کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەتاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا

دەستدرێژیکردنە سەر ئۆکراینا دەستدرێژییە بۆ سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی!

عەبدولڕەحمان گەورکی

3 ساڵ لەمەوپێش



 

عەبدولڕەحمان گەورکی
لەڕۆژانی کۆتایی مانگی دووەمی دەستدرێژیکردنە سەر ئۆکرایناداین. ئەو وڵاتەی سوپاو خەڵکەکەی قارەمانانە بڕیاری بەرخۆدانیان داو بەرەنگاری ئەم داگیرکارییە بوونەوەو جیهانیان بۆ پشتگیریکردن لەبەرخۆدانەکە ورۆژاندووە. دیزاینی هێزی داگیرکەری لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە دەبوو لەماوەی دوو ڕۆژدا دەست بەسەر ئۆکراینادا بگیرێت. بەڵام سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەم وڵاتە بڕیارە بەرخۆدانی دەرکردو بانگەشەی خەڵکەکەیشی کرد ئەمکارە بکەن. 
بەپێشوازیکردنی خەڵک لەم بڕیارە، نەک تەنیا هێزی شەڕانگێز تاسێندرا، بەڵکو لەئاستی جیهانیشدا کاردانەوەی باشی هەبووەو تۆوی هیوای لەناو دڵی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا چاند. لە راستیدا کاتێک ئۆکراینا بڕیاری خۆیدا، جیهانیشی بەخۆیەوە گرێدا!
سەرەتا هێزی داگیرکەر بەجۆرێک هاتە مەیدان کەدەوڵەتانی جیهان سەریان سووڕماو بڕیاریاندا گۆڕەپانەکە بۆ داگیرکەر بەجێبهێڵن. بەڵام ئەم دەوڵەتانە بەڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆیان بۆ دەرچوونی سەرۆکی ئۆکراینا، بەر لەهەر شتێکیتر، پێناسەی خۆیان دەرخست و ئەگەر سەرۆکی ئۆکراینا  بەویستی دەوڵەتان ئەمکارەی بکردبایە، ئەوا ئۆکراینا ئێستا لەژێر چەکمەی هێزی داگیرکەردا بوو. بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا  لەبەرانبەر ئەم ئامادەییەدا وەڵامی دایەوە کە: «لێرە شەڕەو پێویستیم بە چەک هەیە نەک ئەگەری چۆڵکردن و کشانەوە!»
ئەم هەڵوێستە نەتەوەیی و جەماوەرییەی سەرۆک کۆماری ئۆکراینا  باس لەتیۆریی» باڵانسی نێگەتیڤ» دەکات کە لەهەندێک وڵاتان بەئەزموونکراوەو لەوانە ئێران، کە لەسەردەمی حکومەتە نیشتمانییەکەی (د.محەمەد موسەدیق) لەساڵی 1953، کە (نیشتمانیکردنی پیشەی نەوت)ی لێکەوتەوە!
لەکەس شاراوە نییە کە لانیکەم لەساڵی 1991ەوە شەڕی سەر ئۆکراینا  لەنێوان رۆژئاواو رووسیادا هەبووە. کاتێک رووسیا لە 24ی شوباتی 1400 هێرشی خۆی بۆ سەر ئۆکراینا  دەستپێکرد، رۆژئاوا هەرگیز بیری لەوە نەکردەوە کەوەها بەرخۆدانێک لە ئۆکراینا و دژ بە هێزی داگیرکەر سەرهەڵدات. هەر بۆیە بوونی «بەرخۆدانێکی رەوا» بۆ رۆژئاوایش شۆکهێنەر بوو!
لەسەرەتای هێرشەکانیدا، هێزی داگیرکەر تەنانەت دەروازەی (جەنگی جیهانی سێیەم)ی بەڕووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا کردەوە، ئەویش بەهەڕەشەکردن لەبەکارهێنانی چەکی ناوکی! هەڕەشەیەکی زۆر کارەساتبارتر لەداگیرکردنی وڵاتێکی دراوسێ و خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی مرۆڤایەتی هاوچەرخدا!
