كەشتیی رۆحەكان؛ ئێران لەسزاكانی ئەمریكا رزگار دەكەن
ئێران لەسەر زاری ئیبراهیم رەئیسی ئاشكرای دەكات كــەڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمریكا پەنای بۆ كەشتیی بێ ناونیشان بردووە بەمەبەستی ساغكردنەوەی نەوتەكەی و توانیویەتی بەو هەنگاوە 20 بۆ 30 ملیار دۆلار لەنەوتەكەی ساڵانە بە نهێنیی بفرۆشێت و ئەوەش وەك فرۆشتنی نەوت بە كەشتیی رۆحەكان ناو هێنراوە كە ژمارەیان نزیكەی 200 كەشتییە.
بڵاوكراوەیەكی ئەمریكا ئاشكرای دەكات ئێران خۆی لەسزاكانی واشنتۆن دزیوەتەوە و هەندێكجار بە نهێنی رۆژانە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەكان كردووە و لەساڵێكیدا زیاتر لە 22 ملیار دۆلاری دەستكەوتووە و زۆرترین نەوتیشی رەوانەی چین كردووە كە بەراورد بە سەردەمی پێش سزاكانی سەر كەرتی نەوتەكەی، هەناردەی نەوتەكەی بۆ چین زۆر زیاتر بووە.
بەرپرسانی ئێران حاشایان لەوە نەكردووە كە بەشێوازی خۆیان و بەخۆدزینەوە لەسزاكانی ئەمریكاو سزا نێودەوڵەتییەكان نەوتیان فرۆشتوە بەبێ ئەوەی نەوتەكەیان هەرزانفرۆش بكەن، ئەو بەرپرسانە جەختیان لەوە كردووەتەوە كە ئێران بازاڕی باشی بۆ نەوتەكەی لەجیهاندا دۆزیوەتەوە و سزاكان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر كەرتی نەوت و غازی وڵاتەكەیان نەماوە.
سزاكانی ئەمریكا لەسەر كەرتی نەوتی ئێران لە رابردودا هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی لە دو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل كەمكردووەتەوە بەڵام راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی ئێرانیش ئاماژەیە بەوەی ئەو وڵاتە بە نهێنیی خۆی نزیك كردووەتەوە لە بڕی ئەو نەوتەی كەپێش سزاكانی سەر كەرتی نەوتەكەی لەبازاڕەكانی جیهاندا بەئاشكرای دەیفرۆشت.
كەشتی رۆحەكانی ئێران مۆتەكەی سزاكان
بڵاوكراوەی واشنتۆن فری بیكن (The Washington Free Beacon)ی ئەمریكا ئاشكرای كردووە؛ ئێران بە سودوەرگرتن لەنزیكەی 200 كەشتیی نەوتهەڵگر خۆی لەسزا توندەكانی واشنتۆن دژی كەرتی نەوتەكەی دزیوەتەوەو لە رێگەی ئەو كەشتییانەوە نەوتەكەی لە بازاڕەكانی جیهاندا ساغ دەكاتەوە.
واشنتۆن فری بیكن لە راپۆرتێكیدا تایبەت بەساغكردنەوەی نەوتی ئێران بەنهێنی، ئاماژەی بەوەكردووە ژمارەیەك كەشتی زۆر كە زۆربەیان بیانین، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە بەكرێ نەوتیان پێ دەگوازرێتەوە بوونەتە فریادڕەسی نەوتی ئێران و ئابورییەكەی، چونكە ئەو كەشتییانە راستەوخۆ لەلایەن كۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن و ئەركدار كراون بە نهێنی و بە بێ ئالڵا و هیچ ئاماژەیەكی دیاریكراو نەوتی ئێران بگەیەننە دەست كڕیارەكانی.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە ئەو كەشتییانە كە ژمارەیان بە دیاریكراوی 182 كەشتییە، سەرجەم ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیان لەكاردەخەن و هیچ ئاڵاو ژمارەیەكی نێودەوڵەتیی بەكارناهێنن بۆ ئەوەی ناسنامەیان لە رووی نێودەوڵەتییەوە ئاشكرا نەبێت ئەوەش وەك رێگاچارەیەكە دژی سزا نێودەوڵەتییەكانی ئەمریكا لەسەر كەرتی نەوتی ئێران.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزو فایننەشاڵ تایمز و وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكا لەدوایین راپۆرتەكانی خۆیان سەبارەت بەنەوتی ئێران ئاشكرایان كردووە ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لە رۆژێكدا گەیشتوەتە زیاتر لەیەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل و هەندێكجاریش هەناردەی رۆژانەی نەوتی وڵاتەكە دوو ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.
فەرەیدون بەركێشلی، سەرۆكی پێشووتری دەستەی وەزارەتی نەوتی ئێران بۆ كاروباری رێكخراوی ئۆپیك و بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی وزەی ڤیەننا ئاشكرای كردووە ئاستی هەناردەی نەوت و سوتەمەنییەكانی دیكەی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان لەئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە ئەو ژمارەیە رەنگە لە راستییەوە نزیك بێت بەڵام هیچ ئامارێكی فەرمیی لە گواستنەوەی نەوتی ئێران لە رێگەی كشتیی رۆحەكان بڵاو ناكرێتەوە و ئامارەكان و ژمارەی راستەقینە ئاشكرا نابیت چونكە جوڵەو بڕی گواستنەوەی نەوت بەو كەشتییانە نهێنییە، بۆیە ئەو ژمارە و ئامارانە تەنها خەمڵاندنە.
چین زیاترین نەوتی لە ئێران كڕیوە
ئێران یەكێكە لەوڵاتە نەوتییەكانی جیهان بەڵام سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمریكا رێگربوون لەبەردەم دەوڵەمەندبون و گەشەی ئابورییەكەی، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرای كردوە ئەو وڵاتە سەرەڕای سەرجەم فشارە نێودەڵەتییەكان لەساڵێكدا بە بەهای 22 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتوە و رۆژانەش نزیكەی 850 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی چین كردووە.
لە ئامارەكانی ناوخۆی ئێرانیشدا دەركەوتوە تەنها لە یەك ساڵدا بە بەهای زیاتر لە 30 ملیار دۆلار نەوت فرۆشراوە بەبێ ئەوەی وردەكارییەكانی فرۆشی نەوتەكە ئاشكرا بكرێت، حكومەتیش وتوویەتی داهاتی فرۆشی نەوتەكە بۆ قەرەبوی كورتهێنانی بودجەو زیانەكانی رابردووی چاپكردنی زیاتری دراوی تمەن بەكارهاتووە.
ئەو ولڵاتە لە رابردوودا توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ بازاڕەكانی جیهان هەبووە و لە سایەی سزاكانەوە ئەو بڕە لە قۆناغێكدا بۆ 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمی كرد و بەوتەی بەرپرسانیش ئەو سزایانە داهات نەوت و غازی ئێرانی لە 113 ملیار دۆلاری ساڵانەوە بۆ 13 ملیار دۆلار كەم كردووە.
دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا ، ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە، رایگەیاند هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان بۆ نزیكەی سفر دادەبەزێنن بەڵام ئەو كات بەرپرسانی تاران رایانگەیاند ئەزمونێكی باشیان هەیە بۆ خۆدزینەوەی لەسزاكانی سەر كەرتی نەوت.
ئێران سێ ساڵە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوتەكەی هیچ ئامارێكی فەرمیی لەفرۆشتنی نەوتەكەی ئاشكرا نەكردوە بەڵام بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیاكانی چاودێریی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان، ئێران بەخۆدزینەوە لە سزاكان بەشێوازی خۆی زیاترین نەوتی لەبازاڕەكانی جیهاندا ساغ كردووەتەوە.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئیرنا-ی ئێران بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك ئاماژەی بەوە كردووە تەنها لە یەك ساڵدا بڕی 14 ملیار دۆلار نەوت بە چین فرۆشراوە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوە كردووە؛ لە سەرەتای ساڵی 2021 تا سەرەتای ئەمساڵ بڕی 337 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران رەوانەی بازاڕەكان كراوە و هەر بەرمیلێكی بەپێی نرخەكانی بازاڕ لە نێوان 56 بۆ 97 دۆلار فرۆشراوە.
ئێران سەرەڕای سزا توندەكانی ئەمریكا دژی كەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، رۆژانە بڕی زیاتر لە 850 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی وڵاتی چین كردووە.
لەساڵی 2018 دوای كشانەوەی واشنتۆن لە رێككەوتنی ئەتۆمیی، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا رایگەیاند ئاستی هەناردەی ئێران بۆ سفر دادەبەزێنن بۆ ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە هەرەس بهێنێت، بەڵام ئێران سێ ساڵە بەبێ بڵاوكردنەوەی ئامارە فەرمییەكانی فرۆشتنی نەوت ئاماژە بەوە دەكات كە هەناردەی نەوتەكەی رانەگیراوە و بەشێوازی خۆی نەوتەكەی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات.
لەڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزدا ئاشكرا بووە فرۆشی نەوتی ئێران بەوڵاتی چین لە قۆناغی پێش سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەو ولڵاتە لەساڵی 2017 رۆژانە 630 هەزار بەرمیل بووە.
لەڕاپۆرتی كۆمپانیاكانی چاودێریی كەشتییە نەوت هەڵگرەكاندا دەركەوتووە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لەمانگەكانی كۆتایی ساڵی 2021 بۆ زیاتر لە 870 هەزار بەرمیل زیادی كردووە.
سەرەڕای ئەوەی ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوتی ئێران بۆ چین زیادی كردووە، بەڵام پێشبینیی كراوە ئەگەر تەنانەت سزاكانی ئەمریكاش بەهۆی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییەوە لەسەر ئێران نەمێنێت ئاستی هەناردەی نەوتەكەی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا جگە لە چین بەرز نابێتەوە، چونكە وڵاتانی وەك هندستان و كۆریای باشور وڵاتانی ئەوروپا لەسەردەمی سزاكانی ساڵی 2018 دژی ئێران كڕینی نەوتیان لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردەوە.
چین بەبەردەوەامی جەختی لەوە كردووەتەوە دژی سەرجەم ئەو سزایانەی ئەمریكایە كە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەدەسەڵاتی واشنتۆندا نییەو زۆربەی سزاكانی سەر كەرتی نەوتی ئێرانیش لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە بەتەنها لەژێر دەسەڵاتی ئەمریكادا نییە بەتایبەت دوای كشانەوەی ئەو وڵاتە لە رێككەوتنی ئەتۆمیی مافی جێبەجیكردنی ئەو سزایانەی نەبووە كە لە رێككەوتنی ئەتۆمیدا هاتووە.
چین بە راشكاوانە رایگەیاندووە سزاكانی ئەمریكا دژی كەرتی نەوتی ئێران تاكلایەنە بووە و كاری پێناكات.
بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوتی ئێران بەرز دەبێتەوە
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەوتارێكیدا سەبارەت بەنەوتی وڵاتەكەی رایگەیاند؛ توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتەكەی بۆ نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا زیادی كردووە و ژمارەكەش بەرزترە لەبەرهەمهێنانی نەوت بەراورد بەپێش سزا قورسەكانی ساڵی 2018ی ئەمریكا.
لەلایەكی دیكەوە جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئێستا رۆژانە سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت لە وڵاتەكە بەرهەم دەهێنرێت و هاوشانی زیادكردنی نەوت دەرهێنانی غازیش لەزۆربەی كێلگەكاندا بەتایبەت گێلگە هابەشەكانی لەگەڵ وڵاتی قەتەر زیادی كردووە.
ئەوجی بەبێ ئەوەی ناوی كڕیارانی نەوتی ئێران ئاشكرا بكات، ئاماژەی بەوە كردووە وڵاتەكە بازاڕی نوێی بۆ فرۆشتن و ساغكردنەوەی نەوتەكەی لەجیهاندا دۆزیوەتەوە و ئەوەش ژمارەی فرۆشتنی بەرمیلە نەوتەكانی ئێرانی زۆر بەرزكردووەتەوە بە بێ ئەوەی خەمی سزاكانی ئەمریكایان هەبێت.
رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) لەزستانی ئەمساڵدا ئاشكرای كرد كە ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لەبازاڕەكانی جیهاندا بەرز بووەتەوە بەڵام روون نییە پارەی نەوتەكەی ئێران بەهۆی سزاكانەوە چۆن دەگاتەوە ئەو وڵاتە.
فرۆشی نەوت و كورتهێنانی بودجە بەرز بووەتەوە
ئاژانسە فەرمییەكانی حكومەت رایانگەیاندووە فرۆشی نەوت لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیبراهیم رەئیسی بەراورد بە سەردەمی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئەو وڵاتە بە رێژەی 40% بەرز بووەتەوە بەڵام داهاتی فرۆشی نەوت بۆ كورتهێنانی بودجەی سەردەمی رۆحانی بەكارهاتووە.
رۆژنامەی (ئێران) بڵاوی كردووەتەوە؛ قازانجی فرۆشتنی نەوت لەساڵی 2021 گەیشتووەتە نزیكەی هەشت ملیار دۆلارو سەرجەم ئەو داهاتە رەوانەی خەزێنەی وڵاتەكە كراوە لە كاتێكدا ساڵی 2018 و لە سەردەمی رۆحانیدا تەنها 700 ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوت رەوانەی خەزێنە وڵاتەكە كراوە.
بەپێی ئامارەكانی رۆژنامەكە ساڵی 2020 كورتهێنانی بودجەی ئێران 18 ملیار دۆلار بووە كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سزاكان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی حكومەتی رۆحانی، بۆیە حكومەتی ئێستا بە سەرۆكایەتیی رەئیسی توانیویەتی بەفرۆشی نەوت، نۆ ملیار دۆلاری كورتهێنانی بودجە چارەسەر بكات و بەردەوامە لەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ چارەسەری كورتهێنان و قەرزەكانی سەردەمی حكومەتی پێشو بەكار بهێنێت.
لەیاسای بودجەی ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە كە دەبێت 14.5%ی كۆی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیای نیشتیمانیی نەوت بگەڕێنرێتەوە و 20 بۆ 25%ی دهاتەكەش رەوانەی خەزێنە بكرێت، بۆیە بەپێی ئەو یاسایەو گەڕانەوەی نۆ ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت دەردەكەوێت داهاتی ساڵانەی فرۆشی نەوتی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار لەساڵێكدا.
موحسین خوجەستە مێهر،بەڕێوەبەری كۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ سەرجەم ئەو پارانەی كە وڵاتەكەی لە فرۆشی نەوت دەستیكەوتووە هێنراوەتەوە ناو وڵاتەكە و رەوانەی خەزێنە یان گەنجینەی حكومەت كراوە.
حكومەت بەفەرمی رایگەیاندوە؛ كورتهێنانی بودجەو قەرەبووی زیانەكانی زیادكردنی چاپكردنی دراوی تمەن وایكردووە زیادكردنی فرۆشی نەوت كاریگەرییەكی بەرچاوی لەژیان و بژێویی خەڵكی ئێراندا نەكات.