هۆشیاری نەك كۆتوبەندنكردن
رەحمان غەریب
3 ساڵ لەمەوپێش
رەحمان غەریب
* چەواشەكاری و هەواڵی درۆ و هێرش بۆ سەر كەسێتی مرۆڤ، پەنابردن بۆ ئاشكراكردنی نهێنی كەسی، دەسكاریكردنی وێنەو ڤیدۆو دەنگ، زانیاری نادروستی مەبەستدار، فاكتەری بەهێزن هاوڵاتیان راست و هەڵەیان بۆ جیانەكرێنەوە، متمانەیان بە میدیا راستگۆو پیشەوەر نەمێنێت. تا ووردبیتەوە دەبینیت كە هەواڵی ساختە كۆمەڵگای بە ئامانج گرتووە، درۆی لێكردون بە راستی، چەواشەكاری گەورە دەكرێت و راستی پەردەپۆشدەكرێت، تیشك دەكرێتە سەر زانیاری درۆ، حەقیقەت دەكرێتە تاریكییەوە، لە بەردەم ئەم لێشاوە لە زانیاری و هەواڵ، زەمینە باشتر خۆش دەبێت بۆ خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پەردەپۆشكردنی دیاردەی بەربڵاوی گەندەڵی، زەرەرمەنیش تەنها حەقیقەتە و هاوڵاتیان نازانن بروا بە كام هەواڵە و زانیاری بكەن؟
مەترسی ئەم دیاردەیە كە بۆتە هۆی لەكەداركردنی میدیای راستگۆ و بەرپرسیار و مەترسیشە بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەری، ئەم مەترسییە پێویستی بە دروستكردنی هۆشیارییەكی دەستەجەمعییە نەك پەنابردن كۆتوبەندكردنی ئازادی زانیاری و بیرورا بەیاساو رێساو سانسۆری سەردەمی ئیستیبداد كە هەندێ ناوەند بانگەشەی بۆ دەكەن، لەم هەڵمەتی هۆشیارییە زانكۆكان و میدیا كەسایەتی و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ، دەتوانن رۆڵی كاریگەر ببینن. چالاكی جۆراوجۆرو كەمپین بۆ (بەرزكردنی ئاستی هۆشیاری لە دژی بڵاوكرنەوەی زانیاری ناراست و نادروست لە هەرێمی كوردستان)، پارێزبەندی ( حصانة ) ناداتە كەسایەتیی گشتی، ئەوەی كە یاسا رێگەی داوە لەكاتی لادان و تاوان و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانیان، لەكاتی گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر سامانی گشتی، ئەو كارانەیان بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێت، ئەوەی پێویستی بە پارێزبەندییە، شكۆی ئینسانیمانە كە كە هەر قۆناغەو بە پاساوێك دەشكێنرێت، باری دەرونی ئینسانە كە هەر جارەو هەواڵێكی درۆ تێكیدەشكێنێت. ئێمە لە سەنتەری میترۆ، دەزانین سەرچاوەی دارایی بەشێك لە پێگەكانی ناو تۆرە كۆمەڵایەتی و سوپایەك لە میدیاوان ئەلیكترۆنی و پەیج و ئەكاونتەكانیان كە هەواڵی درۆ و و چەواشەكاری بەرهەمدێنن، لە روناكیدایەو لە مەكتەبی دارایی حزبە دەسڵاتدارو و كادێرو سەركردەو ئەندام پەرلەمانەكانیان كۆمەك دەكرێن، بەشێكی تریان سەرچاوەی داراییان لە تاریكیدایەو بەردەوام ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكاتە ئامانج. بۆ فراوانكردنی هۆشیاری پێویستمان بە هاوپەیمانێتییەكی فراوان هەیە، تۆرێك لە هاوڵاتی رۆژنامەنوسان، یاسا ناسا و چالاكوانی مافی مرۆڤ، مافەكانی ژنان و كەسایەتی یەكسانیخوازە، بۆ ئەمەشیان دەتوانین پێكەوە كار بكەین.
فووكردن بە هەواڵی درۆ، گەورەكردنی بۆ راستی حاشاهەڵنەگر، بەرلەوەی زیان بەو كەس و لایەنانە بدات كە بە ئامانج گیراون، بەئامانجگرتنی ئازادی میدیا و ئازادی بیرورا دەربڕینە، بەئامانجگرتنی ئەو ژمارە كەمەیە لە میدیا و میدیاوانی ئازاد كە شەرەفی پێشەكەیان لەكەدارنەكردووە. *سەرۆكی سەنتەری میترۆ #كەمپینی_دژە_چەواشە #حملة_ضد_التضليل #Anti_disinformation_campaign