یەدەگی دراوی بیانی عێراق گەیشتووەتە 70 ملیار دۆلار
وەزیری دارایی عێراق: دۆخی دارایی زۆرباشە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژكاری دارایی سەرۆكی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و وەزیری دارایی عێراقیش دەڵێت دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە.
محەمەد مەزهەر، راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئەمەش سێ هێندەی ئەو قەرزە دەرەكییانەیە كە دەبێت عێراق لە ماوەی ساڵەكانی 2022-2028 بیانداتەوە.
بانكی ناوەندیی عێراق لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو راگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار.
پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بەغدا رایگەیاندووە كە دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستی بە هاوكاری نییە.
عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە نێو وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێك و بۆ تەرخانكردنی بودجەی ساڵانە بەڕێژەی 90٪ پشت بە داهاتی نەوتی خاو دەبەستێت.