لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ چی باسکرا؟
3 ساڵ لەمەوپێش
پێشەوا هەورامی
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەئەنجام بەڕێوەچوو لەنێوان سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی تایبەتمەندو سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەن و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر کێشەی داهات و مووچەو دۆخی حکوومەت.
🔸لەبارەی حکوومەت
بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە، هەروەکو لەسەرەتای کابینە ڕامگەیاندووەو ئێستاش دەیڵێمەوە، من سەرۆکی حکوومەتی هەرێمم واتە سەرۆک حکوومەتی هەموو شارو شارۆچکەیەکی ئەم هەرێمەم، هەروەک چۆن گوتوومە کاک قوباد جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە،خەمی مووچەی سلێمانی و هەولێر بۆ من یەک خەمەو خەڵکی هیچ ناوچەیەک سزانادرێت و نەدراوەو ئێمە خزمەتی هەموو کوردستان بەیەک ئاست دەکەین.
🔸لەبارەی شەراکەت لەحکوومەت و شەڕی ڕاگەیاندن
بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە، ئەو لایەنانەی بەشداری کابینەن، زەرورەتە هەموومان پێکەوە کاربکەین و واجبی سەرشانی خۆمان بەپێی قەبارەی خۆمان لەناو حکوومەت جێبەجێ بکەین و بەرانبەر هاوڵاتیانمان ئەرکمان لەسەر شانە،حکوومەتێکی ئارام و سەقامگیریش خواستی منەو خوازیاری شەڕی ڕاگەیاندن و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان نیم و هەر ئەمڕۆ داوا لە حزبی خۆم و یەکێتیش وەک شەریکێکی ئەساسی دەکەم کە شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگرن و لەبری ئەمە خزمەتی خەڵک بکرێتە ئەولەوییەت پاڵپشتی هەر هەوڵ و داوایەکیش دەکەم کە دۆخەکە هێور دەکاتەوەو هەر لەو کۆبوونەوەیە پەیام بە ڕاگەیاندنی هەردوولا درا کە ئەم داوایە جێبەجێبکەن.
🔶لەبارەی دۆخی دارایی
سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە،لێژنەیەکی شارەزا لە وەزارەتی ناوخۆو دارایی و کەسانی شارەزا پێکدەهێنن بۆ ڕاستی و دروستی ئەو زانیاریانەی لەسەر داهاتی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان وڕاپەڕین باسدەکرێن، وەزارەتی دارایش لەلایەن سەرۆک وەزیران ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی ئەو عجزەی کە هەیە لە مووچەی فەرمانبەران لەپارێزگای سلێمانی پڕی بکەنەوەو دەبێت داهاتی هەموو کوردستان بەیەکسانی و وەک یەک بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە ، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی پێبکات و خەڵکی ئێمە کێشەکانی ڕابردوو نەبینێتەوە، بۆیە ئەگەر شەریکەکانمان هاوکاربن لە گەڕاندنەوەی هەموو داهاتەکان بۆ حکوومەت کێشەی مووچەی پارێزگای سلێمانیش چارەسەردەبێت،چوونکە ئێستا دەبێت بەپێی هەموو پێوەرێک جیاوازی هەبێت لە داهاتی ناوخۆ لەچاو ئەو کاتەی کە نەخۆشی کۆرۆنا هەبوو.