رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی بە «قورس و مەحاڵ» دادەنرێت
نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دەداتە ئێزیدییەكان كە هەوڵی ئازاد كردنیان دەدەن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە ئێزیدییەكان كە هەوڵی ئازادكردنی رفێندراوانی ئێزیدی دەدەن، بەڵام بەرپرسانی نوسینگەی رزگاركردنی ئێزیدیان لەهەرێم و رۆژئاڤای كوردستان بە «قورس» وەسفی دەكەن.
حەوت ساڵ بەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان تێپەڕیوەو تائێستا لەكۆی شەش هەزارو 417 رفێندراوی ئێزیدی دوو هەزارو 700 چارەنووسیان نادیارە.
دوێنێ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە:»هەموو خوشك و برایانی ئێزدی دڵنیادەكەینەوە كە هەرچی رفێنراوێكی ئێزدی مابێت، هەموو هەوڵێك بۆ رزگاركردن و دیاریكردنی چارەنووسیان دەدەین.»
جەژنی چوارشەممەی سوور، یاخود جەژنی سەری ساڵی كوردانی ئێزدی، یەكێكە لەجەژنە دیارەكان كە هەموو ساڵێك لە مانگی نیسان دەكرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و لە پەرستگەی لالش بەچەندین رێوڕەسم بەڕێوەدەچێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی تەواوی مافی ئێزدییەكان، ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان، مسۆگەركردنی ئارامی و ئازادییەكانیان دەكات و دەڵێت: «بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان كار دەكەین».
حسێن قائیدی، بەرپرسی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە لەكۆی شەش هەزارو 417 رفێنراوی ئێزیدی توانیومانە سێ هەزار و 550 یان رزگاربكەن، بەڵام تا ئێستا نزیكەی دوو هەزار و700 دیكە ماون و رزگار نەكراون.
بەرپرسی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی وتیشی:» بەپێی زانیاریەكانمان ئەوانەی تا ئێستا رزگارنەكراون بەشێكی زۆریان لەكەمپی هۆلی رۆژئاوای كوردستانن و بەشەكەی تر لەناو وڵاتی عێراقدان و لەنێو ئەو ژنانەدان كە پێشتر سەر بەداعش بوون، لە عێراقیش زیاتر لەو ناوچانەن كە پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون».
حسێن قائیدی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەردەوامن لە رزگاركردنی رفێنراوان، ئاماری ئەمساڵیان ئامادە نەكردووە، بەڵام چەند كەسێك رزگاركراون، وتیشی:»ئێمە ناتوانین بچینە كەمپی هۆل و بەدوای رفێنراوانی ئێزیدی بگەڕێن، بەشێك لەو منداڵانە كە سەرەتا كەوتبوونە دەست داعش تەمەنیان سێ بۆ چوار ساڵ بووەو ئێستا تەمەنیان سەرووی 10 ساڵە، زمان و ئایین و هەتا سەرو سیماشیان گۆڕاوە، بۆیە ئازادكردنیان تاڕادەیەكی زۆر قورسە».
«راستە لە هەندێك ماوە ژمارەیەكی كەممان رزگاركردووە، بەڵام ئێمە خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كەوا ئێمە بەردەوام دەبین لە رزگاركردنی رفێنراوان تا هەموویان رزگاردەكەین»، بەرپرسی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی وای وت.
ئەندامێكی مەجلیسی ماڵی ئێزدییان لە رۆژئاڤاو وتەبێژی دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدی دەڵێت:» 411 كەسمان لە رۆژئاوا رزگار كردووە».
فاروق تۆزو مەمان، وتەبێژی دۆسیەی رفێنراوان لە رۆژئاڤای كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئەو411 كەسی ئازاد كراون 250 یان منداڵی كوڕو كچن، لەگەڵ 160 ژن، ئەوانەی بێسەروشوێنن ژمارەیان دوو هەزارو 850 كەسە، چارەنووسیان دیارنیە نازانین كوژراون یاخود لەژیاندا ماون».
هەروەها پێشیوابوو كە ئەوانەی بێسەروشوێنن دابەشبوون بەسەر وڵاتانی عێراق، توركیا، سوریا لەگەڵ چەند وڵاتێكی كەنداو، هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ رزگاركردنیان، وتیشی:»لێتان ناشارمەوە كە رزگاركردنیان زۆر قورسە».