مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە لەکوردستان: خۆپیشاندان یان تۆ پیشاندان!

2 ساڵ لەمەوپێش



عومەر محەمەد

مافاکانی مرۆڤ پیدەچێت لە مێژووی زۆربەی وڵاتاندا بە ئاسانی نەبەخشراون بە تاکەکانی کۆمەڵگە، بەڵکو زادەی هەوڵ و کۆششی تاکەکان بوبێت لە ناچارکردنی دەستەڵات بۆ فەراهەمکردنیان. کۆمەڵگە پێشینەکان لە تێکۆشانیاندا زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ ڕیگاو میکانیزمە توندوتیژەکان، وەک یاخی بوون و شۆڕش و ڕاپەڕین. هۆکاری ئەمەش ئایدیاکانی خواوەندی یان جێنیشینی خودایی پادشاکان و توندوتیژی زۆری دەستەڵاتی سیاسی و نەبوونی میکانیزمی ئاشتیانە بووە لە یاسادا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و سەرهەڵدانی بیرۆکەی سەروەری گەل و حکومڕانی دیموکراتیک، ڕیگا و شێوازی نوێ و ئاشتیانە دروست بوون و بۆ داواکردنی ماف، وەک مانگرتن و گردبوونەوەی خەڵک بەشێوازی ئاشتییانە.

خۆپیشاندان یەکێکە لە مافە مەدەنی و سیاسیەکانی مرۆڤ کە، لە یاسای نێودەوڵەتی نوێدا دانی پێدانراوە بۆ تاکەکان کۆمەڵگە. ئەم دیاردە نوێیە لە شێوەی کۆبونەوە و گردبوونەوە ئاشتیانە پیادە دەکرێت بۆ داواکردنی ماف یان هێنانەدیی ئامانجێک لەلایەن تاکەکانەوە. بنچینەی ئەو مافە لەوانەیە ڕەگوڕیشیەکی دێرینی هەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی جەوهەری دەگەڕێتەوە بۆ چاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی (١٩٤٨) دا پەیماننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە مافە مەدەنی و سیاسیەکان لە ساڵی (١٩٦٦). ئەگەرچی ئەو بەڵگەنامانە گشتگیرن و وردەکاری بەڕێوەچونی پڕۆسەکەیان ڕون نەکردۆتەوە، بەلام بەسەرنجدان لە جێبەجێکردنی ئەو مافە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بۆمان دەردەکەوێت کە، بەهەڕەمەکی پیادە ناکرێت. دەبێت یان مۆڵەت وەربگیرێت یان لانی کەم دام و دەزگای تایبەتمەند ئاگادار بکرێت، ئەگەر نا لەوانەیە بە سەرپێچیکردنی یاسا لەقەڵەمی بدرێت.

ئەوکەسانەی کە داوای مۆڵەتی خۆپیشاندان دەکەن پێویستە دەستەیەکی دیار و ئاشکرابن و ئامانج و مەبەستی خۆپیشاندانەکە دیاری بکەن و لێی لانەدەن.

پێویستیشە لەسەر دەوڵەت کە بە ئاسانی مۆڵەتی خۆپیشاندان بدات بە تاکەکانی کۆمەڵگە و ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانەکان بگرێتە ئەستۆ.

هەرچەندە، هەندێک دەوڵەت هەیە لەجیهاندا هەتا ئێستاش ڕێگە بە خۆپیشاندان نادات یان زۆر بە سنورداری ڕێگەی پیدەدات، ئەوەش سەرئەنجام یان سیستەمێکی دیکتاتۆری دروست کردووە یان ڕەوشێکی یاسای و ئاسایشی خراپی دروستکردووە لەو دەوڵەتەدا. هەرچەندە، باسکردن لەخۆپیشاندان وەک مافێکی جەوهەری مرۆڤ، مانای وانییە کە هیچ سنورێک نەبێت لە پیادەکردنیدا، بەڵکو خۆپیشاندان دەبێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە بێت و دوور بێت لە ئاڵۆزی و تووندوتیژی نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سیستەمی حکومڕانی و ئاسایشی نەتەوەی و ئاشتی و سەلامەتی گشتی.

عێڕاق و هەرێمی کوردستانی بەردەوام ئەزمونی خۆپیشاندان دەکەن، بەهۆی ئەو ئاریشە سیاسی و یاسای و ئابورییە قوڵانەی کە دەستەڵاداران دەستەوسانن لە چارەسەرکردنیاندا و زۆربەی خۆپیشاندانەکان بەتوندوتیژی کۆتاییان دێت. لە هەرێمی کوردستاندا، هاوڵاتیان لەوپەڕی قەیراندا ژیان دەگوزەرێنن، بەجۆرێک کەهەتا ئێستا کێشە ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و ڕیگا و بان و بێکاری و هەژاری و خراپی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی هەیە، سەرەڕای ئەو سەرمایە سروشتیە مەزنەی کە هەریمەکە خاوەنداری دەکات. لەکاتێکدا، ژمارەکەی کەم دەوڵەت هەیە ئەو کیشەی سەرەتاییانەی ژیانکردنی مابێت لەڕۆژی ئەمڕۆدا و زۆربەی ئەو دەولەتانەش خاڵین لە سامانی سروشتی. لەوەها بارودۆخیکدا شتێکی چاوەڕوانکراوە کە هاوڵاتیان بڕژێنە سەر شەقام و داوای مافەکانیان لە دەستەڵاداران بکەن.

لە هەرێمی کوردستاندا یاسایەکی تایبەت هەیە سەبارەت بە خۆپیشاندان، ئەویش یاسای ژمارە ( ۱۱) ی ساڵی (۲۰۱۰)، بە ناوی (یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان). بەپێی ئەم یاسایە خۆپیشاندان، مافێکی دەستوورییە و ڕێگە دەدرێت بەپێی یاسا پیادەبکرێت لەلایەن کۆمەڵەیەکی ڕێکخراو یان نیمچەڕێکخراوی خەڵک، بەشێوەیەکی ئاشتییانە لە گۆڕەپان و شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بە ئامانجی درووستکردنی بۆچونێکی یەکگرتووی لەسەر بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو. 

ئەوەی جێگای سەرنجە لەم یاسایەدا، بڕگەی یەکەمی ماددەی سێیەمی یاساکەیە، کە دەڵێت: (پێویستە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان مۆڵەت وەربگیرێت و مۆڵەت پێدانیش لە دەسەڵاتی (وەزیری ناوخۆ یان سەرۆکی یەکەکارگێڕیەکان)دایە. کێشەجەوهەرییەکە لەوانەیە هێشتا ئەوەنەبێت کە، ئەم یاسایە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان، مەرجی مۆڵەت وەرگرتنی داناوە، بەڵکو ئەوەیە کە دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی داوەتە (وەزیری ناخۆ و سەرۆکی یەکەکارگێڕیەکان)، کە هەمیشە کەسانی پلە بالان لە حیزبەسیاسیەکانی کوردستان و بریار لە سەرکردایەتی حیزبەکان وەردەگرن. بڕیاری حیزبەکانیش بڕیارێکی بەرژەوەندی ئامێزە و لەخزمەتی خۆیان یان گروپیکی دیاریکروادایە کە لە ترۆپکی دەستەڵاتە حیزبیەکەیە.

کوردستان جیۆپۆلەتیکێکی ئاڵۆزی هەیە لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا، بەجۆرێک کە لە سەردەمە کۆنەکانەوە پارچە پارچە و شونکەوتەی ئایدۆلۆژیا وسیستەمی دەستەڵاتداری جیاوازە. لە دروست بوونی هەرێمی کوردستانی عێڕاقیشەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، هیچکات یەکێتییەکی سیاسی و یاسای و تەنانەت هەمانگی کارگێڕیش نەبووە لەو هەرێمەدا. تەنانەت لە دوای دروستبوونی ئیدارەی یەکگرتووشەوە، بەردەوام هەست بە جیاوازی لە شێوەی دەستەڵاتداری و جێبەجێکردنی یاساکان دەکرێت لەو زۆنانەی کە هەرێمەکەیان بەسەردا دابەش بووە.

هەرچەندە، لەهەردوو زۆنەکەدا فۆڕمی دەستەڵات هەر ئۆلیگارشیە و ئەوەی کە جیاوازە تەنیا پیادەکردنیەتی. لەهیچ یەکێک لە زۆنەکاندا خۆپیشاندا لەڕاستی کردەیدا وەک ماف جیبەجێناکرێت لەبەرامبەر داواکاری راستەقینە و ڕەوای خەڵکدا. ئەو خۆپیشاندانانەی کە بۆ داواکاری ڕەوای خەڵکە زۆر کەم ڕێگەی پێدەدرێت و هەمیشە بەپاساوی ئاسایشی نیشتیمانی ڕێگەی لێدەگیرێت. ئەو کاتە کەمانەی کە ڕێگەشی پێدەدرێت، هەمیشە بە توندوتیژی کۆتای پێدێت. لەبەرامبەر ئەوەدا، ئەو گردبونەوانەی کە بۆ پستگیری دەسەلات و پیاهەڵدانی دەسەڵاتدارنن، هەرگیز ڕێگەیان لێناگیرێت، تەنانەت ئەگەر دەرئەنجامەکای مردنی خەڵکیش بێت، بۆیە ئەوەی کە لە کوردستاندا ئەزموون دەکرێت لەڕاستی کردەیدا خۆپیشاندان نییە بۆ مافی ڕەوای خەڵک، بەڵکو پیشاندانی هاوسۆزی و پشتگیرییە بۆ دەستەڵاتداران. بەواتایەکی تر، خۆپیشاندان نییە، بەڵکو تۆپیشاندانە!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار