لەیادی یەكەمین رۆژنامەی كوردیدا داوای پاڵپشتی بۆ میدیاكاران دەكرێت
ئەنوەر بازگر بۆ هاوڵاتى: پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان بووەتە رۆتین و حكومەت لێپێچینەوە لەبكەران و بكوژانی رۆژنامەنوسان ناكات
3 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
لەیادی یەكەمین دەرچوونی رۆژنامەی كوردیدا، دۆخی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا لەئاڵۆزیدایەو حكومەتی هەرێم ئامادە نییە بەپێی یاسا بەركارەكانی مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا بكات، ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای رۆژنامەنوسانیش دەڵێت:» پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان بووەتە رۆتین و حكومەت لێپێچینەوە لەبكەران و بكوژانی رۆژنامەنوسان ناكات».
لە22ی نیسانی ساڵی 1898 یەكەمین رۆژنامەی كوردی بەناوی (رۆژنامەی كوردستان) بە شێوەزاری كرمانجی سەروو لەقاهیرەی پایتەختی میسر لەلایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان) ەوە دەركرا و تاساڵی 1902،(31) ژمارەی لەشارەكانی قاهیرە و ژنێف و لەندەن و فۆكستۆن لێدەرچوو و ئەم رۆژنامەیە بووە هەوێنی لەدایكبوونی چەندەها كەناڵی راگەیاندن لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا.
بەپێی ئاماری رەسمی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی مانگی ئابی 2021 ژمارەی كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستان گەیشتۆتە 31 كەناڵ كە 17 كەناڵیان لەپارێزگای هەولێرو 10 لە سلێمانی و چوار كەناڵیش لەپارێزگای دهۆك.
هەربەپێی هەمان ئامار 126 كەناڵی ناوخۆیی لە كوردستاندا مۆڵەتی رەسمیان وەرگرتووە كە 83 كەناڵ لەشاری هەولێرو 34 لە سلێمانی و نۆ كەناڵیش لەشاری دهۆك، هەروەها 162 رادیۆ لەكوردستاندا مۆڵەتی رەسمیان هەیە كە 87 رادیۆ لەپارێزگای هەولێر و 55 رادیۆ لەسلێمانی و 20 رادیۆش لە پارێزگای دهۆك.
پەرلەمانی كوردستان: هەماهەنگی لەنێوان میدیاو پەرلەماندا نییە
سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان: ئەو یاسانەی لە كوردستاندا هەن تایبەتن بە میدیا چاپكراوەكان (رۆژنامە) و یاسایەك نییە بۆ رادیۆ و تەلەڤزیۆن و سۆشیاڵ میدیا و لەو مەجالەدا فەراغێكی زۆر هەیە.
سەلمە فاتح، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان دەمانەوێت كاربكەین لەسەر رێكخستنی میدیا و ئەو یاسایانەی كە بۆ ئەم بابەتە پێویستن لەكوردستاندا، بەڵام زۆرجار لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە دەستگیرۆیی پەرلەمان ناكرێت بەمەبەستی ئەوەی هەماهەنگیمان هەبێت.
هەروەها وتیشی: «میدیا مەسەلەیەكی حەساسەو پێویستە یاساكان بەجۆرێك دەربچن كارنەكەنە سەر ئازادی مەودای كاری رۆژنامەوانی، چونكە بەلای ئێمەوە ئازادی رۆژنامەگەری زۆر گرنگترە لەبوونی یاسایەك».
سەبارەت بەمیدیا ئەهلییەكان، سەلمە فاتح وتی: میدیای ئەهلی و رێگەپێدان بە كاركردنیان یەكێكە لەسیما جوانەكانی هەرێمی كوردستان،»بەڵام بەداخەوە زۆرجار ئەم میدیایانە دەكەونە بەر هێرشی ناڕەوا لەلایەن هەندێ كەس و لایەنەوە».
سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری ئەوەشی دووپاتكردەوە كە میدیا كاریگەری لەسەر سەرجەم سێكتەرەكان هەیە وەك خۆی كاریان لەسەری كردووە و گرنگییان پێداوە.
سەرپەرشتیاری درەو میدیا: بەرپرسان درێغیان نەكردووە لە پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان محەمەد رەئوف، سەرپەرشتیاری درەو میدیا لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێستا جیاوازتر لە جاران میدیا كەوتۆتە ژێر كاریگەری بەشێكی بەرپرسە باڵاكان بەهۆی ئەوەی خۆیان خاوەنی پارە و داهاتن و میدیا سێبەرەكانیان ئاڕاستە دەكەن».
سەبارەت بەپێشێلكارییەكان، محەمەد رەئوف ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە رابردوو و ئێستاشدا بوونی هەیە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیش ئەوە نیشاندەدەن، ئەمەش دوو بەش لەخۆدەگرێت، بەشێكی بۆ رۆژنامەنووسان خۆیان دەگەڕێتەوە كە هەندێكیان راستەوخۆ بەبێ هیچ پێشینەیەكی كاری رۆژنامەوانی هاتوونەتە كاری رۆژنامەگەرییەوە، بەشێكی دیكەشی تایبەتە بەو دۆخەی هەرێمی كوردستان كە حزب و كارەكتەرە سیاسییەكان هەمیشە رۆژنامەنووسانیان وەك نەیارێكی خۆیان زانیووە بەو پێیەی قسە لەسەر گەندەڵی و پرسە بازرگانییەكانیان دەكەن و ئەمەش بووەتە هۆی ناكۆكی نێوان بەرپرسە سیاسییەكان و ئەو رۆژنامەنووسانەی كاری راستەقینە دەكەن.
«لەكوردستاندا رۆژنامەنووس ئەگەر خاوەن متمانە بێت و بەشێوەیەكی راست كاری رۆژنامەوانی بكات ، زانیاری دەستدەكەوێت و رێگەكانی دەستكەوتنی زانیاری زۆرە و دەتوانرێت بە جۆرەها شێوە زانیاری دەستبكەوێت»، محەمەد رەئوف وای وت.
سەرنووسەری یەكەمین میدیای ئەهلی هەرێمی كوردستان: میدیای ئازاد رۆژبەرۆژ بەرەو لاوازی و بچووكبوونەوە دەڕوات ئاسۆس هەردی، یەكەمین سەرنووسەری (رۆژنامەی ) یەكەمین میدیای ئەهلی لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستاندا رۆژانە رووبەرووی پێشێلكاری گەورە دەبنەوە و لەهەموو گرژی و خۆپیشاندان و قەیرانێكدا قوربانی یەكەمی دەستی هێزە ئەمنییەكان رۆژنامەنووسانن ، هەروەها میدیای سێبەرو حزبی رۆژبەڕۆژ لە فراوانبووندان و باری ماددیان باشتر دەبێت لەكاتێكدا میدیای ئازاد بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت».
وتیشی: رۆژنامەنووسان لەجیاتی یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی دادگایی دەكرێن كە ئەمەش هیچ پەیوەندیەكی بە كاری میدیاییەوە نییە.
یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بۆ رۆژنامەنوسان لەساڵی 2007 لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، بەڵام پاش 15 ساڵ هیچ بڕگەو مادەیەكی جێبەجێ نەكراوە بەتایبەت پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان.
«یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەبارودۆخیكی دیاریكراودا لە پەرلەمانی كوردستاندا پەسەندكرا و یەكێكە لەیاسا باشەكان، بەڵام دەسەڵاتی حزبی كوردستان زۆر دوورە لەوەی كە گرنگی بەیاساكە و جێبەجێكردنی بدرێت و دەیەوێت خۆی بڕیار بدات كە چ زانیارییەك بڵاوببێتەوە و چی بڵاونەبێتەوە و خۆی لەجیاتی خەڵك بڕیار بدات و باوەڕی بەئازادی گەیاندنی زانیاری بەپرسیارێتی بەرامبەر خەڵكەكەی نیە»، ئاسۆس هەردی وای وت.
سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتى: میدیای ئەهلی لە رابردوو و ئێستاشدا پاڵپشتی نەبووە.
