نزار خه‌زره‌جی
3 ساڵ لەمەوپێش
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
من یاداشته‌كانی نزار خه‌زره‌جیم خوێندوه‌ته‌وه ، ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه ئه‌و چه‌ند درۆزنانه ده‌یه‌وێت خۆی به پاڵه‌وان بكات و روداوه‌كانیش به جۆرێك ئاوه ژوو بكاته‌وه كه ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و كوشت و بڕی كورد جگه له بوختانێك بۆ سوپای عیراقی هیچی تر نیه ، هه‌ڵبه‌ت پێش ئه‌وه‌ی یاداشته‌كانی بخوێنمه‌وه ئێمه سه‌رقاڵی ئه‌وه بووین ئه‌و تاوانباره بده‌ینه دادگا ، راستیه‌كه‌ی له ده‌نیمارك ئه‌حمه‌د عه‌زیزو ئه‌وان خه‌ریك بوون ، بیرمه یان ئه‌حمه‌د عه‌زیز، یان پێشڕه‌و شوانی بوو داوایان كرد ئه‌و بابه‌ته له كوردستان بوروژێنین ، من و ئاكۆ شوانی بۆ ئاماده كردنی راپۆرتێك چووینه گۆپته‌په‌و له هاوڵاتی له سه‌رمان نووسی، بۆ دادگای ده‌نیماركیش سودی خۆی هه‌بوو ، لێره‌دا من نامه‌وێ ئه‌و روداوه بگێڕمه‌وه ، ئه‌وه به جێدێڵم بۆ ئه‌حمه‌د عه‌زیزو هاوڕێیانی تر هه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌زیز كاتی خۆی نامه‌ی یه‌كێتی و پارتی بۆ ناردم كه له ئاستی زۆربه‌رز داكۆكی له خه‌زره‌جی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له ده‌نیمارك وه‌ك پیاوێكی بێ‌تاوان نیشانی بده‌ن .
له‌و پاكانه نووسینه‌ی كه بۆ خه‌زره‌جی نووسراوه له لایه‌ن یه‌كێتی و پارتیه‌وه دكتۆر فواد مه‌عسوم خه‌زره‌جی وه‌ك فریشه نیشانده‌دات ، زۆر له ئه‌رشیفه‌كه‌مدا گه‌ڕام نامه‌كانم نه‌دۆزیه‌وه تا دایبنه‌م ، له دیدارێكی تازه‌دا خه‌زره‌جی كه سه‌رده‌می ئه‌نفالی یه‌ك به‌رزترین پۆستی له‌سوپای به‌عسا هه‌بوو هاشا له هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال ده‌كات و ته‌نانه‌ت ئه‌و بۆچونه‌ی مید ئێست وهۆچیش ده‌خاته درۆوه كه ده‌ڵێت له ئه‌نفالدا 50 بۆ 100 هه‌زاركوردی سڤیل له ناو درا ، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌نفال بۆ پانكردنه‌وه‌ی تێكده‌ره‌كانی كورد بوو به تایبه‌ت جه‌ماعه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی ، باسی ئه‌نفالی یه‌ك ، دوو ، سێ ده‌كات هه‌روه‌ها قسه له قۆناغه‌كانی تری ئه‌نفالیش ده‌كاتو ده‌ڵێت نۆ قۆناغ بوو !!، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌نفال بۆ ئه‌وه بوو كه تێكده‌ره‌كان ته‌مبێ بكرێن چونكه یارمه‌تی سوپای ئێرانیان ده‌دا ، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت گوایه بۆ پاراستنی به‌نداوه‌كانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان بووه ، ئه‌م رووقایمیه جێی سه‌رسوڕمانه‌و ئه‌مه یه‌كه‌م كه‌سیش نیه كه به‌و جۆره نكوڵی له تاوانی جه‌نگ و جینۆسایدی گه‌لی كورد ده‌كات ، پێشتریش سوڵتان هاشم به‌و جۆره دواوه ، ئێمه به نامیلكه‌یه‌ك وه‌ڵاممان داوه‌ته‌وه كه هێشتا چاپنه‌كراوه ، هه‌روه‌ها دكتۆر نه‌وزاد ساڵح ره‌فعه‌تیش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و چاپكراوه .
خه‌زره‌جی ده‌ڵێت باكوری عیراقمان له تێكده‌ران پاككرده‌وه ، به‌ڵام نوێنه‌رانی یه‌كێتی و پارتی له ئه‌وروپا ده‌ڵێن خه‌زره‌جی ده‌ستی له خوێنی كه‌سدا نیه‌و فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی نیشتمانی و بێگه‌رده ، نامه‌كان به عه‌ره‌بی و ئینگلیزی نووسراون ، ئه‌م لێدوانه تازه‌یه‌ی خه‌زره‌جی كه‌من دڵنیام لێدوانی خه‌ڵكی تریشی به دوادا دێت بۆ چه‌ند ئامانجێكه له‌وانه:
یه‌كه‌م : گێڕانه‌وه‌و شیرنكردنی به‌عس لای نه‌وه‌ی تازه‌ی دوای 2003 كه سته‌می به‌عسیان نه‌بینیوه .
دووه‌م : نیشاندانی كورد به دوژمن و ناشرینكردنی لای نه‌وه‌ی نوێی عیراق كه گوایه جودا خواز‌و تێكده‌رن .
سێیه‌م : شێواندنی مێژوو ، كه ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یه‌كه‌و ئێستا له عیراق كاری له سه‌ر ده‌كرێت .
نه‌خه‌زره‌جی له خۆیه‌وه ئه‌و قسه‌یه ده‌كات نه هه‌ندێ میدیای عیراقی له‌م كاته‌دا بێهۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌وروژێنن، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئێستا به‌عسیه‌كان به‌رده‌وام له جم و جۆڵ و ماخۆلاندان و ته‌نانه‌ت بۆ خول و پێگه‌یاندن خه‌ڵك له عیراقه‌وه ده‌به‌نه ئوردن و شوێنگه‌لی دیكه ،ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش كاكه مین نه‌جاڕ باسی له‌وه كرد زۆرێك له به‌عسیه‌كان له هه‌ولێرن .
ئێستا كه خه‌زره‌جی به‌و جۆره قسه ده‌كات ، ئه‌ركی وه‌زاره‌تی شه‌هیدو ئه‌نفاله به نوسراوی فه‌ڕمی داوا له حكومه‌تی عیراقی و هه‌روه‌ها دادگای فیدراڵی بكه‌ن ،ئه‌م جۆره دیدارانه قه‌ده‌غه بكرێت و ئه‌و كه‌ناڵ و میدیایانه سزا بدرێن كه ئه‌و كاره ره‌واج پێده‌ده‌ن ، نكوڵی كردن له كوشت و بڕو جینۆساید خودی تاوانه‌كه‌یه‌و ناكرێت قه‌ده‌غه نه‌كرێت .