هەڕەشەکردن بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوکی زۆر مەترسیدارترە لەبەکارهێنانی چەکی ناوەکی. بۆیە پێویستی بەبۆمبێکی بەهێزتر بوو لەدژی ئەو چەکە دژەمرۆیی و مەترسیدارە. ئێستا ئەم بۆمبە مرۆییە بەرەو تەقینەوە دەچێت و هەرگیز رێگە نادات بە بەکارهێنانی بۆمبای ناوکی.
ئێستا گەلانی جیهان و زۆربەی دەوڵەتانی جیهان نیگەرانن لەبەردەوامی شەڕو پەرەسەندنی ئەو شەڕەی ئێستا بە نابەدڵی ئۆکراینا بووەتە پێشەنگی و تائێستا پاڵەوانەتییەکی بەرچاوی لە خۆی نیشان داوە. ئەوانەی دەستیان هەبووبێت لە بەرخۆدانێکی رەوادا، زیاد لە کەسان و لایەنانیتر هەست بەگەورەیی بەرخۆدانی ئۆکراینا  دەکەن. چونکە هەموو هێزو لایەنانی موقاومەت، هەڵگری ئازارێکی هاوبەشن. «مافی خۆپاراستن» و «مافی بوون و مانەوە».
هەر لەو چوارچێوەیەدایە کە موقاوەمەتی ئێران هەر لەسەرەتاوە، پشتگیری موقاوەمەتی ئۆکراینای کردووە. موقاوەمەتی خەڵکی ئێران کە خۆی ماوەی 43 ساڵە لەلایەن هێزێکی کۆنەپەرستی ئایینییەوە هێرشی کراوەتە سەرو ترسناکترین دیکتاتۆری مێژوویی ئەو وڵاتە، واتا «دیکتاتۆریی مەزهەبی»ی بەئەزموون کردووە، ئێستا لە پێشەوەی پشتیوانانی موقاوەمەتی ئۆکراینادا وەستاوە. ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران رۆژێک دوای داگیرکردنی ئۆکراینا  رایگەیاند: «پشتیوانیکردنی وتارخوێنانی هەینی بازاڕی سەر بە عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی (جەلادی ساڵی 67) (واتا1988) و وەزیری دەرەوەی رژێم لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا و داگیرکردنی ئەم وڵاتە، تەنها دەرخەری پێناسەی فراوانخوازیی ئەم رژێمە بۆ خەڵكی ئێران دەردەخات». لەم بەیاننامەیەدا ئەوەش هاتووە کە: «77 ساڵ دوای جەنگی جیهانی دووەم، سەردەمانێکی نوێ دەستیپێکردوەو رژێمی ئێران بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە ئەم دەرفەتە بیقۆزێتەوە بۆ خۆی. خەڵکی بێ پشت و پەنای ئۆکراینا و بەتایبەتی خەڵکی مەدەنی، شایستەی پشتیوانییکردنێکی کاریگەر و گشتگیرن و تەنها سزادانی هێزی دەستدرێژیکار بەس نیە».
سەبارەت بە موقاوەمەتی رەوای خەڵکی ئۆکراینا، ئەلێکسی رۆزنیکۆف، وەزیری بەرگری ئۆکراینا  گوتی: «کاتێک بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوە هەبێت، هەموو جیهان ناچارە لەتەنیشتتدا بوەستێت». ئەمە هاوشێوەی ئەم وتەیەی بەڕێز مەسعود رەجەوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێرانە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک کامپی ئەشرەفی سەر بە موقاوەمەتی ئێران لە پارێزگای دیالەی عێراق، لە لایەن رژێمی ئێران و دەست و پێوەندەکانیەوە لەعێراق هێرشی کرایەسەر، رایگەیاندبوو: «ئەگەر ئەشڕەف بەرخۆدان بکات و خۆی بگرێت، ئەوا جیهان هەڵدەستێت بە پشتیوانیکردنی». ئێستا هەردوو موقاوەمەتی ئێران و ئۆکراینا  خاوەنی»سەرکەوتنێکی هاوبەش»ن لە «موقاوەمەتکردن»دا.
خاتوو کیرا رۆدیک، پەرلەمانتاری ئۆکراینا  کەئێستا دژ بە هێزی داگیرکەر، چەکی هەڵگرتووە بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و نیشتمانەکەی، بە بەشداریکردن لە کۆنگرەی جیهانیی موقاوەمەتی ئێران، جەختی لەسەر ئەو بەرخۆدانە کردۆتەوە و گوتی: ئێستا تێدەگەم کە لە ئەشرەف چی روویداوە!».
بەڕێز تیمۆفی میلۆڤەنۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکراینایش، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا و بەشەرمەوە رەخنەی لەخۆی گرت و وتی کە تا ئەوکاتەی خۆیان تووشی شەڕو کوشتار و کارەسات نەبوونەتەوە، هەستی بە ئازارەکانی نەتەوەکانیتر نەکردووە و بێ خەم بووە. ئەو پاشان هاوبەندیی خۆی لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران دژ بە دیکتاتۆرییەت زاڵ بەسەر ئێراندا دەربڕی و لەکۆتاییدا وتی: دیکتاتۆریەت بۆ سەر هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی مەترسیدارە و دەبێت هەموومان پێکەوە بەرەنگاری ببینەوە».
هەرچەندە لێرەو لەوێ، موقاوەمەتکردنێکی رەوا جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام ئازارێکی سەرەکی و هاوبەش پێکەوە گرێیان دەدات. هەر ئەوەیش وایکردووە کە پێشتیوانی یەکتر بن. هێزی بەرخۆدان پشت بەتوانای خۆی و گەلەکەی دەبەستێت و رەوایەتی بەرخۆدان، بەرچاوی خەباتکاران روون دەکاتەوە و ئومێد بەدڵەکان دەبەخشێت!   
تائێستا موقاوەمەتی خەڵکی ئۆکراینا، توانیویەتی خەونەکانی هێزی داگیرکەر بشێوێنێت و نرخێکی گرانبەهای گیانی و ماڵی بۆ بدات و هەست و سۆزی گەلانی جیهان و بگرە دەوڵەتانیش بۆ لای خۆی رابکێشت. سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئۆکراینا نەک تەنها گەلەکەی بەجێنەهێشت، بەڵکو خۆی بووە فاکتەری هاندان و یەکڕیزی و خۆڕاگری گەلەکەی. چونکە هەر لەسەرەتاوە پشتی بە گەلەکەی بەست و توانی بەخێرایی ببێتە «پاڵەوانی نەتەوەیی»ی گەلەکەی و نیشتمانەکەی!
هەموومان ئەوەمان لەبیرە کە بەئاقاری هەڵوێستە سەرەتاییەکانی دەوڵەتانی جیهان بوایە، ئەوا دەبوو بەڕێز زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا وڵاتەکەی جێ بهێڵێت بۆ هێزی داگیرکەرو بەرەو دەرەوەی ئۆکراینا بڕوات. بەڵام مانەوە و بەرخۆدانی هەڵبژاردو ڕایگەیاند: «لە هەموو شوێنێک خەڵک بەرگری دەکات، بێ چەکیش بیت، گەلەکەمان بەم شێوەیە بڕیاری دا. گەلەکەمان چەکدارە بەچەکی بوێری و شەڕەف. دەبێت بڵێم گەلەکەمان هێزی هاوارکردنی هەیە: من لێرەم و ئێرە خاکی منەو بە کەسی نادەم. هەر ژن و پیاوێکی ئۆکراینی کە دوێنێ لەشارە داگیرکراوەکاندا بۆ خۆپیشاندان هەڵسابوون و ئەمڕۆ و سبەینێش قارەمانانە هەڵدەستن، پاڵەوانی گۆڕەپانەکەن. ئەوان نەیاندەزانی کە ئێمە ناترسین لەدارەدەست و چەک و تانک و گولە، کاتێک زانیمان بەرخۆدانمان رەوایە.. دەبێ ئەوە بزانرێت کە بە خۆڕاگری و بەرخۆدان، هەموو شتێکەکان لە بەرژەوەندیماندایە.
ئانا مالیار، جێگری وەزیری بەرگری لە ئۆکراینایش روو لە خەڵک وتی: «ئەمە تەنها شەڕ نییە، ئەرکی مێژوویی ئێمەیە کە دەیکەین. ئێمە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵات و یەکڕیزیی نەتەوەییداین».
ئێستا کە نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستپێکردنی بەرخۆدانی ئەو وڵاتەدا تێپەڕیوە، بەڕێز زیلینسکی، لە تەنیشت خەڵکەکەیدا پێداگرە لەسەر ئەو بەرخۆدانەو بەرانبەر بەر داگیرکاری وەستاوەو بەو رێگەیەوە هاوسەنگی هێزە جیهانییەکانی بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی و لە ئەنجامدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخ پاراستووە. هەر لەو پێوەندییەدا، جەختی لەسەر ئەوەیش کردووەتەوە کە سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر هێزی دەستدرێژیکەر ناتەواوەو پێویستە فراوانتر بکرێت. هەر لەو سۆنگەوە، داواکارییەکانی تری خەڵکی ئۆکراینا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە زیاد پێشوازی لێدەکرێت.
ئەگەر لە بەرتەسک روانین و بەرژەوەندیخۆازیی نزم و کورت و شیکردنەوەی نابەرپرسانە و کاڵفامیی هەندێک تاک و لایەن لەمەڕ بەرخۆدانی گەلی ئۆکراینا بگەڕێین، داستانی بەرخۆدانی گەلی ئۆکراینا جارێکی دیکە ئەو راستییەی خستەڕوو کە «هێزێکی بەڕواڵەت بچووک» دەتوانێت «گەورە هێزێکی جیهان»ی بە چۆکدادا بهێنێت. ئەویش بە قبووڵکردنی «بەرخۆدان لەبەرانبەر خۆبەدەستەوەدان»دا.
دەکرێت ئەم راستییە لەدروشمی «دەکرێت و دەبێت»ی موقاوەمەتی ئێراندا بەئاشکرا ببینرێت. سەرەڕای سیاسەتی سازشکارانە و نەرم و نیانیی دەوڵەتانی جیهان و «یارمەتیدەرانی غەیبی(!)» و بێدەنگی و بێکرداریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرانبەر تاوانەکانی سامناکترین دیکتاتۆڕییەت مێژووی ئێران (واتا دەسەڵاتی مەزهەبیی مەلاکانی ئێران) ئەم رژێمە بەهۆی بوونی موقاوەمەتی خەڵکی ئێران، نەیتوانیوە خۆی سەقامگیر بکات و ئێستایش ترسی لەناوچوونی لەسەرە لەلایەن خەڵک و موقاوەمەتی ئێرانەوە.
هێزی موقاوەمەت هێزێکی کۆڵنەدرە. مێژووی وڵاتان لەلایەن موقاوەمەتەوە دەنووسرێت و نەک رژێمە دیکتاتۆرو کورتەباڵاکان! موقاوەمەت و خۆڕاگری، هێزی بەرخۆدان پۆڵایینتر و مکوڕتر دەکات و چێنەری تۆوی ئایندەیە. لەبەردەوامی پرۆسەیەکی وەهادایە کە دەوڵەتان هیچ بژاردەیەکیان نابێت جگە راستکردنەوەی هەڵە سیاسی و ستراتیژیەکانیان. ئەو دەوڵەتانە بەشێوەیەکی پراکتیکی لەنێوان هەردوو هێزی بەرانبەردا دابەش دەبن! 
لەڕاستیدا موقاوەمەتی ئۆکراینا دەنگدانەوەی بزووتنەوە بەرخۆدانییەکانی وڵاتانی جیهانە لەوانە ئێران. بەرخۆدانێک کە پرەنسیب و بەهاکانی زۆر جیاوازە لەباری ئاسایی ژیان و جیهانی ئاسایی. ئوکراینا نوێترین وڵاتە کە ئەو بەهایانە بە ئەزموون دەکات. لەم بوارەدایە کە دەبینین وەرزشوانان و هونەرمەندان و چین و تۆێژەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە، لە وەزیرەکانەوە تا پەرلەمانتار و کرێکارو زەحمەتکێشان چەکیان هەڵگرتووە و بەشداری مەیدانی بەرخۆدان دەکەن.
رەنگدانەوەی سەرکەوتنی موقاوەمەتی خەڵکی ئۆکراینا بەباشی لەڕووخسار و پلان و سیاسەتی هێزی داگیرکەردا دەبینرێت. ئێستا هەمووان شاهیدی ئەوەن کە ئەم بەرخۆدانە چۆناوچۆن هێزی دەستدرێژیکەری خستۆتە باری شەرمەزارییەوە کە لە دووڕێیانی چارەنووسدا دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرێت. «قبووڵکردنی شکست و پاشەکشە لە سەنگەرەکان، یان بەردەوامبوون لە تاوان و وێرانکاری لە ئۆکراینا»، کە لەهەردوو حاڵەتدا سەرکەوتنی خەڵک و موقاوەمەتی ئۆکراینا بەدی دەکرێت. لە چاوخشانێک بەسەر هەڵوێستە و دەستکەوتەکانی دوو مانگی رابردووی هەردوو لادا دەکرێت بە باشی لایەنی براوە و دۆڕاوی گۆڕەپانەکە ببینین؟ 
رژێمی ئێران کە بەدەستدرێژیکردن بۆ سەر خاکی ئۆکراینا شەکری لەزاردا توابۆوە و هەر وەک شەڕی کەنداو، ئەفغانستان، یەمەن، یان کرۆناڤیروس دایدەنا بۆ خۆی، ئێستا بەدوو قات زەرەرمەندە و لە ریزی دوژمنانی خەڵکی ئۆکراینادا دانراوە.
خاتوو مەریەم ڕەجەوی لەوتارەکەیدا بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ گوتی: «هەرچەندە ئێمە پەرۆشی خەڵکی ئیرانین کە هیشتا لەژێر سایەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی ئیران دەستەویەخەی کڕۆناڤایروسن و تا ئێستا نیو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە و هەرچەندە بە هۆی ماڵوێرانی و ئاوارەیی و بێ سەرپەنابوونی خەڵکی ئۆکراینا لەئازارداین.. بەڵام وەک مزگێنیەک بەرەو کۆتایی ئەم هەموو خەم و ئازارانە، پیرۆزبایی نەورۆز دەکەین لەگەلەکەمان».
لەکاتێکدا وڵاتە دیموکراسیخوازەکانی جیهان هێرش بۆ سەر ئۆکراینایان شەرمەزار کردووە، دەسەڵات مەزهەبیی ئێڕان لەهەڵوێستەیەکی بەئاشکرادا پشتیوانیی کردووە لەم داگیرکارییە و زیاتر خۆی لە جیهاندا گۆشەگیر کردووە. عەلی خامنەیی سەرەتا ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕژێمەکەی راسپارد بۆ ئەوەی ناتۆ وەک هۆکاری هێرشەکە بناسێنێت و پاشان لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا، ئیبراهیم ڕەئیسی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە پۆتینی گوت «گەورەکردنەوەی ناتۆ هەڕەشەیەکی جیددییە دژ بە سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی سەربەخۆ لەناوچەکەدا».
هەربۆیە دەبینین دوژمنایەتیی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بەخەڵکی ئۆکراینا و بەتایبەتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە، چۆتە قاڵبێکی هیسترییەوە و ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر موقاوەمەتی ئۆکراینا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار