دەست بۆ ناوەکان مەبەن
سامان وەستا بەكر
3 ساڵ لەمەوپێش
سامان وەستا بەكر
دەبوو پاش ٣١ ساڵ لەحوکمڕانی خۆماڵی ئێستا باس لە ئەزموونی سەرکوتوو و مۆدیرنی کوردستان بکرایە نەک تا ئێستاش چاومان لەسەر ئەزموونی خۆجێی و بەڕێوەبەری وڵاتانی تری دنیابێ.
گەلی کورد گەلێکی بندەست و چەوساوەی ناوچەکە بووە لەمێژەوە، زۆر تامەزرۆی ئازادی و حوکمی خۆماڵی کوردی بووە، ئەبوو هەر بەو تامەزرۆییەش، شێلگیرانە هەڵپەی بووایە بۆ دروستکردنی موئەسەسات و حوکمێکی رەشید کە شایستەی گەلێکی ستەمدیدە و بندەست بووایە. حوکمێک کە تاکی کوردی هەستی بەچێژی ئازادی و سەربەخۆیی بڕیاردانی خۆماڵی بکردایە، حوکمێک کە بەتەمەنەکان بەنەوەکانیان بووتایە دەستمان دامێنتان نەکەن ئەم سەربەخۆییە لەدەستبەن و بگەڕێنەوە ژێردەستی شۆڤێنی و رەگەزپەرستەکانی نەتەوەکانی سەردەست، بەڵام مەخابن کەمن ئەو بەتەمەنانەی پڕکێشی داوایەکی لەو جۆرە لەنەوەکانیان بکەن چونکوم سەردەمی بندەستی حوکمی شۆڤێنیەکان ئازادی نەبوو بەڵام سک تێربوو، مەخابن ئێستا هەم سک برسییە و هەم ئازادیش سنوردارو لەقاڵبدراوە.
دەسەڵاتی قوڵی خێڵەکی
دەسەڵاتدارانی هەرێم بێزاردەبن و پێیانخۆش نیە پێیان بوترێ کە بەهزری خێڵەکی وڵات بەڕێوەدەبەن، بگرە بە نەنگیشی دەزانن بەڵام چەن نیشانەیەکی زۆر دیارهەیە کە تابێت ئەو جۆرە لە حوکمڕانیە رژدتر و توندوتۆڵتردەکا و بەردەوامیش کاری لەسەر دەکەن کە دەیسەلمێنێ جۆری حوکمڕانی هەرێم خێڵەکیە بەپلەی نایاب.
ئەگەر سەرنجێک بخەینە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێـم زۆر بەڕوونی هەست بە بوونی «دەسەڵاتی قوڵ» دەکەی، جەوهەری بابەتەكە ئەوەیە كە كەسانێك لە پشتی دەزگاو دامەزراوەكانەوە بڕیاردەدەن و هیچ پۆستێكی فەرمیان نییە لە دەزگاكانی تەشریعی، جێبەجێكارو دادوەریدا. كۆمەڵە كەسانێكن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی سیاسیی و دارایی و كۆمەڵایەتی خۆیان كاردەكەن، كۆسپن لەبەردەم بەدیموكراتیزەكردنی دەسەڵات و دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كۆسپن لەسەر پروسەی سیاسی و حوكمی یاساو مافی مرۆڤ و ئازادییەكان، لەسەرووی لێپرسینەوەی فەرمی دەسەڵاتان.
تورکیا لەسەردەمی کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرست و فاشیدا هەندێ دەسەڵاتی لەسەروی دەسەڵاتەكانی تر بەخشیە سوپا و جەنەراڵەكانی، بە پاساوی پارێزگاری كردن لەعلمانیەتی توركیا، بەڵام نەی بەخشییە کوڕو براو کەسە نزیکەکانی خۆی بەجیاوازی ئەوەی لای ئێمە.
