ئایا دەکرێت ئەم سیستەمە لەڕێگای ریفۆرمــەوە چاك بـکرێـت؟
3 ساڵ لەمەوپێش
زاهیر باهیر
پێش هاتنە سەر باسەکە دەبێت ئەوە بڵێێم بەهەزاران پەرتووك و تووێژینەوەو وتار لەسەر ئەم بابەتە نووسراون و بە دەیەهاش بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر وەرگیراوە. لەبەرئەوە ئەمەم نووسینە نەك رەنگە جێگای رەزامەندی گەلێك نەبێت، بەدڵنیاییشەوە مایەی قەناعەتکردن بەهیچ کەسێکیش نییە، بەڵام دەکرێت پرسیار لای خوێنەر بورووژێنێت.
هەمیشە سێ جۆر تێڕوانینی جیاواز هەبووە بەرانبەر بەسیستەمی مەوجوود. تێڕوانینی یەکەم کە تێڕوانینێکی باوو سەردەمیانەیە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە گۆڕانکاریی رەتدەکەنەوە و رادەستی سیستەمەکە بوون. تێڕوانینی دووەم دەزانن کە ئەم سیستەمە کەموکوڕی هەیەو بەڵام تائێستا ئەمە باشترین سیستەمێکە لای ئەمان کە بەشەرییەت بەخۆیەوە دیوە. بەڕای ئەمان دەکرێت بەبەردەوامی لەنێو هەناوی خۆیدا ریفۆرم بکرێت و باشتر ببێت. بۆ ئەمەش باوەڕيان بەهەڵبژاردن و گروپی فشاریی و جۆرە چالاکییە چاکسازییەکان هەیە ، کە دەتوانین ناوی لایەنی ریفۆرمیستیان لێبنێین. لایەنی سێیەم کە کەمایەتییەکی زۆر کەمن و لە لایەن زۆرینەوە بەڵگەو پاساوەکانیان رەتدەکرێتەوە ، ئەمانەش ئەو کەس و لایەنانەن کە باوەڕیان بەگۆڕانکاریی سەرەکی/ بنەڕەتیی واتە هەڵتەکاندنی تەواوی سیستەمەکەو گۆڕینی بەسیستەمێك کەکۆمەڵی ناچیانیەتی و ناپلەبەندییە.
من خۆم لە لایەن و کۆمەڵی سێیەمدا دەبینمەوە. رەنگە نەتوانم جێگرەوەیەکی دروست بخەمە بەردەمی هەموو ئارگویمێنیتکەران چونکە کەسێك نییە کە بتوانێت گوزارشت لەکۆمەڵی ئایندە بکات جگە لەپێشبینی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناکرێت هەتا هەتایە لە سای ئەم سیستەمەدا ژیان بکات بەڕیفۆرمیش ئیسڵاح ناکرێت. بەڵام دەتوانم بە بەڵگەو بەئامارەوە گوزارشت لە باش و خراپی کۆمەڵ و سیستەمی سەردەم بکەم .
هاوکاتیش گرانە بۆ من کە قسە لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دیکەی رۆژئاواو ئەمەریکا و کەنەدا بکەم، بەڵام بۆ قسە لەسەر بەریتانیا گرفتێك لەوێدا نابینم.
بەریتانیا کە خاوەنی یەکەم شۆڕشی پیشەسازی و دایکی سیستەمی پەرلەمانی جیهانی و یەكێكە لەوڵاتە گەوەرکان کە کۆڵۆنایزی گەلێك و ڵات و نەتەوەی کردووە ، هەر ئاواش دووم یا سێیەم وڵاتی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دونیاییە لەدەوڵەمەندی و پێشکەوتنی پیشەسازیییەوە، دەکرێت نموونەی زیندوو و واقیعیمان بداتە دەست لەژیانی کۆمەڵەکەی و ئاراستەو بەردەوامبوونییەوە.
من لەم نووسینەدا هەوڵدەدەم زۆرێك لە لایەنەکان و دەزگا خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵکەکەی هەر زۆر بە کورتی بەئامار و بەڵگەوە بخەمە بەردەم ئەوانەی کە ئەم وتارە دەبینن تاکو، گەر بیانەوێت، ژیان لەسای سیستەمەکەدا وەکو خۆی ببینن.
یەکەم: ژیان بەگشتی لە بەریتانیا: ژیان لێرە رۆژ بەڕۆژ گران و گرانتر دەبێت. گرانییەك کە بەریتانیا لەدوای حەفتاکانەوەو هەندێك لە تووێژەرەوانی بواری ئابوریی دەڵێن لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، ئەم وڵاتە نەیدیوە بەخۆیەوە. من لەزۆرێك لە پۆستە فەیسبووکییەکانماو لە نووسینەکانی دیکەمدا باسم کردووە. کەلێنی نێوانی سەرمایەداران، سامانداران لەگەڵ خەڵکەکەی تردا لەگەورەبووندایە، داهاتی خەڵکی لەداکشاندابووە زۆر لەپێش شەڕی روسیاو ئۆکرانیاوە. پێش شەڕەکە بانقی ناوەندی بەریتانیا رایگەیاند کە لەساڵی 2023 دا داهاتی خەڵکی دەگەڕێتەوە رادەی داهاتی ساڵانی پێش 2010وە، واتە پێش قەیرانە داراییەکە. بێگومان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەم جەنگەوە لەساڵی 2023 دا ئەمە روونادات. هەندێك لە ئابووریناسەکان دەڵێن لەساڵی 2030 دا داهات بەداهاتی پێشس سەردەمی قەیرانی دارایی 2008 رێکدەبێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەم رۆژانە کەڕاپرسی لەسەر کراوە لە بەریتانیا 2 ملیۆن خەڵکی پێگەیشتوو (روشد) ناتوانن کە هەموو رۆژێك خواردن بخۆن بەهۆی گرانییەوە، واتە هەر لە 7 کەسی روشد یەك کەس . ئەم گرفتە لەمانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بەبڕی لەسەدا 57 زیادی کردووە .
وەزیرەکان بۆ حەلی ئەم بارودۆخە ناهەموارە چارەسەری سەیر سەیریان پێیە بۆ نموونە وەزیری هاتوچۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە پشکنینی ساڵانەی سەیارە ببێتە هەردوو ساڵ جارێک، گوایە ئەمە بۆ هەر سەیارەیەك 23 پاوەند دەگێڕێتەوە، بێ گویدانە پرسی سەلامەتی رێگاوبانی هەموان. وەزیری پەروەردە، نەدیم زەهاوی، کە کوردە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ساڵێك زووتر منداڵ لە قوتابخانە وەربگیرێت و تەمەنی چوونە قوتابخانە نزمبکرێتەوە، گوایە ئەمە پارەی ساڵێكی دایەن و دایەنگا بۆ دایکان و باوکان دەگێڕێتەوە.
لەساڵی 2010 و تاکو ئێستا حکومەت بەبڕی لە سەدا 60 بودجەی شارەوانییەکانی کەمکردووەتەوە ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی سێنتەری گەنجان، کتێبخانە گشتییەکان، کەمکردنەوەی پاسە لۆکاڵییەکان و گۆڕینی رێڕەویان، کارایی لەسەر ریسایکلین داناوە هەروەها لەسەر هونەرو کولتوریش.
کەلێنی نێوانی توێژاڵی دەستەبژێر ( ئێلیت) و کرێکاران بەڕادەیەکی ئێکجار زۆر فراوانتر بووە. بەگوێرەی تووێژینەوەیەك و راپرسییەك کە ساڵێك زیاتر پێش لەئێستا کراوە ژمارەی جێ بەجێەکەرانی هەندێك لەکۆمپانیاکان ( بەڕێوەبەرە گەورەکان) کە 350 کەسن بڕی موچەیان 53 جار زیاترە لەکرێکارێکی ئاسایی. لەم ژمارەیە 43 بەڕێوەبەریان موچەیان 100 جار زیاترە لەکرێکارێکی ئاسایی. موچەی ساڵانەیان لە 15.5 ملیۆن پاوەندەوە تا دێتە سەر 8 ملیۆن، ئەوەیان کە موچەی لەوانی دیکە زیاترە جێ بەجێکاری کۆمپانیای ئەسترا زینیکە-یە.
دووەەم: وزەو سووتەمەنی: غازو کارەبا و بەنزین و گازۆیل بەگشتی لەهەموو ئەوروپا بەرزبوونەتەوە بەڵام لە بەریتانیا بەڕادەیەکە کە جێگای باوەڕ نیە. لەسەرەتای مانگی نیسانەوە غاز بەڕێژەی لەسەدا 54 چووەتە سەرەوەو لەمانگی ئۆکتۆبەریشدا دووبارە سەردەکەوێتەوە لەبەرئەوەی کەبڕیارەکەی حکومەت لەسەر دانانی نرخی غاز بەسەر دەچێت و ئەوکاتە کۆمپانیاکان لەبەرزکردنەوەیدا ئازاد دەبن. ئەمە لەکاتێکدا کە بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەم چەند رۆژە کۆمپانیای پیترۆلی بەریتانی لەماوەی 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 5 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە دووقاتی ساڵانی پێشووە بۆ هەمان ماوە، 3 مانگ. هەر ئاواش کۆمپانیای ‹ شێڵیش› ش بۆ هەمان ماوە 7.3 ملیار پاوەندی قازانج کردووە. نرخی بەنزین و گازۆیل لەماوەی ئەم دوو مانگەدا 30 پێنس زیادی کردووە .
راستە بەشێكی گرانبوونی ئەمانە و سەراپای پێداویستییەکان هاتنە دەرەوەی بەریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپاو بوونی شەڕەکەو بەردەوامبوونێتی. بەڵام لەڕاستیدا ئەوانەش نەبوایە ژیان ساڵانە سەختتر دەبێت. هەڵئاوسانی پارە لەمانگی ئازاردا لەسەدا 7 بوو کە زیاترە لە 30 ساڵ لەمەوبەرو وا پێشبینی دەکرێت کە لەمانگی ئۆکتۆبەردا سەرکەوێت بۆ لەسەدا 10. هەموو ئەمان لانی کەم داهاتی ساڵانەی خێزانێکی ئاسایی بەبڕی 1500 پاوەند دابەزاندووە.
راستییەك هەیە کەڕێژەی بێکاریی زۆر نزمە بەڵام ئەوە بەهۆی ئەوەوەیە کە خەڵکێکی زۆر ناچارن کارێك بکەن کە کرێیان لەخوار لایەنی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ملیۆنێك کەسیش وێڕای کارکردنیان بەڵام موچەیان ئەوەندە نزمە بە یارمەتی سێنتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەژین. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو لەوانەی کە کاردەکەن لەسەر سیستەمی زیڕۆ کۆنتراکت-ن واتە بێ گرێبەستیی و هیج جۆرە مافێکیان لە پارەی نەخۆشی و نەخۆشی منداڵیان و هۆڵیدەیی و خانەنشینیەوە نییە ، هەموو چرکەیەکیش خاوەنکار بۆی هەیە دەری بکات و ئەمڕۆ کاری پێدەکات و بەیانی نایەوێت. هاوکاتیش خەڵکێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە کە کار بۆ خۆیان دەکەن تاکو لە فشارو هەراسانکردنی دەزگای سۆشیال رزگاریان بێت و هیچ نەبێت یەك دوو دانەیەك لەو بیمانەی کە وەریدەگرن بەردەوام بێت.
سێیەم : بەشی تەندروستیی: لەماوەی ئەم 30 ساڵەی دواییدا هەموو کارئاساییەك بۆ کردنەوەی خەستەخانە و عیادەی تایبەت کراوە تاڕادەی فەرامۆشکردنی هەندێك بەشیان. هەندێك لە بەشەکانی خەستەخانەکانیش وەکو بەشی چارەسەری کتوپڕی و بەشی منداڵبوون کە کاتی خۆی لە هەموو خەستەخانەیەکدا هەبوون ئەوە چەند ساڵێکە کە هەر بەسێ خەستەخانە یەکێك لەو بەشانەی تێدایە . بەشی ئیسعاف و فریاکەوتن کەرتی دەوڵەوتی و کەرتی تایبەتی بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن. کەرتی تایبەتی لەمەدا پارەیەکی خەیاڵی بەدەستدەهێنێت. لەسەروو 6 ملیۆن کەس لە ئینگلەنددا ، لە لیستی چاوەڕوانی خەستەخانەدان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. خەستەخانەکان نزیکەی 5 هەزار دکتۆرو 40 هەزار نێرسی دیکەیان پێویستە. زۆر جار نەخۆش لەبەشی ئیمێرجنسی 24 کاژێرو هەندێك جاریش 48 کاژێر چاوەڕوان دەکات تاکو بگوێزرێتەوە بۆ قاوشەکان ، هەندێکیش کە داوای ئیسعاف دەکەن چەند سەعاتێك چاوەڕانی دەکەن تا ئیسعاف دەگات.
لەبواری دانسازیشدا ورەدە وردە لەسای حکومەتی موحافیزین و حکومەتی لەیبەردا زۆرێك لەعیادەکان کرانە کەرتی تایبەتی. لەساڵی پارەوە زیاتر لە 2000 دکتۆری ددان کەرتی دەوڵەتییان بەجێهێلاوە ، ژمارەیان 23،733 دکتۆر بووە لەکۆتایی ساڵی 2020 و دابەزیوە بۆ 21،544 . لەئێستادا واخەمڵێنراوە کە 4 ملیۆن کەس لە بەریتانیا بێ دکتۆری ددانن. لەهەندێك ناوچەدا بۆ 100،000 کەس تەنها 32 دکتۆری ددان هەیە.
چوارەم: پرسی خانووبەرەو بێ جێگاو رێگایی: کێشەی خانووبەرە و بێ جێگایی و بێ رێگایی لەساڵی 1979وە کە مارگرێت تاچتەر هاتە سەر حوکم ئەم گرفتە لەگەورەبوون و فراوانبوودایە . هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە دروستنەکردنی ژمارەی خانوی تەواو بوو لەلایەن حکومەتی موحافیزینەوە، هاوکاتیش تاچتەر یەكێك لەو ریفۆرمانەی کە کردی سیاسەتی Right to Buy بوو واتە مافی کڕین. بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئەو کەسانەی کە لەخانوەکانی شارەوانی و خانوەکانی جەمعییەکانی خانووبەرەدا دەژییان، مافی کڕینی خانوەکەیان پێدارا بەداشکاندنی 15 هەزار پاوەندی ئەوکاتە. لەساڵی 2015 دا ئەم برە پارەیە واتە خەڵاتە بەرزبووەوە بۆ 50 هەزار پاوەند. بێگومان ئەم سیاسەتە نەك هەر وای کرد کە ژمارەی ئەو خانوانە کەمببێتەوە و سەرەی دەستکەوتنیان بچێتە سەرەوەو بەڵکو ئەمە دانیشتوانی خانووەکان بوونە خاوەن خانوو و بەستنیەوە بەخاوەنکارەوە کە لەکاتی مانگرتندا جاران یەک جار بیریان لێکردبێتەوە ئێستا دەبێت جەند جارێك بیر لەمانگرتن بکەنەوە، چونکە بە مانگرتنیان یانی بێ پارەییان ، ئەمەش یانی نەدانی سلفەی عەقارەکەیان بە نەدانیشی لەلایەن بانقەوە دەست بەسەر خانووەکەدا دەگیرا. هاوکاتیش بانقی پێ دەوڵەومەندتر کرد بەهێنانی سلفە وەرگری زیاتر بۆ کڕینی خانووەکانیان.
بێگومان هۆکاری دیکەش هەن بۆ ئەمە هەروەکو کەمکردنەوەی بیمەی خانوو کە لەکاتێکدا دانیشتوان کاریان بکردایە، هاتنی خەڵکی زۆر بۆ ئەم وڵاتەو کڕینی خانوویەکی زۆر لەلایەن نەك هەر دەوڵەمەندەکانی ناوخۆ بەڵکو دەوڵەمەندەکانی شوێنەکانی تریشەوە وەکو دەوڵەمەندانی وڵاتانی کەنداو. ئەمانە هەموی کارایی خۆی لەسەر زیادکردنی کەسانی بێ خانوو و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان شەوو رۆژ بەسەردەبەن دانا. بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێ رێژەی ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان دەژین لەساڵی 2010 وە تا ئەمساڵ بەڕێژەی لەسەدا 38 زیادی کردووە.
پێنجەم: منداڵان لەسای حوکمی لیبراڵدا: لەم کۆمەڵە بەناو مەدەنییەدا منداڵان و ژنانی تەنها باڵ ( واتە هەر خۆی لەتەك منداڵەکانیدا دەژی) و کەمئەندامان و خانەنشینان گەورەترین باج دەدەن. لێرە بەگوێرەی راپۆرتی فەرمی نزیکەی 3 ملیۆن منداڵ لەهەژاریدا دەژین ، بەهاتنی ئەمساڵیش 350 هەزار منداڵی دیکە لەو لیستەدا ناونووسکران . خراپی ژیان و گێرمەو کێشەکانی، ژیانی خێزانی هەڵوەشاندۆتەوە و ئیدمانبوونی زۆرێك بە ماددە هۆشبەرەکان و خراپ مامەڵەکردنی منداڵان تاڕادەی لاقەی جنسی کە بەشێکی لەلایەن خودی خێزانەکە و دەوروبەرە نزیکەکەیانەوەیە، هەموو ئەمانە وای کردووە کە زۆرێك لەم منداڵانە کە ژیانێکی زۆر خراپیان هەیە یاخود مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت ببرێنە بەشی خزمەتگوزاری سۆشیال یاخود شوێنی بەئاگابوون لەمنداڵان . بەڵام هەندێك لەم منداڵانە لەتەمەنی مێردمنداڵییاندا رووبەڕوی گرفتی گەورەی وەکو مادە هۆشبەرەکان و شەڕو چەقۆ وەشاندن دەبنەوە، ئیتر دەنێرێنە شوێنێك کە پێی دەڵین Custody (بەشی ئاگالێبوون – ریعایە) هەم بۆ گەورەکردن و هەم بۆ پەروەردەکردنیشیان بۆ رزگارکردنیان لەو گرفتانەی کە هەیانە.
بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی محاسەبەی نیشتمانی (The National Audit Office) کە لەساڵی 2021 دەریکرد دەڵێت نیوەی لەسەدا 53 ئەو منداڵانەی کە لەبەشی کەستەدی-ن لە گروپە ئیتنیکییەکانن . پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەوانەی کە لەکەستەدین لەساڵی 2024 دووقات ببێتەوە.
هەفتە نییە لە شارێک لەشارەکانی بەریتانیا چەندەها کەس بەچەقۆ یاخود گولە نەکوژرێن لەژن و گەنج و تا دەگاتە پیرە پیاوو پیرێژن، بەشێك لەمانە مێردمنداڵانن کە بە هۆیەك لەهۆکارەکان ئاڵاون لەمادە هۆشبەرەکانەوەو لەلایەن گەورەکانی دەڵاڵ و قاچاخچی ئەو مادانە، ئەو منداڵانە بەکاردهێنرێن. بەگوێرەی ئامارێکی نوێ تاوانکردن بەڕێژەی لەسەدا 14 سەرکەوتووە. کوشتنی ژنان لە لایەن مێردو برادەرو کەسانی ناسیاویانەوە رووداوێکە کە هەفتانە لانی کەم دوو ژن دەبنە قوربانیی.
شەشەم: دیموکراتیی و ئازادیی: کە باس لە دیموکراتی دەکرێێت وادەزانرێت هەر هەموو دەزگاکان لەهەموو بوارەکاندا بەهەڵبژاردنە بەڵام لەڕاستیدا ئەو هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی شارەوانییە کە نە نوێنەرایەتی گەل دەکەن و نە نوێنەرایەتی کۆمۆنێتییەکە بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن . ئەوەی کە گرنگە بەهیچ شێوەیەك دەنگی لەسەر نادرێت کە ئەویش ئەو سیاسەتە سەرەکیانەیە کە حکومەت دەیکێشێت بۆ نموونە لەدروستکردنی شەڕو داگیرکردنی وڵاتانی دیکە ، بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان، فرۆشتنی خانوەکانی شارەوانی، دانانی یاساو رێساکان ، کەمکردنەوەو زیادکردنی باج و دانانی راوێژکارەکانیان . لەلایەکی تریشەوە دانانی دادوەرو سەرۆکی پۆلیس و دەزگا سیخوڕییەکان و سەرۆكی بانق و بەڕێوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیاکان و دەزگاکانی دیکە بەدەنگدان نییە.
سەبارەت بەئازادیی-ش لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە ئازادییەك نییە کە کاراییەکی کەم لەسەر سیاسەتی دەوڵەت دابنێت تەنانەت ئەو گروپە فشاریانەش کە دروستدەبن بەهەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری پۆلیس و دەزگای سیخوڕیدان. پۆلیس لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی رەهای هەیە ، ئازادیی نییە لەخۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتندا. کەسە چالاکە نقابییەکان یا چەپەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان لەژێر چاودێری سەرو مڕی پۆلیسدان لەکات داواکردنی ئیشدا یاخود گواستنەوە بۆ ئیشێکی تر شوێنی کاری تازە بەهۆی پۆلیسەوە کونییەی کەسەکەی لە لایەو بەو شێوەیەش ئەو کەسە لەوەرگرتنی کارەکە مەحروم دەبێت.
هەر لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆ نزیکەی 40 ساڵ زیاتر دەزگا سیخوڕییەکان و پۆلیس چاودێری 1150 گرپی چەپەکان کردووەو چوونەتە ناویانەوە. لەم ماوەیەدا 131 پۆلیس تێکەڵاوی گروپەکانی ژینگە و چەپەکان و ئەنارکیستەکان بوون بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە. ئەمەش لەسەرەتای ئەم چەرخەوە دەرکەوت و ئێستا پاش داوا قەیدکردنی ئەو کچە گەنجانەی کە پێیان هەڵخەڵەتان و منداڵیان لێدروستکردن و دواتر خۆیان ون کرد ، لەسەریان لەپارەکەوە لیپرسینەوە و لەگەڵ پۆلیس و بەرپرسانیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەکرێت. هێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و دووبارە بۆ بەشێکی دیکەیان لەڕۆژی سێشەممەوە، 09/05/ وە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردۆتەوە.
من پێشتر بەدەیەها بەڵگەو ئامارەوە بەوتارو پۆستی فەیسبوکی ئەمەم خستۆتە بەردەم خوێنەر.
حەوتەم: گەندەڵی و ریسوایی (فەزیحە): ئەو گەندەڵییەی کە لەم وڵاتەدا هەیە وێرای هەبوونی میدیاو سۆشیال میدیایەکی چالاك و لایەن و دەزگای وەچ دۆگ و هۆشیاریی خەڵکەکە لەم وڵاتەدا هەیە، رەنگە ئەم گەندەڵییە هەر لەو وڵاتانەدا هەبێت کە کاتی خۆی کۆڵۆنی بەریتانیای عوزما بوون وەکو عێراق و پاکستان و هیندستان و نایجیریا و ... بەڵام تەنها جیاوازییەکە لێرە و لەوێ بەیاساییکردنی دزی و گەندەڵییە بەناوی کردنی لۆبیی-یەوە. من لەسەرئەمە لەساڵی 20111 دا وتارێکی دوورودرێژم نووسی بەڵام لەو کاتەوە گەندەڵییەکان زیاتری کردووە نەك کەمتر وەکو کڕینی خەڵاتی مەلیکە کە حزبەکان بە تایبەتی حزبی موحافزین کەسەکان هەڵدەبژرێت، کڕینی پلەی نۆبڵ و Sir خاتوون / خانم و پایە ی حکومەیی، وەرگرنتی کۆنتراکت و قۆنتەرات ، بە تایبەت لەو کاتەوەی کە پەتای کۆرۆنا سەریهەڵداوە بە دەیەها ئابڕوچوون و گەندەدڵی لەحکومەت دەرکەوتووە.
هەشتەم : پرسی ژینگە: باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت بەرگریی لەسەلامەتی ژینگە کە سەلامەتیی هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرێكە بەمرۆڤیشەوە لەسای ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانییەوە لەهیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا بکات و ژینگەش پارێزراو بێت. رووداوە سروشتیەکانی وەکو سەرکەوتنی پلەی گەرمیی تاڕادەی ئاگرکەوتنەوە و وشککردنی هەموو شتێك وەکو چۆن پارەکە لەکوردستاندا روویدا ، لافاو و تۆفان رووداوێکن کە بە بەردەوامی روودەدەن و ساڵ لەدوای ساڵ زیاترو بەدەوامتر روودەدەن. باوەڕ ناکەم کەسێك هەبێت نکوڵی لەمە بکات. ئەم بارودۆخەش مرۆڤ کردە نەك خوا کرد، سەرەنجامی سیستەمی چیانیەتی و باڵادەستی و سەروەریی و بزنسەو دەوڵەت ناتوانێت لغاوی بزنس و تەماحی کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بکات و ژمارەی سامانداران مەحف بکاتەوە لەبری زیاترکردنیان.
ئەنجامگیریی
من لێرەدا لەو کەسانە پرسیار دەکەم کە لەم وڵاتە و وەکو ئەم وڵاتەدا دەژین کە ئەگەر ئەم هەموو گیروگرفتەی هەبێت و ساڵ بەساڵیش خراپتر دەبیت ئایا دەکرێت ئومێدی ئایندەی باشتری لیبکەیت؟ دوای ئەوەش لەو کاتەوەی کە من لەم وڵاتەدا دەژیم فرمانداریی هەر سێ حزبە سەرەکییەکە : پارتی موحافیزین ، پارتی کرێکاران (لەیبەر) پارتی لیبراڵ دیموکرات هەر هەموویانمان بینی لەگەڵ پارتی سەوزی ئەڵمانی کە جیراڵد شرۆدە-ی سەرۆکی پارتی سەوزی ئەوێ بووە چانسلەر، ئێستا سەرۆکی پرۆژەی Nord Stream ئەندامێکی چالاکی بۆردی Gazprom یشە. راستە ‹پارتی کرێکاران› لێرە ( بەریتانیا) کە هاتەسەر حوکم چەند ریفۆرمێکی کردووە وەکو زیادکردنی بیمەی منداڵان و دانانی جۆرێکی دیکە لە بیمە بۆ هاوکاری زیاتری ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و بەرزکردنەوەی بڕێکی کەم لەداهاتی خانەنشینان بەڵام هاوکاتیش سسیتەمی کاری هاوبەشی کەرتی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی دانا، فرۆشتنی خانووەکانی شارەوانی زیاتر کرد ، بەپشتی دەوڵەتی ئێرە ئەمریکا شەڕی ئەفغانستانی کرد و عێراقی داگیرکرد، مەنحەی قوتابیانی زانکۆی بڕی و کردی بەقەرز جگە لە تۆێژاڵێکی زۆر کەم کە دەکرێت بە بەلاش زانکۆ تەواو بکەن. قەرزی قوتابیانی زانکۆ کە ساڵانە لە 9 هەزار پاوەندەوە دەستپێدەکات پارەیەکی ئێکجار زۆرە کە بڕێکیان تا کۆتایی ژیانیان رەنگە نەتوانن ئەو پارەیە بدەنەوە.
با واز لەهەموو ئەو ئامارو ئاماژانە کە من لەم وتارەدا پەنام بۆ بردوون بهێنین و بیانخەینە سەبەتەی خۆڵەوەو پشتی پێنەبەستین ، بەڵام حەقیقەتێك هەیە، واقیعێك هەیەو تەرجومەی ژیانحاڵی کۆمەڵ دەکات کە ساڵ بەساڵ بارودۆخی بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتیمان خراپتر دەبێت. من نامەوێت لیستی ئەوانە بکەم، چونکە هەموومان ئەوە لەژیاندا دەبینین. بەڵام دەکرێت پرسیارێکی دیکە بکەین هەر لەو واقیعەوە، گەر ژیانی خەڵکی باشتر بووبێت بەتێپەڕینی 12 ساڵی رەبەق کە 3 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێکردو پاش فشارێکی زۆری گروپە فشارییەکانیش ئەی بۆچی لە هەڵبژارادنی ئەندامانی شارەوانییەکانی رۆژی 5 ی ئەم مانگە (ئایار) دەنگدەر سزای حزبی حاکمیاندا نزیکەی 400 کورسییان لەدەستچوو؟ بڵیی خەڵکی بەهەڵە ئەمەیان کردبێت؟ یاخود بێ عەقڵ بووبێتن و هەستیان بەباشبوونی ژیانیان نەکردبێت پاش تێپەربوونی ئەم هەموو ساڵە؟ بۆچی خەڵك بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکانن سەبارەت بەپرسی ژینگە ، ئازادیی ، کوژرانی ژنان ، قورسبوونی ژیان ، چاكسازی لەخەستەخانە و قوتابخانەکان، خانوو بەرەو بێ جێگاو رێگایی..؟
حوکمڕانانی بەریتانی نەك هەر لەباشکردنی ژیانی هاووڵاتیانیاندا شکستیان هێنا، بەڵکو لەسیاسەتی دەرەوەیان و باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەش لەڕێگای گۆڕینی رژێمەکانیانەوە شکستێکی ئێکجار گەورەیان هێنا : نموونەی زیندوو عێراق، سوریا، لیبیا ، ئەفغانستان . ساڵانە لەئەفغانستان 4.5 ملیار پاوەندیان سەرف کردووە بەڵام لەکۆتاییدا تاڵیبانیان هێنایەوە سەر حوکم.
بێگومان دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوانەی کە دێنە سەرحکوم جێ بەجێکەری فرمانەکان و پیدوایستییەکانی بزنسن بۆ سەرمایەی زیاتر بەکردنی داخوازییەکانی بزنس بەیاسا بۆ هەژارکردنی هاووڵاتیان و کەلەبچەکردنی «یاسا شکێنان» .
لایەنگری لەدەوڵەت و سیستەم بەدانی لەسەدا 80 موچە بۆ ئەو کرێکارانەی کە کاریان لە سەردەمی کۆرۆنادا، دەکەنە دەسکەگوڵی دەوڵەت و باشی دەوڵەتمان پێدەفرۆشنەوە. لەڕاستیدا ئەوە سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا هەموویان هەمان سیاسەتیان بەکارهێنا. مەسەلەکەش لەمرۆڤدۆستی و دڵسۆزی و وەلایان بۆ کرێکاران نەبوو، بەڵکو لەبەر خاتری خۆیان و پاراستنی دەوڵەت و سیستەمی کاریکرێگرتە بوو. دەتوانیت چاوەڕوانی چی بکەیت کە 28 ملیۆن کرێکار لە بەریتانیادا بکەیتە بەتاڵە و فڕێیان بدەیتە سەر جادە ، جگە لە پرۆتێست و راپەڕین و دەستبەسەراگرتنی هەموو سوپەرمارکێت و کارگەکان و دەزگا دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان؟ 28 ملیۆن کرێکار لانی کەم 40 ملیۆن کەس بەموچە و کرێی ئەوان دەژین. ئەمە جگە لەوەی گەر موچە نەبێت خەڵك چۆن قەرزی بانق و سلفەی عەقارو کرێی خانوو قیستی کۆمپانیای تەئمین و پارەی غازو کارەباو سووتەمەنی بداتەوە ، ئایا بزنس لەدەوڵەت خۆش دەبێت لەحاڵەتی ئاوادا؟ بێ گومان نا.
بۆ ئەمە دەوڵەت 5.2 ملیار پاوەندی سەرف کرد کە لەمە 3.5 ملیاری چوونە لای کەسان و کۆمپانیا و بزنسی ساختە کە هەندێکیان هەر وجوودیان نەبوو. حکومەت لەم بڕە پارەیە 2 ملیار پاوەندی ئەو قەرزەی سڕییەوە، چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چۆن سەرفیان کردووە . ئەوەشی کە ماوەتەوە لە غەرغەرەدایە. ئەمە هاوکارییەکەی دەوڵەت بوو .