فەیسبوکۆکراسی فەیسبوک

سەردار عەزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

لەماوەی دەیەیەکدا زۆرترین خەڵکی سەرگۆی زەمینی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. کاریگەری فەیسبوک لەهەموو ئاستێکدا ئێجگار کاریگەرە. ناونیشانی ئەم نووسینە یانی حوکمی فەیسبوک. 
بەکورتی دەمەوێت وەڵامی پرسیارێک بدەمەوە: ئایا فەیسبوک کۆتایی بەدیموکراسی دەهێنێت؟ ئەمڕۆ نەک تەنها لە ئەو جێگایانەی کە دیموکراسی بێڕەگ و لاوازە، بەڵکو لەهەناو دیموکراسییە بەهێزەکانیشدا، بۆ نموونە وەک ئەمریکا، فەیسبوک، لەگەڵ ئەو ناوەندەکانی تری هاوشێوەی، ئاڵانگارییەکی زۆریان بۆ دیموکراسی دروستکردووە.

لە ماوەی رابوردودا دوو کاری لێکۆڵینەوە جێگای سەرنج بوون لەلام. یەکەمیان نوسینێکی لێکۆڵەری ئەمریکی Jonathan Haidt  لە گۆڤاری ئەتلانتیکی مانگانە بەناونیشانی: بۆچی دە ساڵی ڕابوردوی ژیانی ئەمریکی گەمژانە بووە؟ هەروەها وەک ناونیشانێکی لاوەکیش ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە دۆخەکە ناوازە نیە، بەڵکو درێژەی دەبێت. دووهەمیان کتێبێک بەناوی The Storm Is Upon Us, Mike Rothschild  گەردەلولێک بەسەرمانەوە، لە نووسینی ڕۆژنامەنوسی کالیفۆرنی مایک رۆپچالید.

کتێبەکەی ڕۆپچایلد باس لەسەرهەڵدانی یەکێک لەبێزارترین ڕێکخراوەکانی دونیای سیاسەتی ئەمریکی دەکات بەناوی QAnon. لەڕاستیدا ئامانجم نیە باس لە دۆخی ئەمریکی بکەم لە سایەی میدیای نوێ یان فەیسبوکدا، بەڵکو زیاتر مەبەستمە باس لە دۆخی کۆمەڵگایەکی لەرزۆکی بێ چیرۆکی هەلا هەلای وەک کوردستان بکەم. پێش ئەوەی بێمە سەر ئەم بوارە حەزدەکەم ئاماژە بەدوای کاری فۆکۆیاما بدەم لەمیانەی هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە لیبراڵیزم، کە بەهەمانشێوە پەیوەندی هەیە بە ئەو دۆخەی کە فەیسبوک بەرهەمی هێناوە. بە دیدی ئەو یەکێک لەهۆکارەکانی قەیرانی لیبرالیزم دەگەڕێتەوە بۆ کەسانێکی وەک فۆکۆ و ئەوانیتر کە بە زەقی بانگەشەیان بۆ خیتاب دەکرد.

چەمکی خیتاب یانی راستی بونیادنراو. بەو مانایە ئەوەی دەوترێت راستی نیە، بەڵکو هەموو دەربڕینێک لەلایەن دەربڕەوە بۆ ئامانج و مەبەستی خۆی دەردەبڕێت، کەواتە هەموو دەربڕاوێک پڕیەتی لەشاردنەوە و رازاندنەوە و بێدەنگلێکراو و زەقکراوە و پشتگوێخراو. بەدیدی فۆکۆیاما ئەمانە بنەمای ئەوەیان داڕشت کە بڕوا نەمێنێت بەوەی دەگوترێت و ئەو وەرچەرخانە دروست بێت کە پێی دەوترێت کۆتایی راستی یان پاش راستی. ئەم بروانەمانە کاریگەری هەیە لەسەر رۆڵی دەزگا، حوکمداریی و دروستبونی خەڵک وەک یەکەیەکی سیاسی.  
ئایا فەیسبوک چۆن دژایەتی دیموکراسی دەکات؟ لەسەرەتای هاتنی فەیسبوک تێگەیشتنەکان پێچەوانە بوون.

میدیای نوێ وەها دەبینرا کە ناوەندێک بێت کراوەبێت بۆ هەموان و چیدی بەربەست و رێگرەکان نەمێنێت لە بەردەم دەربڕینی راو بۆچوونەکاندا. بەڵام ئەو دونیایەکی کە فەیسبوک بەرهەمی هێناوە تەنها بەو شێوەیە نیە. بەڵکو لەزۆر باردا پێچەوانەکەی ڕاستە.  
یەکەم کارێک کە فەیسبوک دەیکات، وردکردنەوەیە. وردکردنەوە بەو مانایە هەرکەسێک کە بیەوێت دەتوانێت نەرەتیڤێک یان چیرۆکێک بۆ خۆی بونیادبنێت، دژ بەچیرۆکی باڵا، یان جیاواز لەچیرۆکی باڵا. نەمانی چیرۆکی باڵا لە هەمانکاتدا یانی نەمانی چیرۆکی هاوبەش. لێرەوە سەرەتای هەڵوەشانی چیرۆک و مێژوو باوەڕ و سیمبولەکان دەستپێدەکات. هەموو بنەماکانی مۆدێرنە لەسەر ئەو بنەمایە بوو، کە چاپەمەنی سەردەمی نوێ یان مۆدێرن وەک رۆژنامە، بڵاوکراوەکان هاوبەشیی لەنێوان خەڵکدا دروست دەکەن و چیدی پێویست نیە خەڵک یەکتر بناسن یان یەکتر ببینن یان تێکەڵی بکەن هەتا هەست بکەن سەر بەهەمان یەکەن. ئەمە کرۆکی تێزەکەی بیندیکەت ئەندەرسنە بەناوی نەتەوە وەک چڤاتێکی خەیاڵکراوە. بەهاتنی میدیای نوێ و دەستپێگەیشتنی زۆرینە بە ئاسانی سەردەمی یەک چیرۆک و یەک خەیاڵ و یەک نەرەتیڤ بەسەرچوو. لەدروستبونی زۆرێک لەچیرۆکەکان، چیرۆکەکان و خاوەنەکانیان دەکەونە ململانێ و کێبڕکێ و دژایەتی لەپێناو سەپاندنی خود، دژایەتی ئەویترو هێشتنەوەی لایەنگرەکانیان. ئەمە بنەمای ئەوە دادەڕێیژێت کە پرسی یەکبون و هاوبەشی و گشتی و زۆر بواری تر کۆتایی بێت.

حوکمکردنی خەڵکێکی پەرتەوازە ئێجگار ئەستەمە.  لەکاریگەری لەسەر دیموکراسی یەکەم کاریگەریی ئەوەیە کە خەڵک بۆ هەمیشە پەرت دەبن و لە هەمانکاتدا فەیسبوک نەک تەنها ئەو پەرتییە دروست دەکات بەڵکو بەردەوامی پێدەدات چونکە لەسەری دەژی. ئەمەش رێگرە، لەهاتنە ئارای لەیەگەیشتن، سازان و پاشان حوکمداریی.  
دووەم خەسڵەت کە ناوەندێکی وەک فەیسبوک برەوی پێدەدات، ئاسانبوونی دروستبونی کەسایەتی و رێکخراوو یەکەکانە. ئەم ئاسانییە، هۆکاری زۆربوونیەتی. کاتێک هەر بوونێک بە ئاسانی دروست دەبێت ئەوا دەبێت مایەی ئەوەی کە زۆر کەسایەتی و خەڵک بتوانن دروست بن. بەڵام زۆربوون دەرئەنجامێکی هەیە، کە کاریگەری خراپی لەسەر خەسڵەتی کەسی دروست بوو هەیە. فەیسبوک کەسە خێرا دروستبووەکان ناچار دەکات کە توندبن. توندی ئەو خەسڵەتەیە کە هەر کەسەوە لەڕێگایەوە جەماوەرەکەی رادەگرێت.

توندی توندی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت لەگۆڕەپانەکەدا. ئەمەش بنەمای ئەوەیە کە فەیسبوک و ناوەندە هاوبەشەکانی جێگای زۆرێک لە توندڕەوانەو لە ئەنجامدا خەڵکی ئاسایش لەفەیسبوکدا زیاتر توندڕەون وەک لە ژیانی ئاساییاندا. چ وورد بوونەوە و دژایەتی، چ توندی نابنە هۆکاری حوکمی دیموکراسی، ئەگەر دیموکراسی بەمانای حوکمی خەڵک وەربگرین ئەوا فەیسبوک کۆتایی بە بوونی خەڵک دەهێنێت و بەڵکو گروپی پەرتەوازەی بچووک بچووک دروستدەکات.  جارێکیان چالاکوانێک لەکوردستان لەباسی ناوەندی فەیسبوکدا ڕستەیەکی زۆر سەرنجڕاکشی درکاند. کاتێک باسی چالاکوانانی تری دەکرد، لەمیانەی کێبڕکێ و رکەبەرییان، ئاماژەی بەئەوە دەدا کە هەریەکەو بەشی خۆی هەیە. بۆ من ئەم سەرنجە، کە زیاتر دیدیێکی بازاڕیییە. بازاڕ لێرەدا مەبەستم مارکێتە، نەک سوکایەکی، مارکێت بەو مانایە هەوادار، فان وەک کڕیاری کاڵا دەبینرێ.  

ئەمە یەکێکە لەو رەهەندانەی کە فەیسبوک کاریگەری خراپی لە سەر چەمکی هاووڵاتی و رۆڵی هاووڵاتی بون دەبینێت.  بۆ چالاکوانی فەیسبوک کەسەکان ژمارەن، نەک خەڵکی خاوەن تایبەتمەندی و خواست. لە هاووڵاتییەوە دەگۆڕێن بۆ هەوادار و لایەنگرو پشتیوان، وەک ئەوەی کۆمەڵگا لەجەنگێکی ناکۆتابێت لەگەڵ خۆیدا. رەهەندێکی تری ئاسانی سەرهەڵدانی کەسایەتی و رێکخراو، کاریگەرییەتی لەسەر پرۆسەی نوێنەرایەتی. دیموکراسی بەبێ نوێنەرایەتی دەبێتە کارێکی مەحاڵ. تەنها چارەسەری مەحاڵێتی دیموکراسی نوێنەرایەتییە. بەڵام نوێنەرایەتی پێویستی بەکۆمەڵگا و دەزگای ترە وەک نێوەندگیر و کۆکەرەوەو گەیەنەر. بۆ نموونە پرۆسەی نوێنەرایەتی پێویستی بە بونیادنانە. بەڵام میدیای نوێ و فەیسبوک پرۆسەی بونیادنانی کۆتایی پێدەهێنێت. چ بە هۆکاری خێرایی و ئاسانی و دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆوە، فەیسبوک وەها دەکات کە کەسایەتیەکان لەبری نوێنەر دەنگدانەوەی کەسەکان بن. وەک ئەوەی زۆرجار لەکۆمێنتی فەیسبوکدا دەیبینیت، قسەی دڵی منت کرد. کەسایەتییەکان هەوڵدەدەن قسەی دڵی جەماوەرەکەیان بکەن، لە بری بوونی پەیوەندییەکی نوێنەرایەتی .  زۆری و بۆری کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کواڵیتی زانیاری هەیە. لەساڵی ٢٠١٨ ستیڤ بانون، ئەو کەسەی کە دۆناڵد ترەمپی دروست کرد، دەڵێت رێگای گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میدیادا ئەوەیە کە زۆنەکە پڕکەی لەگوو. بانون ئەم تەکتیکەی لەڕوسەکانەوە وەرگرتبوو.

ئەم پڕکردنەی زۆنەکە دەبێتە مایەی سەرلێشێوان و ناسەقامگیریی باری دەروونی لای زۆرینەی خەڵک.  رەهەندێکی تری فەیسبوک بونیەتی بەزۆنگاوی تیورەی پیلانگێڕی. لە فەیسبوکدا خەڵ بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە لێکدانەوەی ئاسان و هەست وروژێن و بێ دەسەڵاتکردنی خۆی ببینێت. تیورەی پیلانگێڕی هەمیشە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە هێزی تر هەن بەرپرسن لە نەهامەتییەکان، ئەوانیتر لەموئامەرەدان دژت، تۆ زوڵمت لێکراوە، هیچ گوناهێکت نیە. هاوشان بەتیورەی پیلانگێڕی فەیسبوک پەیامەکان کورت و درشم ئاساو سادە دەکاتەوە. بەم جۆرە هەموو ئاڵۆزییەکانی دونیا ون دەبن و خەڵک میکانیزمی راستەقینەی پشت رووداوەکان نابینن. ئەمڕۆ فەیسبوک وەک مەیدانی جەنگ دەبینرێت. لەئەمریکا لەعێراق لە کوردستان سوپای ئەلکترۆنی هەن. خەڵکانێک کە کاریان ئەوەیە لەفەیسبوکدا چالاک بن و ئاراستەی جەماوەر بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار