سەندیكای پزیشكانی كوردستان داوا دەکات ئەبوبەکر هەڵەدنی داوای لێبوردن بکات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەندیكای پزیشكانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن :" ئەبوبەكر هەڵەدنی سوور بوو لەسەر نەدركاندنی ناوو ناونیشانی ئەو كەسەی كە تۆمەتی خراوەتە پاڵ ئەوەش لەبەر ئەوەی وەك بەڕێزیان دەڵێت "لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی"، لە هەمان كاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا كە داوای لێبوردن بكات.
لیژنەی بەدواداچوونی سەندیكای پزیشكانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەشڵێن" پاش ئەوەی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا بەڕێز ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پزیشكێك تاوانبار دەكات بە دەستدرێژی سێكسی بۆسەر نەخۆشێك لیژنەیەكی تایبەت بەو بابەتە پێكهێندراوە. جەختیش دەكەنەوە لەوەی، "دەبێت ئەبوبەكر هەڵەدنی داوای لێبوردن بكات ئەگینا كەیسەكە دەبەنە دادگا
دەقی راگەیەندراوەكەی سەندیكای پزیشكانی كوردستان:
ئەنجامی لیژنەی بەدواداچوونی سەندیكا لەسەر لێدوانەكانی پەرلەمەنتار ئەبوبەكر هەڵەدنی
1- بەڕێز ئەبوبەكر هەڵەدنی سوور بوو لەسەر نەدركاندنی ناوو ناونیشانی ئەو كەسەی كە تۆمەتی خراوەتە پاڵ ئەوەش لەبەر ئەوەی وەك بەڕێزیان دەڵێت "لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی"، لە هەمان كاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا كە داوای لێبوردن بكات لەهەر پزیشكێك كە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ كرابێت لە ئەنجامی ئەم لێدوانەی.
2- پزیشكان توێژێكی زۆر گرنگی كۆمەڵگان و سامانێكی نەتەوەیین ، پێویستە بەڕێزیان و هەموو لایەك خۆیان بە دوور بگرن لە لێدوانی ناشرین و تەشهیر كردن بەم پیشەیە.
3- ئەم لێدوانەی بەڕێز هەڵەدنیش دەچێتە خانەی زیان گەیاندن بە كاری پزیشكیی و مەترسی بۆ سەر پزیشكان. بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین كە وەكو سەندیكا سوورین لەسەر ئەوەی كە پێویستە ئەم بەڕێزە بە فەرمی داوای لێبووردن لە پزیشكان بكات بە پێچەوانەوە كەیسەكە دەبەینە دادگا و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵە ئەم پێشێلكاری وتەشهیرە دەكەین.
4- سەندیكای پزیشكان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە هەرێم بەردەوام دەبێت لە چاودێری كردن وپاراستنی بنەما و بەها بەرزەكانی دەست دانە پیشەی پزیشكی لە هەرێم و داكۆكیكاری مافەكانی نەخۆش و پزیشكان بەیەكەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە دەبێتەوە كە دەیانەوێت متمانەی هاووڵاتییانی خۆشەویست بە پزیشكان و پیشەی پزیشكیی لە كوردستان لاواز بكەن.
لەگەڵ رێزدا
سەندیكای پزیشكانی كوردستان
