چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هەواڵی گەنجان
3 ساڵ لەمەوپێش
زنە ئازاد
پێم وایە کە ئەگەر خەڵک لە 10٪ درکی بەو مەترسییانە کردبێت کە خراوەتەسەر باشوری کوردستان ئەوا بەدڵنیاییەوە هەڵوێستكی توندیان دەبوو;
“من ناوم زنە ئازادە خوێندکارم لە بەشی شیکاری نەخۆشییەکان لەزانکۆی کۆمار. داگیرکاری وڵاتی تورکیا بۆ باشوری کوردستان لە ئێستادا لەئاستێکی زۆر بەرچاوو ئاشکرادا دەبیرنرێت لە هەموو شوێنێک و لە هەموو چین توێژێک و لەهەموو کایەیەکدا دەبینرێت، ئەگەر پێشتر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کرابێت. بەڵام ئیستا بە شێوەیەکی ئاشکراو روون دەکرێت. هیچ کەسێک و هیچ دەسەڵاتدارێک لاری نییە و کیشەی نییە. لەو باوەڕەدا نیم کە خەڵکی باشوری کوردستان هەستی بەو مەترسییە کردبێت کە لەلایەن تورکیا دروستکراوە، خەڵکیش درکی بەو مەترسییە نەکردووە کەڕووبەڕوومان دەبێتەوە. پێم وایە کە ئەگەر خەڵک لە 10٪ درکی بەو مەترسیانە کردبێت کە خراوەتە سەر باشوری کوردستان ئەوا بەدڵنیاییەوە هەڵوێستكی توندیان دەبوو و قبوڵیشیان نەدەکرد کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان بکرێتە سەرو دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستیانیش قبوڵی بکات.”
سیاسەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکە دوورە لەهەموو پێوەرێکی مرۆڤایەتی، یاساو ئەخلاقی مرۆڤایەتی؛
“هیچ کەس، لایەن، دەسەڵاتدارێک و دەوڵەتێک قبوڵی نییە کە کەسێک هێرش بکاتەسەر ماف و وڵاتەکەی، بەڵام ئەوەی کە لێرە قبوڵ دەکرێت نازانین پێی بڵێین تیرۆر، هێرشکردن، زەوتکردنی ماف ناوێکی نییە. لەهیچ وڵاتێکدا نەبووە کەپێت قبوڵ بێت لەلایەن دەوڵەتێکەوە هێرشت بکرێتە سەرو هیچ کاردانەووەت نەبێت و قبووڵی بکەیت، بە پێچەوانەوە دەستخۆشی لێبکەیت و بچیتە لایان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکەیت، ناوی نییە ئەم سیاسەتە. بەڵام سیاسەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکە دوورە لە هەموو پێوەرێکی مرۆڤایەتی، یاسا و ئەخلاقی مرۆڤایەتی.”
ئەمە چاوقایمییەکی زۆرە کە بتوانیت بەرەو روو داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەیت و بەڵام لەلایەکی ترەوە لەلایەنی سیاسەت و پەروەردەو کایە جیاوازەکانەوە هەوڵبدەیت هەستی کوردایەتی بکوژیت؛
“نازانم پ د ک چۆن و بەچ نییەتێک داوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکات، بەڵام لە کاتێکدا خۆی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی کوردستان سەربەخۆ نەبێت، کورد بوون نەمێنێت و هەستی نەتەوایەتی و وڵاتپارێزی نەمێنێت. بۆ نموونە هەر ئەو دەسەڵاتەی کە کوردستان بەڕێوە دەبات خۆی رێگەی داوە بەوەی کە هەموو بوارەکانی پەروەردە لەناو کوردستاندا زۆرینەی لە لایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێت، رێگەی داوە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێت و لەهەموو بوارە جیاوازەکانی دیکەوە توکیا دەستتێوەردان بکات. لەگەڵ ئەمەشدا داوای ئەوەی دەکات کەکوردستان سەربەخۆ بێت. ئەو وایکردووە کە بەپێی پەروەردە و دەسەڵات و یاسا لەکوردستاندا زۆرنیەی گەنجی کورد نەیەوێت بە کوردی قسەبکات، گەنجی کورد هەستی بۆ نەتەوەکەی نەبێت. بەڵام هەر ئەم دەسەڵاتە زۆر بوێرانە و ئازایانە رووی دێت کە لە راگەیاندنەوە بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و دەیەوێت کوردستانێکی ئازاد ببینێت، هەموو کەس هەست بە کوردایەتی بکات و هەستی نیشتمانی هەبێت، بە بڕوای من ئەمە چاوقایمییەکی زۆرە کە بتوانیت بەرەو روو داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەیت و بەڵام لەلایەکی ترەوە لەلایەنی سیاسەت و پەروەردە و کایە جیاوازەکانەوە هەوڵبدەیت هەستی کوردایەتی بکوژیت.”
پیویستە هەموو گەنجان کاردانەوەی بەرامبەر دەسەڵاتی کوردی و داگیرکاری تورکیا هەبێت؛
“بەراستی هیچ کەسێک هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان نییە بەرامبەر ئەو داگیرکارییانەی کە لەلایەن تورکیاوە دەکرێت، ماوەیەک بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لەلای هەندێک کەس هەبوو، بەڵام ئەمەش ووردە ووردە کاڵبووەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی راگەیاندنەکان و پەروەردە کاری لەسەر نەکرد. لەهەمان کاتدا ئەمە لاوەکیترین شت بوو کە خەڵک هەڵوێستی پێوەربگرێت تەنانەت خەڵک ئەوەشی نەکردو بەردەوامی نەکرد. بە بڕوای من گەنج و خەڵک هەستی بەداگیرکاری تورکیا نەکردووە بەهۆی ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەودەکرێت. بەڵام پێویستە هەر گەنجێک کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر ئەو مافەی کە لەلایەن دەوڵەتێکی ترەوە لێی زەوتدەکرێت، هێرش دەکاتە سەر ئەو، خەڵکەکەی، دایکی و باوکی زۆر بێباکانە و لەلایەن دەسەڵاتەکەی خۆشی قبوڵ دەکرێت، پێویستە هەموو گەنجان کاردانەوەی بەرامبەر دەسەڵاتی کوردی و داگیرکاری تورکیا هەبێت.”
پشتیوانی لەهەر هەوڵ و جوڵانەوەیەک دەکەین کە دژ بەتورکیا و هەر دەوڵەتێکە کە دەیەوێت خاکەکەمان داگیربکات؛
“من هەتا ئێستا نەمتوانیوە ئەو هەڵوێستەم هەبێت کە لەناخمەوە دەمەوێت و دەمەوێت رووبدات، چونکە بە گشتی خەڵک پێکەوە نەیتوانییوە بەرەو رووی ئەم داگیرکارییە بوەستێتەوە. بەڵام ئەوەی کە توانیومە کردوومە ماوەی سێ ساڵە هیچ جۆرە کاڵایەکی تورکیا ناکڕم، پشتیوانی لەهیچ هونەرمەندێک و کەسێک ناکەم کە جارێک لایەنگری لەسوپای تورکیا کردووە بەرامبەر بە داگیرکردنی کوردستان، ئەوەی کە لەدەستمان دێت ئەوەیە کەڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرشێکی داگیرکەری ببینەوە، پشتیوانی لەهەر هەوڵ و جوڵانەوەیەک دەکەین کە دژ بەتورکیاو هەر دەوڵەتێکە کەدەیەوێت خاکەکەمان داگیربکات.”