ئەوەی لا ئێمە جۆرێکە لەحکومڕانی وێنەی زۆر کەمە تا ئاستی نەبوون، دوورنیە حکومەتی هەرێم تاکە دەسەڵاتبێت لەو جۆرە ئەویش ئەویە کە خێزان زاڵ و لەپێشترە لە تایەفەو تایەفەش لەپێشترە لە خێڵ بۆ جێبەجێکردنی «دەسەڵاتی قوڵ» لەناو «دەوڵەتی قوڵ»ا، کە ئەمە بابەتێکی ناوازەو سەمەرەی بەڕێوەبردنە.
ئەگەر راستگۆبین لەناو خێزانە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمدا دەتوانین بەڕوونی خێزانی بارزانی وەک داهێنەری ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن و دەسەڵاتداری دیاربکەین، کوردەواریش دەڵێ «گەورە ئاوەڕژێنێ بچوک پێی تێئەخشێنێ».
خێزانی بارزانی زۆر بەپەنهانی و بێ سڵەمینەوە بەردەوام خەریکی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی قوڵن، بەناچاری لێرەدا دوو نموونە وەرەگرین کە تازەترین کارەکانی خێزانی بارزانین بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵی خێڵەکی.
یەکەم: لەسەروبەندی کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کومار پ.د.ک وشیار زێباری کاندید کرد، پ.د.ک لە هەموو کەس باشتر دەیزانی کە زێباری تێناپەڕێ، بەحوکمی ئەوەی متمانەی لێوەرگیراوەتەوە وەک وەزیر بەڵام هەر کاندیدیان کرد، دڵگرانیش نەبوون کە دادگای فیدراڵی کاندیدبوونەکەی هەڵوەشانەوە چونکوم پارتی یان راستر بڵێین پارتی نا بەڵکو خێزانی بارزانی کاندیدە دڵخوازە شاراوەکەی خۆیان ئامادەکردبوو کە ئەویش رێبەر ئەحمەد بارزانی وەزیری ناوخۆیە، ئاخر لەدیدی خێزان و خێڵا بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی قوڵ باشترین کەسەکان ئەندامانی خێزان پاشان تایەفە و دواتر خێڵ و هۆزن بەپلەبەندی، هۆشیار زێباری راستە خاڵی سەرۆکی پارتیە بەڵام بارزانی نیە، بەڵام رێبەر ئەحمەد بارزانیە واتە لەڕیزبەندی پلەبەندیدا خاڵێک لەپێشترە، واتا لەکاتێکدا کە زۆربەی دەسەڵاتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای خێزانی بارزانین و ئەوانەی بەفەرمیش لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندانیە ئەوان لەڕێی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی قوڵەوە کەسێکی خێزانی خۆیان بۆ پۆستە گرنگ و پڕ بەهاکان داناوە، بۆیە بۆ توندوتۆڵکردنی دەسەڵاتی قوڵ پێویستیان بەکەسێکی خێزانی خۆیان یان خێڵی خۆیانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە ئەویش ڕێبەر ئەحمەدە.
ئەگەر بابەتەکە چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵ نیە خۆ لەناو پارتیدا بێجگە لەو هەموو کادێرە پێشکەوتووە، ئەو هەموو پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆیە، ئەو سەرکردایەتیە فراوانەی پارتی، ئەو خەڵکە نوخبە و رۆشنبیرەی کە پارتین و بۆ پارتی کارەکەن، لەوانەش لەپێشتر مەکتەب سیاسی پارتی خەڵکێکی تیایە کە شیاوی ئەو پۆستەن، هەر بۆ نموونە فازیڵ میرانی کە لای عێراقییەکان ناسراوە و گونجاوترە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەتێڕوانینی تەسکی خێزانی بارزانی میرانی ناکەوێتە ناو چوارچێوەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵەوە لەناو دەوڵەتی قوڵدا، هەرچی سەبارەت بەکادێرو ئەندام و سەرکردیەتی سلێمانی پ.د.ک هەیە، ئەوانە نەک ناکەونە چوارچێوەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵەوە، بەڵکو ئەوان بەر «نەفرەتی سلێمانی بوون» کەوتوون ئەگەرنا چەندین کەسانی شیاو بەئەزموون و سەرکەوتوویان تیا دەدۆزرێتەوە.
دووەم: ماوەیەکە ناوبەناو مێردمنداڵێک بەناوی «مەلا مستەفا»وە لە شوێنە فەرمی و کۆڕو داودەزگاکاندا بەشداری دەکا و دەرەکەوێ، لە کۆبوونەوە گرنگ و چارەنووسازەکاندا بەشداردەبێ، ئەم مێردمناڵە یەکێکە لە دیاریترین دەرکەوتەی چەسپاندنی دەسەڵاتی قوڵ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئامدەش دەکرێ کەببێ بە کەسی یەکەم و گرنگی هەرێم، لەم خاڵەیاندا خێزانی بارزانی غەدر لە بارزانی باپیر دەکەن، چونکە لەگەڵ هەر دەرکەوتنێکی ئەم مێردمناڵەدا چەندین وشەی نەشیاوو جنێو دەوترێت و روو لەبارزانی باپیردەکات، بەمەش لە شکۆو خەبات و ماندووبوونی مەلا مستەفای باپیر دەدرێ، بەناڕاستەوخۆش لەبەهای یەکێک لەسەرکردە مێژووییەکانی میللەتی کورد دەهێنرێتە خوارێ، کە ئەمەش باش نیە بۆهیچ میللەتێک چونکوم ئەگەر بتەوێ گەلێک بڕوخێنی دەتوانرێ بەسێ هۆکار ئەو کارەبکرێ کە یەکێکیان سوککردن و کەمکردنەوەیە لە خەبات و تێکۆشانی سەرکردەکانی گەلێک، دووانەکەی تریشیان بێبەهاکردنی مامۆستاو لەبەرچاونەگرتنی رۆڵی دایک و باوکە.
دەسەڵاتی خێڵکی
خێڵ هەمیشە گرنگی بەچواردەورەکەی خۆی دەدا کە پێکهاتوون لەخەڵکانی خێڵ و هۆزەکەی خۆی، لەناو ئەوانەشدا گرنگی زیاتر بەخزم و تایەفە دەدات، لەناو ئەوانیشا گرنگی هەرە زۆر بۆ خێزانە، ئەمەش یەکێكە لە دیارترین سیماکانی حوکمڕانی هەرێم.
دەسەڵاتی هەرێـم دەسەڵاتێکی خێڵەکییە، خێڵ گرنگی بەچواردەورو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەدا ئەگەرچی لەسەر شان و حسابی خەڵکی ترو ناوچەیەکی تریشبێ.
ئەگەر شوێنی نیشتەجێ بوون و هاتوچۆی خۆیان ببینی زۆر بەڕوونی دەزانی کە ئەمانە خەڵکێکن بە هزری خێڵ وڵات بەڕێوەدەبەن، چاویان تەنها ئەو شوێنانە دەبینێ کە کۆڕو کۆبوونەوەی تیادەکەن و کۆشک و تەلارو باڵەخانەی پێشوازی میوانەکانیان و رێگەی هاتوچۆی سەردانیکەرە دەرەکییەکانیان گرنگی پێدەدەن، لەباشترین کارەکانیشیان ئاوەدانکردنەوەی ناوچەیەک و وەلانانی نانی ناوچەیەکی ترە تا رق و کینە لەناو خەڵکدا دروستبێت بۆ نموونە گرنگییان بەهەولێرو وەلانانی سلێمانی کاری حکومەتێکی رەشید نیە هێندەی سیمای خەڵکانێکی خێڵەکی و کاڵفامی سیاسی پێوەدیارە.
ناشرینکردنی ناوە جوانەکان
یەکێک لەقێزەونترین کارە نابەرپرسەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ناشرینکردنی ناوەکانە تاکو لەبری ئەوەی خەڵکی نەفرەت لەسیاسییەکان بکات بکەوێتە داوی پلان بۆداڕێژراوی دەسەڵاتدارە سیاسییە بازرگانەکانەوەو ئەوان لەبیرکرێن و تاوان بکرێتە ملی شارەکانەوە.
لەدنیای سیاسیدا دوو وڵات کاتێک لەسەر هەر بابەتێک گفتوگۆبکەن ئەوا لە نووسین و دەربڕینەکاندا ناوی پایتەختی وڵاتەکە بەکاردەهێنن چونکە واباوە دەسەڵاتی جێبەجێکارو حکومەت لە پایتەختە، بەڵام لەکلتوری سیاسی هیچ وڵاتێکدا نەبینراوە کە دوو شاری ناو وڵاتێک هاوشێوەی دوو وڵاتی سەربەخۆو جیاواز بەناوی شارەکانەوە بانگی یەکتربکەن و لەو رێیەوە هەڵەو چەوت و چەوێڵی خۆیان بەیەخەی شارەکاندا بسون.
پارتی و یەکێتی ماوەیەکە زۆر بەڕوونی هەرچی دزی و گەندەڵیەکانیانە، هەرچی نەزانی و نەشارەزایی بەڕێوەبردنیایە، هەرچی رق و تۆڵەیانە بەناوی سلێمانی هەولێرە ئاڕاستەی یەکتری دەکەن، بۆ نموونە داهات دیارنیە و حکومەت بەشە بودجەی سلێمانی نانێرێت، بەشە بەنزین و نەوتی سلێمانی نانێرێت و لەبازاڕی رەشدا ساغی دەکاتەوە، پارەی دەرمانی نەخۆشخانەو پرۆژەکان واژۆ دەکات و پارەکەی سەرف ناکات کەچی دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز دەڵێن «هەولێر» گەمارۆی خستۆتە سەر سلێمانی، لەڕاستیدا ئەمە دەربڕینێکی هەڵەیە.
پارەی سلێمانی دیار نامێنێت و بانکەکان چۆڵکراون و سویلەیان نیە بۆ دابەشکردنی مووچە، داهات ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، کەچی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد دەڵێن «سلێمانی» داهات ناگێڕێتەوە، لەڕاستیدا ئەمەش دووبارە دەربڕینێکی هەڵەیە، ئەمە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز کاری بۆدەکەن، تا لەو نرێگەیەوە کەمتر ناوی خۆیان بهێنرێ و هەدوو ناوی شاری سلێمانی و هەولێر ناشرین بکەن و خەڵکی هەردوو شار بکەن بەدوژنی یەک و سەرقاڵبن و رق و بوغزیان لەدڵدا لەدژی یەکتر دروستبێ، بەوجۆرەش ئەوان لەدزی و گەندەڵی خۆیان بەردەوام دەبن و دەستەچەورەکانیشیان بەناوی هەردوو شاری سلێمانی هەولێردا ئەسوون.
بەداخەوە بەشێک لە میدیاکارەکان جا بەنەزانی بێ یان بەرنامە بۆداڕێژراوی حزبەکانیان هەمان هەڵە دەکەن و هەموو ئەو هەڵەو تاوانانەی پارتی و یەکێتی دەرهەق بەخەڵکی هەرێمی کوردستانی دەکەن بەناوی سلێمانی و هەولێرە ئاماژەی پێدەکەن، هەروەک ئەوەی ئەو دوو شارە دوو مرۆڤی تاوانباربن، ئەمە لەبری ئەوەی هەموو جارێ ناوی خودی دزو گەندەڵکارە بهێنرێ. لەڕاستیدا ئەگەر خەڵکی ئاسایی و عەوام بکەونە هەڵەیەکی لەو جۆرەو تێپەڕێ بەسەریاندا تا ئاستێک ئاساییە، بەڵام کاتێک نوخبە و رۆشنبیرو میدیاکار ئەو هەڵەیە بکات ئەوا دەبن بەبەشێک لەو تاوانەی کە دزو گەندەڵکارەکان دژی ناوە جوانەکان دەیکەن.
ئەوەی دڵخۆشکەرە ماوەیەکە هەندێ کاری هونەری و درامای هاوبەش لەنێوان هونەرمەندانی سلێمانی و هەولێردا دەکرێ کە دەکرێ ببێتەوە هەوێنی گرێدانەوەی ئەو دوو شارە کە پارتی و یەکێتی بەزۆر لەهەوڵی دابڕانیاندان.