگەرمیان رابگەیەندرێت و حكومەتی هەرێمیش بڕی حەوت ملیار دیناری تەرخان كردووە بۆ كەمبوونەوەی كاریگەرییەكانی ئەو وشكەساڵییە.
لەهەرێمی كوردستاندا 17 بەنداو بوونیان هەیە كە بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك گەورەترینیانن و دەڵێن بارانی دیكە نەبارێت گرفتی گەورە دروست دەبێت.
كۆچەر جمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەمانگی دوانزەی ساڵی رابردوودا بڕێك بارانی باش باری، لە مانگی یەكی ئەمساڵیشدا بڕێكی باش باران و بەفر باری، بۆیە هیوامان وابوو ئەمساڵ ریژەی ئاو لەدەریاچەكەدا زۆر باش بێت، بەڵام بەداخەوە لەمانگی شوبات و ئازاردا هیچ بڕێكی وا نەباری، تا ئەمڕۆش كە ناوەڕاستی مانگی چوارداین لەدوكان نزیكەی 300 ملم باران باریوە».
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە ئاستی دەریاچەكە بەراورد بەساڵی رابردوو كە نزیكەی لەسەدا 48ی تێدابوو، ئەمساڵ تەنها لە سەدا 41ی تیادایە.
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان وتیشی:»ئێستاش رۆژانە چەند سانتیمەترێك زیاد دەكات بەڵام زیادبوونەكە زۆر كەمەو لەوانەیە ماوەیەكی تر ئاستەكە بوەستێت و دواتر رۆژانە كەم ببێتەوە
كۆچەر جەمال، ئەوەشی دووپاتكردەوە گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكانی سەر زێی بچووك لەوڵاتی ئێران كاریگەری خۆی هەیە، چونكە لەسێ شوێن رێگەی بەئاوی زێی بچووك گرتووەو سێ بەنداوی لەسەر دروستكردووە.
هاوكات، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە بەپێی توانای گلدانەوەی ئاو لەبەنداوەكاندا، بەنداوی دەربەندیخان 50% ئاوی تێدایە، بەنداوی دوكان 41% و بەنداوی دهۆكیش 40%.
هەروەها باسی لەوەشكرد بەهۆی كەمیی بارانبارینەوە، لە دەڤەری گەرمیان بە فەرمی وشكەساڵی راگەێندراوەو بەشێكی دیكەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆك و بەشێك لەپارێزگای هەولێر مەترسیی وشكەساڵییان لەسەرە.
مامۆستایەكی زانكۆ و پسپۆرێك ئاماژە بەوە دەدات ئێران بەدروستكردنی بەنداو لەسەر رووباری زێی بچووك و سیروان ئاوێكی زۆر كەم بۆ هەرێم بەردەداتەوە.
عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆری بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاوو ژینگە، مامۆستا لەئاوی گەرمیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێران بۆ ماوەی سێ ساڵ دەچێت بەنداوەكانی تەواو كردووەو پرۆژەی گەورەی لەسەر هەردوو رووباری زێی بچووك و سیروان دروست كردووە بەئەمە كاریگەری زۆر گەورە لەسەر عێراق و هەرێم دروست بووە».
هەروەها باسی لەوەشكرد ئەم پرۆژانەی ئێران ئایندەی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر مەترسییەكی گەورەوە چونكە لە روباری سیروان نزیكەی سێ ملیار مەترسێجا ئاو دەگرێتەوەو واتە ساڵانە بە رێژەی لەسەدا 70 و ئاوی روباری زێی بچوكیش كە لەسەدا 50 ئاوەكەیان بەدەستدەگات ئێران دەتوانێت لەسەدا 40ی بگرێتەوە.
«دوو ساڵ وشكەساڵی لەسەر یەك كێشەیەكی زۆر گەورەیە، بۆیە گرتنەوەی رێرەوەكانیش لەلایەن ئێرانەوە ئەوەندەی دیكە كاریگەریەكەی زیادكردووە و مەترسی دەبێت لەسەر ئاسایشی خۆراك و ئاو لەهەرێمی كوردستان».
ئەم پسپۆرە لەبارەی مەترسیەكانی ئاوی ژێرزەوییەوە دواو وتی:» ئێستا خەڵكانێكی زۆر دەست بۆ ئاوی ژێرزەوی دەبەن، لەگەڵ ئەوەی حكومەتیش تائێستا یاسایەكی نیە بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو، بۆیە هەمووی پێكەوە دەبنە كێشەی كەمئاوی و رووبەڕوومان دەبنەوە».
پارێزەرێكی ئاو حكومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات كە پلانی پاراستنی ئاوی نییە و لۆمەی وڵاتانی دراوسێ دەكات.
رەنج عەتا، پارێزەری ئاو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»باسكردنی ئاوی عێراق و هەرێم پێكەوە گرێدراوە، چونكە ئاوەكەمان هاوبەشە، ئێمە نیوەی كەمی ئاوەكانمان لەدەرەوە بۆ دێت، واتە لەسەدا 40 بۆ 50 لەدەرەوەی عێراقەوە دێت».
ئەم پارێزەرە پێشیوابوو دەبێت بەڕێوەبردنی ئاو جددی بێت، بەو پێیەی دەست بگرن بەو لەسەدا 60ی لە هەرێمدا هەیە.
رەنج عەتا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» ئەوەی زۆر گرنگە تائێستا ئێمە پرۆژەی پاكژكردنەوەی ئاومان نییە، كەبەداخەوە دەیان پرۆژە و كۆمپانیای گەورەی بیانی هاتوون، كە نەدەبوو هەبوونایە، دەبوو حكومەت و كۆمپانیاكان پرۆژەیان هەبوایە بۆ ئەو ئاوانەی ئەمڕۆ هەن و پیسبوون بەزێراب وەك تانجەرۆ كە دەتوانین دووبارە پاكژبكرێتەوە و بەكاربهێنرێتەوە بۆ كشتوكاڵ و باخداری و یان ئاودانی سەوزاییەكانی شار».
جەختی لەوەكردەوە:» حكومەت خۆی پلانی نیە بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاوو پاراستنی، بۆیە لۆمەی ئێران و وڵاتانی دیكە دەكات كە سەرچاوە ئاوییەكانمان لێدەگرنەوە».
«سلێمانی شەش بۆكسی گەورەی ئاوی زێرابی هەیە ناتوانرێت سوودی لێوەربگرێت لەكاتێكدا لەهەموو دنیادا وایە بۆ كشتوكاڵ و باخداری سوود لەو ئاوانە وەردەگیرێت لەبری ئاوی شیرنی خواردنەوە»، رەنج عەتا وای وت.