وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم بۆ هاوڵاتى: رێژه‌ى گیانله‌ده‌ستدان به‌کۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته‌ سفر

هۆشدارى له‌باره‌ى کڕینى گۆشت و کوڵاندنییه‌وه‌ ده‌درێته‌ خه‌ڵک تا خۆیان بپارێزن له‌تاى خوێنبه‌ربوون

3 ساڵ لەمەوپێش



له‌یال ئه‌حمه‌د
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌ تائێستا یه‌ک حاڵه‌تى تاى خوێنبه‌ربوون بوونى هه‌یه‌و رێژه‌ى گیانله‌ده‌ستدانیش به‌کۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته‌ سفر، کوشتارگه‌ى سلێمانیش له‌باره‌ى تاى خوێنبه‌ربوونه‌وه‌ هۆشدارى ده‌داته‌ خه‌ڵک.

ئاسۆ حه‌وێزی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ده‌توانین بڵێین رێژه‌ی مردن به‌ڤایرۆسی کۆرۆنا چه‌ند رۆژێکه‌ گه‌یشتووەته‌ حاڵه‌تی سفرو رێژه‌ی تووشبوونیش به‌ په‌تاکه‌ زۆر نزمه‌ ده‌توانین بڵێین له‌سه‌دا یه‌ک پۆینت یه‌ک، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی حاڵه‌تی پۆزه‌تیڤمان هه‌یه‌ که‌واته‌ ڤایرۆسه‌که‌ هه‌رماوه‌، به‌ڵام وه‌ک پێشتر نییه‌".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد وه‌رگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا هه‌رماوه‌و ژه‌می دووه‌م و سێیه‌می له‌کاتی خۆیدا وه‌رده‌گیرێت بۆ راییکردنی کاروباری رۆژانه‌ی هاووڵاتیان ده‌بێت ڤاکسینت پێبێت، وتیشى:" ئه‌وه‌ بڕیاری لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنایه‌و کار به‌و بڕیاره‌ ده‌کرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت تا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تر ئه‌نجام ده‌درێت". 

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ له‌کۆتایی مانگی نیسانى رابردوو، به‌واژۆی وه‌زیری ته‌ندروستی رێنماییان بۆ گشت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کان و به‌شه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ناردووه‌ که‌ خۆپارێزی له‌م تای خوێن به‌ربوونه‌ ئه‌نجامبدرێت.

" ئه‌م تای خوێن به‌ربوونه‌ له‌پێشتردا هه‌بووه‌، به‌ڵام که‌ حاڵه‌ته‌کان زیاد ده‌کات پێویسته‌ رێنمایی و هۆشیاری به‌خه‌ڵک بدرێت تا خۆیان بپارێزن،  ته‌نها یه‌ک حاڵه‌ت تۆمار کراوه‌ ئه‌ویش له‌شاری هه‌ولێره‌ ".
له‌گه‌رمیان نه‌خۆشخانه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌کۆرۆنا گۆڕدرا بۆ نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ناوى، ئه‌وه‌ش وه‌ک کۆتایى هاتن به‌ نه‌خۆشانى کۆرۆنا له‌گه‌رمیان وه‌سف ده‌کرێت.

سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت: "نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵا له‌که‌لار که‌پێشتر بۆ نه‌خۆشانی کۆرۆنا ته‌رخانکرابوو کراوه‌ بە نه‌خۆشخانه‌یه‌کی  چاودێری وردو قه‌سته‌ره‌ی دڵ، به‌ڵام له‌ئێستادا یه‌ک قاوشی بۆ نه‌خۆشانی هه‌ناوی به‌کارده‌هێنرێت".

هه‌روه‌ها پێشیوابوو گۆڕینى نه‌خۆشخانه‌که‌ به‌ماناى ئه‌وه‌ نایەت په‌تاى کۆرۆنا کۆتایى هاتووه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ حاڵه‌تى سفر.

لێپرسراوی هۆبه‌ی کوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی سلێمانی ئه‌وه‌ روونده‌کاته‌وه‌ که‌ پێویسته‌ هاووڵاتیان گۆشت له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان نه‌کڕن و خۆیان بپارێزن له‌تاى خوێن به‌ربوون.

شاڵاو عارف لێپرسراوی هۆبه‌ی کوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی سلێمانی بۆ هاوڵاتی ئه‌وه‌ی روونکرده‌وه‌، تای خوێن به‌ربوون مێژوویه‌کی کۆنی هه‌یه‌و له‌ساڵی 1970وه‌ له‌عێراق بوونی هه‌یه‌. 

وتیشى:" ‏ ئه‌م تای خوێن به‌ربوونه‌ وه‌کو کۆرۆنا شتێکی تازه‌ نییه‌و ساڵانی پێشتریش هه‌بووه‌، بۆیه‌ رێگاکانی خۆپارێزی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که‌ شاره‌زاین، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م تای خوێن به‌ربوونه‌ ئه‌وه‌نییه‌ له‌ڕێگای هه‌واوه‌ بگوازرێته‌وه‌، کۆنتڕۆڵکردنی زه‌حمه‌ت و ناڕه‌حه‌ت بێت و خێرا بڵاوبێته‌وه‌، به‌ڵکو به‌هۆی به‌رکه‌وتنی راسته‌وخۆ له‌ڕێگای ده‌ردراوه‌ شله‌ی به‌رکه‌وتوویه‌ک یا تووشبویه‌ک ده‌گوازرێته‌وه‌". 

"له‌ناو کوشتارگه‌که‌ به‌رده‌وام به‌قڕکه‌رو دژه‌ ڤایرۆس ته‌عقیم ده‌کرێت که‌ئه‌مانه‌ به‌رده‌وام کاری رۆژانه‌ی خۆمانه‌ نه‌ک ته‌نیا بۆ ئه‌م ڤایرۆسه‌، توانیومانه‌ ساڵانه‌ سه‌رکه‌وتووبین به‌سه‌ر ڤایرۆس و به‌کتریاکاندا"، لێپرسراوی هۆبه‌ی کوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی سلێمانی واى وت. 

هاوکات ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ پێویسته‌ خه‌ڵک په‌نا نه‌باته‌به‌ر کوشتارگه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌کان و ئه‌و گۆشته‌ی ده‌یخوات ده‌بێت تا 60 پله‌ واته‌ 20 ده‌قه‌ بکوڵێنرێت و خانمانیش ده‌بێت به‌ده‌ستکێشه‌وه‌ گۆشت بشۆرنه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ڤایرۆس له‌گۆشته‌که‌دا هه‌بێت و ده‌ستی برین بێت بۆی ده‌گوازرێته‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار