هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا ناكرێتو دەكەوێتە بەهاری ساڵی داهاتوو
نەوزاد ساڵح، راوێژكاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتى
راوێژكارێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەسەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات كە بەو پێیەی یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكراوەتەوەو كۆمسیۆنی باڵا كارا نەكراوەتەوە هەڵبژاردن دەكەوێتە بەهاری ساڵی داهاتوو.
نەوزاد ساڵح، راوێژكاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەسەركردایەتی یەكێتی، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دەخاتەڕوو بوونی چوار بازنەی هەڵبژاردن كە داوای یەكێتی و لایەنەكانی دیكەیە بێجگە پارتی و پێكهاتەكان بۆ ئەوەیە لەسەر بنەمای جوگرافی نوێنەر بگاتە پەرلەمان، دەشڵێت:» ساختەكاری لەچوار بازنەدا كەمتر دەبێتەوە بەراورد بەیەك بازنەی هەڵبژاردن».
هاوڵاتى: گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چین كەوادەكەی دەستنیشان كراوە؟
نەوزاد ساڵح: سەرۆكی هەرێمی كوردستان 1ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵی دیاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەنجومەنی كۆمسیاران راسپێردراون بۆ ئەو پرۆسەیە، بەڵام لەبەرئەوەی دوو گرفتی گەورە هەیە كە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 و ئەم یاسایە پێویستە لەجەوهەرەوە بگۆڕدرێت نەك تەنها هەموار بكرێتەوە.
هەروەها كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەكەیان تەواو بووەو دەبێت تەمەنیان درێژ بكرێتەوەو گرفتی بۆ هەڵبژاردنەكان دروستكردووە، ئەمەش بووەتە خاڵی ناكۆك و لێكترازانی لەنێوان لایەنەكان دروستكردووە كە پارتی و مەسیحی و توركمانەكان لەگەڵ ئەوەدان هەر بەم یاسایە هەڵبژاردن بكرێت و یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش لەگەڵ ئەوەدان هەمواربكرێتەوە.
یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ە تایبەت بەهەڵبژاردنەكان، لە 63 ماددەو حەوت دەروازە پێكهاتووەو تائێستا حەوت جار هەمواركراوەتەوە، ئەگەر ئەمجارەش هەموار بكرێتەوە دەبێتە هەمواری هەشتەم.
هاوڵاتى: بۆچی یەكێتی لەگەڵ هەمواركردنەوەیدایە؟
نەوزاد ساڵح: نەك تەنها یەكێتی، كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتووش هەمان بۆچوونیان هەیەو ئەو لایەنانە پێیانوایە 30 ساڵە بەو یاسایە هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و بەبەرییەوە نەماوە، حەوت جار هەمواركراوەتەوەو ئەمجارە دەبێتە هەمواری هەشتەم.
كۆمەڵێك ماددەی تێدایە پێویستە بگۆڕدرێت، یەكێك لەوانە ماددەی 21، بڕگەی یەكەم و دووەمی ئەوەیە كە كاندیدی دەرچووی پەرلەمان تەنها بتوانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە، واتە ئاستی رۆشنبیری پەرلەمان باسی بڕوانامەو شارەزایی نەكردووە، ئەمە نەنگییەكی گەورەیە كە پەرلەمانتار ئەو ئاستەی هەبێت گرفت دروستناكات.
پرسی كۆتای پێكهاتەكان كە پێنج كورسی بۆ توركمانەكان و پێنج كورسی بۆ مەسیحییەكان و كورسییەك بۆ ئەرمەنەكان دیاری كراوەو لایەنەكان قسەیان لەسەر كردووە بەیەكێتیشەوە، یەكێتی پێیوایە ئەمانە نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان نین.
بۆ نموونە مونا قەهوەچی كە سكرتێری پەرلەمانە چەند جار سەردانی توركمانەكانی لەكفری كردووە، ئایا نوێنەری مەسیحییەكان تائێستا سەردانی ماڵێكی مەسیحی كردووە لەگەڕەكی سابونكەران لەسلێمانی.
هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی كۆنترۆڵی پێكهاتەكانی كردووە لەكاتێكدا ئەوانیش لەبەرەی پارتی هەژمار دەكرێت بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی لەپەرلەماندا باس دەكرێت؟
نەوزاد ساڵح: بێدەنگی یەكێتی و لایەنەكانی دیكە ئەم بابەتەی بەم شێوەیە هێشتووەتەوە كە نەتوانرێت هیچ لایەنێك بەكاریان بهێنێت.
لەهەموو خولێكی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا پارتی 10 بۆ 11 گۆڵی تۆماركراوی هەیە، بێجگە كورسی و دەنگەكانی خۆی، كەواتە پارتی بووەتە براوەو كورسییەكانی پێكهاتەكان لێیان نزیكن.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕوای تەواوی بەپرۆسەی هەڵبژاردن هەیە كە پاك و بێگەرد بێت و دەستتێوەردانی دەرەكی و ساختەكاری تێدا نەبێت و رێزێكی زۆری بۆ پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و ئەرمەنەكان هەیە.
