داهاتی گشتى وەك بارمتەی دەستی حزب

3 ساڵ لەمەوپێش



هەنگاو هاشم
ململانێ سیاسیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەچوارچێوەیەكی سیاسی تەندروست نیە لەسەر ئاستی كێبڕكێی پڕۆژەو  پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو ململانێیەكە دەبێت هاوڵاتیان باجەكەی بدەن و لەسەر داهات و دارایی هاوڵاتیانی زۆنەكانیانە كە دژ بەیەك بەكاری دەهێنن، پارتی هەوڵدەدات دۆخی دارایی زۆنی سلێمانی خراپ بێت و ئاستەنگ بۆ پێدانی موچەی ئەو زۆنە دروستبێت بە پاساوی نەگێڕانەوەی  داهاتی سلێمانی بۆ حكومەت، لەبەرامبەریشدا یەكێتی وەك ئاستەنگ دورستكارێك دەبیندرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەڕوی داهاتەوە، لەم نێوەندەشدا تەنها هاوڵاتیان و موچەخۆران باجەكەیانداوە.

لەسەر ئاستی حكومەت ئەم كابینەیە كە زۆرینەی پارتیەو  بەهاوبەشی لەگەڵ  یەكێتی و گۆڕان، زۆرینەی كارەكانی بۆ زیاد كردنی داهات لەسەر حسابی هاوڵاتیان بو نەك نەهێشتنی گەندەڵی و ناشەفاف دارایی، ئەوەش لەڕێگەی زیادكردنی باج و ڕسومات و بەتایبەت كردنی كەرتە خزمەتگوزاریە گشتیەكان بوە كە هەم بەم ڕێگایانە داهاتی هاوڵاتیان كاریگەری خراپی خراوەتە سەر هەم لەڕێگەی زیادبونی بەهای دۆلار، كە هەمو ئەمانە كۆمەكن بۆ داهاتی حكومەتی هەرێم، بەڵام سیمای باشبون بەرەو دوبارە بەخشینەوەی داهاتی گشتی بەسەر هاوڵاتیاندا لەحكومەتی هەرێم بەدی نەكراوە، هەروەها لەپرسی هەناردەكردنی غازدا تیمی یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیراندا هەڵوێستیان لێ نەبینراوە، چونی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا كە بەشێكی گەورەی پەیوەست بە گازی سروشتی هەرێمەوە بوە بە بەشداری دوو نوێنەری یەكێتی و گۆڕان بووە.

لەسەر ئاستی پەرلەمانی كوردستان گەر وتەكانی سەرۆكی پەرلەمان وەربگیرێت لەبارەی زۆرینەی پەرلەمانتاران و كاری لیژنە جۆراو جۆرەكانی پەرلەمان ئامارەكانی لەبارەی بەدواداچونەكان لەئاستێكی زۆر نزمە كە 0.0.26 % ئەمە جگە لەوەی ماوەی نۆ ساڵە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نیەو دەسەڵاتێكی گەورە لەپەرلەمانی كوردستان سەندراوەتەوە كە پەیوەندی بەژیانی كۆی هەوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەیە لەڕوی دارایی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و زیاد كردنی شەفافیەت و هتد...
دەبوو پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی گرنگی هەبوایە لەسەر پرسی هەناردە كردنی غازداو ئەو وەكو نوێنەری خەڵكی بڕیاری لەسەردابوایە، بەڵام ئەوە پەرلەمانی كوردستانە خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەم جۆرە بڕیارانە، چونكە ئابوری هەرێمی كوردستان ئابوری حزب و بنەماڵەكانە.

لەكۆتایدا وێنە گشتیەكەی دۆخی ئێستای هەرێم بەقوربانی كردنی هاوڵاتیانە لەسەر ئاستی حزبی و حكومی وپەرلەماندا و لەدێر زەمانەوە پارتی و یەكێتی بەشی زۆری ململانێكانیان لەسەر داهات و پارەو خاڵی گومرگی بوەو  مێژوی خۆی دوبارە دەكاتەوە، بۆیە كێشەكانی ئێستا كێشەی قوڵ دروست دەكەن، چونكە دەكرێت كێشەیەكی سیاسی لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا چارەسەر بكرێت، بەڵام چارەسەركردنی كێشەی ئابوری و دارایی پێویستی بەكاتی زۆر هەیە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار