لەیادی (١٢٤) ساڵەی دەرچوونیدا
•حامد محەمەد عەلی
3 ساڵ لەمەوپێش
--------------------------------------
چەن زانیارییەکی بنەڕەتی گرنگ ،
لەسەر ڕۆژنامەی «کوردستان»
بۆ توێژینەوەیەکی قووڵتر..
~~~~~~~~~~~~~~
•حامد محەمەد عەلی
ڕۆژنامەی کوردستان وەک (نۆبەرەو یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی ) لە پاش بەدواداچون و دۆزینەوەی، لەلایەن کۆچکردوان (دکتۆر مارف خەزنەدار) و (دکتۆر کەمال فوئاد) کە دووەمیان لەساڵی ١٩٧٢ لەبەغدا (٢٦) ژمارە دۆزراوەکانی پێکەوە بەزەنگۆگراف بەچاپ گەیاند، زۆری لەسەرنوسراوەو لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشوری کوردستانیشەوە،چەند جارێک چاپکراوەتەوە، دوجاریان لەلایەن (دەزگای بەدرخان) ەوە،لە قاهیرەو لەتاران.
من بۆخۆم لە ٢٢ی نیسانی ١٩٨٥ لە ڕۆژنامەی ( العراق ) بەعەرەبی یەکەم بابەتی خۆم لەسەر (کوردستان) بڵاوکردەوە..
لەمیانەی ئەو باس و نوسینانەدا ،لەم دواییانەدا مشتو مڕ لەسەر ڕۆژی دەرچونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەکە دروستبوو ، بەجۆرێک کە ژمارەیەک لەتوێژەران ، لەناویاندا مامۆستا (فەرهاد شاکەلی) و کەسانی دیکەش، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ژمارەی یەکەمی (کوردستان) لە ٢١ ی نیسان دەرچوە نەک ٢٢ی نیسان .
تائێستاش ئەو مشتو مڕە بەلایەکدا نەکەوتوەو هێشتا لەکوردستان ، زیاتر لە ٢٢ی نیساندا وەک ساڵانی پێشتر یادی دەکرێتەوە.
(مقداد مەدحەت بەدرخان) ڕۆژنامەی (کوردستان) ی لە قاهیرەی پایتەختی میسر (١٥ ڕۆژ) جارێک بە
(٤ لاپەڕەی قەبارە ٢٥/٥٠ × ٣٢/٥٠) دەردەکرد ، وەک دەڵێن یاساکانی دەوڵەتی عوسمانی ڕێگەی نەدەدا لە (ئەستەمبول) یان لەشوێنێکی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان دەربچێ .. میسر لەسەردەمی (محەمەد عەلی پاشا) وە جۆرێک لەسەربەخۆیی هەبوو ، بۆیە مقداد وەک کەسێکی دیاری بنەماڵەی بەدرخانیەکان ،کۆچی بۆ ئەوێ کردو ڕۆژنامەکەی لەوێ دوور لە گوشاری دەوڵەتی عوسمانی دەرکرد ، میسر ئەو کات زیاترهەژمونی بەریتانیەکان بەسەریدا زاڵ بوو.
مقداد تەنها 5 ژمارەی لەڕۆژنامەکە دەرکرد ، دوای
ئەوە گەڕایەوە بۆ ئەستەمبوڵ و ئیتر لە ژمارە (٦) وە عەبدولرەحمانی برای کاری دەرکردنی ڕۆژنامەکەی لەئەستۆ گرت و ئەویش نەیتوانی لەقاهیرە درێژە بەدەرچوونی (کوردستان) بدات و لە ژمارە (٦) وە لە ئاوارەبوونی دووەمیدا لەئەوروپا دەستی بەدەرچوون کردەوە ، ژمارەکانی ( ٦- ١٩) لەجنێڤ و (٢٠- ٢٣) جارێکی دیکە لەقاهیرەو ژمارە (٢٤)یش لە لەندەن و ژمارەکانی (٢٥-٢٩) لەفۆلکستۆن و هەردوو ژمارەی (٣٠-٣١) یش جارێکی تر لە جنێڤ دەرچوون . دواین ژمارەی ڕۆژنامەکەش کە( ٣١ ) ە ڕۆژی دووشەممە ٦ی موحەڕەمی ١٣٢٠ بەرامبەر (١٤ی نیسانی ١٩٠٢) دەرچووە. واتە (کوردستان) چوارساڵ کەم یەک هەفتە یان کەم ٨ ڕۆژ تەمەنی کردووە .
شایانی باسە تا ئێستا ژمارە (١٩) ی کوردستان کە بەحساب لەشاری (جنێڤ) دەرچووە ، نەدۆزراوەتەوەو سۆراخی نیە ،بەڵام هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی لێرەو لەوێ بەردەوامە .
ڕۆژنامەی کوردستان بە(زمانی کوردی) شێوەزاری (جەزیرەو بۆتان) کەبەشێکە لەزاراوەی کرمانجی سەرو، دەردەچوو.. هەروەها لەژمارە(٤) وە بە (زمانی تورکی) یش وتاری بڵاو کردۆتەوە ، بەتایبەتی
( عەرزوحاڵ - سکاڵانامە) و ( نامەی کراوە - آچیق مکتوب) کە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی و خودی سوڵتان عەبدولحەمید دەکران .
نوسینەکانیشی هەموو بە ڕێنوسی عەرەبی (ئارامی) یە ، کەئەوکات لەسەرتاپای دەوڵەتی عوسمانیدا بۆ گشت زمانەکان بەکارهاتوە .
پێش چەند ساڵێک نوسەرو توێژەری بواری ڕۆژنامەنوسی کوردی ( عەبدوڵا زەنگەنە ) ناوەڕۆکی هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەی (کوردستان) ی هێناوەتە سەر ڕێنوسی ئەمڕۆی کوردی لە باشور،بەڵام بەداخەوە هێشتا بۆی نەلواوە چاپی بکات.
ڕۆژنامەی کوردستان، خۆی نیومانگی بووە ،بەڵام لەبەر نالەباری هەلو مەرجی دەرچونی ، جگە لە ( 5 ) ژمارەکەی خولی یەکەمی سەردەمی (مقدادمەدحەت بەدرخان) ی دامەزرێنەر، کە لەقاهیرە دووهەفتە جارێک ڕۆژانی پێنج شەممە بەڕێکو پێکی دەردەچو، ئیتر لەبەر ناجێگیریی شوێنی دەرچوونی و گوازرانەوەی لەنێوان ئەم وڵات و ئەو شاردا، نەیتوانیوە بەشێوەی نیومانگی تەواو دەربچێت ، بەڵکو زۆرجار دوادەکەوت. ئەوەبوو لەژمارە «٢٥» وە ئیتر بەڕەسمی لەجیاتی (پازدە ڕۆژ جارکی) ، لەژێر ناوی
ڕۆژنامەکەدا نوسراوە (هیڤی جارکی دردکڤە ) واتە مانگی جارێک دەردەچێ..
هەروەها (کوردستان) وەکو ئاماژەم پێدا نەیتوانی تاکو ژمارە «٣١» ی کەدوا ژمارەی بوو ، بەردەوام لەقاهیرە دەربچێ ،بەڵکوناچار لەنێوان پایتەخت و شارەکانی ئەوروپاو (قاهیرە) دا دەسوڕایەوەو بەردەوام لە کۆچدا بوو ..
یەکێک لەو خاڵانەی کەلەباسی ڕۆژنامەی(کوردستان) دا شیاوی ئاماژەپێدانە ،ئەوەیە کەهەر لەیەکەمین ژمارەیەوە لەسەرەوە نوسیویەتی (هەرجارەی دووهەزار دانە لەڕۆژنامەکە بەبێ بەرامبەر- بەبەلاش- دەنێرم بۆکوردستان)، دواتر لە(ژمارە ٢٠) وە دیارە بەحوکمی زیاتر دوورکەوتنەوەی ڕۆژنامەکە لەکوردستان و ئاستەنگی گواستنەوە ، (عەبدولرەحمان بەدرخان) ژمارەکەی کەمکردۆتەوەو کردویە بە (دووسەد) دانە کە گوایە دەینێرن بۆکوردستان.
بەڵام ئایا بە کردەیی ئەو ژمارانە گەیشتونەتە کوردستان یان نەخێر، ئەوە زۆر ڕوون نیە لەڕاستیدا ، چونکە ئەو سەردەمە هۆیەکانی گواستنەوەو بەرید ، وەکو پێویست بەردەست وئاسان نەبووە ،جگە لەڕێگری دەوڵەتەکانیش.
ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارانەو نەبوونی ئەرشیف و کتێبخانە بووبێ، کە بەداخەوە هیچ کام لەژمارەکانی ڕۆژنامەکە لە وڵاتی کوردان نەدۆزرایەوە.
مقداد مەدحەتی دامەزێنەرو خاوەن و سەرنوسەری یەکەمی کوردستان، کەسێکی دیندار بووەو مۆرکی ئیسلامەتی بەتەواوی و بەزەقی بە نوسینەکانیەوە ، چ وەک سەروتار، چ وەک وتارو بابەت دیارەو بۆ پاڵپشتی قسەو بۆچونەکانی ،زۆربەی جار (ئایەتی قورئان و فەرمودەی شیرین و قسەی پێشەوایانی ئیسلامی) کردۆتە پاڵپشت و بەڵگە . تەنها لەژمارەی یەکەمدا جگە لە دەسپێکی (سەروتار) کە بە دەستەواژەی ( بسم اللە الرحمن الرحیم ) و شوکرو حەمدو ستایشی خوادەستی پێکردوە ،کەئێمەی بەموسڵمان خەلق کردوە ،لەوتارێکی دورو درێژدا کەهەمووی ئامۆژگاری و ڕێنمایی و هاندانی کوردە بۆ بەدەسهێنانی زانست و زانیاری ، ئایەتێکی قورئان و پێنج فەرمودەی پێغەمبەرو وتەی پێشەواو زانایانی هێناوەتەوە بۆ پاڵپشتی قسەکانی.
مقدادمەدحەت بەدرخان کەسێکی سەربەخۆو بێلایەن بووە لەڕووی ئینتمای حیزبی و گرۆییەوە ، بەڵام کەسێکی موسڵمانی کورد پەروەری دڵسۆز بووە بۆ گەل
و نیشتمانەکەی .
هەر ناولێنانی ڕۆژنامەکە بە(کوردستان) ، ئاماژەیەکی گەورەیە و دەیسەلمێنێ ،کە مقداد خەمی کوردو کوردستانی بووەو وەک خۆی دەڵێ بۆ خێرو خزمەتی کوردان ڕۆژنامەکەی لەسەرحسابی خۆی و بەماندوبوونی خۆی دەردەکات، بۆیە بە ناوەکەی و بە شیتەڵکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو ( 5) ژمارەی سەرەتای (کوردستان) بۆمان دەردەکەوێ کە مقداد مەدحەت بەدرخان وەک بیروبۆچون ، ڕێبازێکی (ئیسلامی - نەتەوەیی) یان (نەتەوەیی - ئیسلامی) هەبوەو (کوردستان)یش ئاراستەکەی نەتەوەیی - ئیسلامی بووەو مقداد پێی وابووە کە گەلی کورد خاوەنی ناسنامەی لێک گرێدراوی ( نەتەوەیی و ئاینی) خۆیەتی .
ئەمەش هەم لەبنەماڵەکەیدا ڕەنگی داوەتەوەو هەم لەو سەردەمەشدا ئەم ناسنامەیە باوبووە .
-مقداد لە ڕۆژنامەکەیدا بەنەرمی موخاتەبەی دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتان عەبدولحەمیدی کردوەو هێرشی توندی نەکردوە ،بەڵکو داواکاریەکانی لەشێوەی سکاڵاو عەرزوحاڵ بڵاوکردۆتەوە ، هەروەها مقداد لەنوسینەکانیدا داوای دامەزراندنی دەوڵەتی
سەربەخۆی کورد و جیابوونەوەی کوردی لە دەوڵەتی عوسمانی و مافی سیاسی بۆکورد نەکردوە، چونکە لەلایەک بیری نەتەوەیی بە مەفهومە سیاسیە ئایدۆلۆجیەکەی ، هێشتا بەتەواوی نەخەمڵیبوو ،لەهەمانکاتدا عوسمانیەکانیش بەناوی نەتەوەی تورکەوە ،دەوڵەتیان بەڕێوە نەدەبرد ، بەڵکو دەوڵەتی عوسمانییان وەک چەترێک وێنا دەکرد ،کە هەموو نەتەوە موسڵمانەکان لەژێریدا کۆبونەتەوە ، لە ( تورک و کوردو عەرەب و چەرکەس و هتد ).
مێژوو نوسی گەورەی کورد ( ئەمین زەکی بەگ) لە شوێنێکدا دەڵێ : تاکو تورکەکان باسی نەتەوەی تورک و دەوڵەتی تورکیایان نەکرد ،ئێمەش باسی کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستانمان نەکرد ،بەڵام کە پاش جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی ، تورکەکان بەسەرکردایەتی ( مستەفا کەمال) دەوڵەتی نوێی تورکیایان دامەزراند ، ئێمەش ئیتر مافی خۆمان بوو وەک نەتەوەی کورد باسی خۆمان بکەین.
ڕەنگە بەشێک لەو شێوازە نەرمەی مقداد بەدرخان ، لە پەیامەکانیدا بۆ (باب العالی) پەیوەندی بە کەسایەتی خۆی و هەروەهانیازی گەڕانەوەی بۆ(ئەستەمبول) ەوە
هەبووبێت.
لەپاش گەڕانەوەی مقداد مەدحەت بەدرخان بۆ ئەستەمبوڵ و بەجێ هێشتنی (ڕۆژنامەی کوردستان)، (عەبدولرەحمان بەدرخان) ی برای بەحوکمی ئەندامێتی لە کۆمەڵەی ( اتحادوترقی) یان پەیوەندی و هاوسۆزی بۆیان ، تاڕاددەیەک ئاراستەی ڕۆژنامەکەی گۆڕی و شێوازی پەیامەکانی کەئاراستەی (باب العالی) دەکرد ، تاڕاددەیەک توند بوو.
بۆیە هەندێ لەلێکۆڵەران پێیان وایە (کوردستان) لەبنەڕەتەوە ، یان لانیکەم لەخولی دوەمیدا لەسەردەمی عەبدولرەحمان بەدرخاندا ، زمانحاڵی (کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی) بووە، کەئەم کۆمەڵەیە پەیوەندی بە (ڕێکخراوی ماسۆنی جیهانیەوە) هەبووە.
لەکۆتاییدا دەمەوێ بڵێم ، ڕۆژنامەی (کوردستان) ئەگەرچی لەو دووخولەدا ژمارەیەکی زۆری لێ دەرنەچوەو لاپەڕەکانیشی زۆرنەبوون ، بەڵام بەهایەکی مێژویی و سیاسی و کەلتوریی گرنگی هەیەو شیاوی ئەوەیە کەتوێژینەوەی زیاتر لە سەر ناوەڕۆکی ژمارەکانی بکرێ، لەهەردوو خولداو ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکە زیاتر شی بکرێتەوە، نەک تەنهاباسی لایەنی شەکڵی و هەلو مەرجی دەرچونی و ئەو شتانە بکرێ .
------------------------
• سەرچاوەکان :-
+ کوردستان.. یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی / د. کەمال فوئاد - چاپی یەکەم بەغدا ١٩٧٢ ، چاپی سێیەم تاران ٢٠٠٦- دەزگای بەدرخان.
+ زانیاریە تایبەتەکانی نوسەر لەسەر ڕۆژنامەکەو مێژوی ڕۆژنامەگەریی کوردی.