تارق فاتیح، سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتى لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پێشتر وەك سەرەتایەك پاڵپشتییەك هەبوو بۆ زەمەنی خۆی، چونكە وەك داهێنانێك وابوو و هیچ شتێك نەبوو كە سەرنجی خەڵكی رابكێشێت و میدیای ئەهلی بووە مایەی سەرنجڕاكێشانی خەڵكی»
تارق فاتیح ئەوەشی خستەڕوو كە، بەهۆی سۆشیال میدیاوە میدیاكانی دیكە كەوتوونەتە دواوە و ئەو گرنگییەی جارانیان نەماوە و ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نییە بە كوردستان و لە جیهانیشدا بەو شێوەیە دەگوزەرێت و بابەتەكە زۆر لەوە گەورەترە كەمیدیای كوردی ئەهلی و تەنانەت میدیای حزبیش فریای بكەوێت.
سەندیكای رۆژنامەنوسان: نەتوانراوە كار بۆ كەمكردنەوەی پێشێلكارییەكان بكرێت ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان: سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نەیتوانیوە كار بۆ كەمكردنەوەی پێشێلكاریەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان بكات و رۆڵی جدی هەبێت.
ئەنوەر حسێن بازگر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان بەردەوامە و بووەتە رۆتین، چونكە حكومەت لێپێچینەوە لەگەڵ بكەران و بكوژانی رۆژنامەنوساندا ناكات و سەندیكاش نەیتوانیوە لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت و حكومەتیش گوێی بەم داوایە نەداوە و چەندین جاریش داواكراوە و باسكراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە بەو هۆیەشەوە میدیاكاران گەرموگوڕیان بۆ كاركردن نەماوە».
هەروەها بازگر پێشیوابوو لەبەرئەوەی میدیا و سەندیكا و كەناڵ و رۆژنامەنووسانیش نەیانتوانیوە حكومەت ناچاربكەن و حكومەتیش خۆی نیگەرانە لە دەرخستنی زانیارییەكانی، چونكە ناشەفافن و پڕن لەكەموكوڕی، بۆیە زانیاری نادات بۆیە» پەیوەندی نێوان میدیا و دەسەڵات لەكوردستاندا تەندروست نییە و متمانە بەیەكتر ناكەن».
لەبارەی یاسای پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان، ئەنوەر حسێن، جەختی لەوەكردەوە كە ئەو یاسایە هیچ گرنگییەكی نییە و نەیتوانیوە سەركەوتووببێت.
پێشلێلكاریەكان لە هەرێمی كوردستاندا لەئاستێكی مەترسیداردایە و بەجۆرێك تەنها لەساڵی 2021دا 353 پێشێلكاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی كراوە كە 189 حاڵەتی رێگری و جیاكاری و 81 حاڵەتی هێرش و لێدان و سوكایەتی و 25 حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا و 25 حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و 13 حاڵەتی هەڕەشەو حەوت حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و حاڵەتێكی تەقەكردن و چوار حاڵەتی رۆژنامەنووسی حكومدراو بەدەر لەیاسای كاری رۆژنامەنووسی و دوو حاڵەتی هەڵكوتانە سەرو داخستنی بارەگای كەناڵ و شەش حاڵەتی پڕكردنەوەی بەڵێننامە.
رێكخەری سەنتەری میترۆ: ئاستی رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستاندا تا ئێستا خراپە.
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: ئاستی پێشكەوتن لە هەر وڵاتێكدا پەیوەستە بە ئاستی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و ئازادی گەیشتن بەسەرچاوەی هەواڵ و ئینتەرنێت و هەرێمی كوردستان لەم بابەتانەدا كەموكوڕی هەیە.
رێكخەری سەنتەری میترۆ ئەوەشی روونكردەوە كە ژینگەی كاری رۆژنامەوانی لەعێراق و كوردستان ژینگەیەكی توندوتیژە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و بەردەوام گرفت و ئاستەنگی دێتە بەردەم رۆژنامەنووسان و زانیاریان پێنادرێت بە تایبەت كاتی خۆپیشاندان و هەڵبژاردن كە خەڵك لەو كاتانەدا پێویستی بە زانیاری هەیە.
«حكومەتی هەرێم دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرزكردۆتەوە، ئەم كارەش بەبێ هاوبەشی لەگەڵ میدیادا سەركەوتوو نابێت بەوەی زانیاری مەلەفی گەندەڵی كراوەبێت لەبەردەم رۆژنامەنوساندا»، رەحمان غەریب وای وت.