هاوڵاتى: ئەو هەمواری یاسایەی هەڵبژاردنی پەرلەمان كە یەكێتی داویەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان چۆن باسی پێكهاتەكان كراوە؟
نەوزاد ساڵح: لەهەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردن یەكێتی لەگەڵ ئەوەدایە كە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە پێكهاتەكان تۆمارێكی دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت كەنوێنەرانی راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و جیاواز بێت لەتۆماری دەنگدەرانی گشتی لەهەرێمی كوردستاندا كە ئەوە چارەسەری ئەو پرسە دەكات.
هاوڵاتى: پێتانوایە تۆماری دەنگدەرانی هەرێم پاكەو بەكەڵكی ئەوە دێت هەڵبژاردن بكرێت یان دەبێت ئەو تۆمارەش پاك بكرێتەوە؟
نەوزاد ساڵح: یەكێك لەكارە بنچینەییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەرانە كە گرفتێكی گەورەیەو گومانی زۆری لەسەرە.
تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بەراورد بەتۆماری دەنگدەرانی عێراق 400 هەزار دەنگی زیاترەو ئەوەش بەمەترسی بۆسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دادەنرێت.
لەئێستادا داوا دەكرێت پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عێراق ببەسترێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یان ئەو 400 هەزار دەنگدەرەی زیادەیە لەتۆمارەكەی هەرێمدا لاببرێت و پێداچوونەوەی تێدا بكرێت.
هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی سوودی لەئاوارە ئێزیدی و سورییەكان بینیوە لەكاتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەماندا بەتایبەت لە 2018دا؟
نەوزاد ساڵح: پارتی سوودی لێدەبینێت لەهەڵبژاردنەكاندا، بەڵام پێویستە سكاڵا لەلایەن یەكێتی و ئەو لایەنانەی دیكە لەكاتی خۆیدا لەكۆمسیۆن تۆمار بكرێت یان ئەوەتا پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەو تۆماری دەنگدانە بەتەواوی لەناوی مردووان و ئەو ناوانەی گومانیان لەسەرە بەتەواوی پاك بكرێتەوە.
هەركاتێك بنەمای دیموكراسی بەتەواوی چەسپاو حزبەكان لەسەر پێی خۆیان وەستان و خەڵك متمانەی تەواوی هەبێت بەلایەنەكان و كارئاسانیان كرد بۆ خەڵك ئەوكاتە ئێمەش دەگەینە ئەوەی لەڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە دەنگ بدرێت بەبێ ساختەكاری.
هاوڵاتى: بەڵام پێتان وانیە خەڵك متمانەی بەهەڵبژاردن نەماوە یان لاواز بووە؟
نەوزاد ساڵح: خەڵك متمانەی لاواز بووە بەپرۆسەی هەڵبژاردن و نیگەرانی هەیە بەرانبەر پارتی و یەكێتی كە حوكمڕانی هەرێمیان بەڕێوە بردووە.
هاوڵاتى: پێتان وانییە بەم دۆخەوە هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ماوەی 10 مانگ تاساڵێك دوا دەخرێت و پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە؟
نەوزاد ساڵح: دواخستنی هەڵبژاردن دیموكراسی نییەو خوالێخۆشبوو مام جەلال لەكاتی خۆیدا ئەوەی باسكردووە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، چونكە كە تەمەنی خۆی درێژكردەوە شەرعییەت لەخەڵك وەردەگرێتەوە.
بەحكومی ئەوەی كۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە ئەو وادەیەی سەرۆكی هەرێم دایناوە هەڵبژاردن ناكرێت و دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، رەنگە لەبەهاری ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، بەڵام بڕوا ناكەم ساڵێك دوابخرێت.
پارتی و یەكێتی لەزۆر پرسدا پێكەوەن و دەكرێت پرسی سەرۆك كۆماری عێراق كە تائێستا وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە چارەسەر بكرێت، چارەسەركردنی گرفتگەكانی دیكە لەنێوان هەردوولادا ئاسانتر دەكات.
هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵاش رێكەوتنی لایەنەكانی لەسەر بكرێت و چارەسەری بكەن و دەتوانرێت وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكرێت.
هاوڵاتى: زیانەكانی یەك بازنەی هەڵبژاردن چیە كەیەكێتی و بەشێك لەلایەنەكان داوای چوار بازنەی هەڵبژاردن دەكەن؟
نەوزاد ساڵح: نوێنەرایەتی جوگرافی شارەكان و قەزاكان وەك خۆی دیار نییە، دەمانەوێت نوێنەرایەتی شارو قەزاو ناحییەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی ناوچەكانی خۆیان بكەن.
هەروەها لەیەك بازنەییدا ساختەكاری زیاترە، لەبەرئەوەی هەڵبژاردن لە چواربازنەدا دەنگەكانی دابەش دەبێت و خەڵك ناتوانێت هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان بكات لەو رۆژەدا بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری و رێژەی دەنگنەدەرو دەنگدەرانیش جیاوازن لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك و هەڵەبجە بۆیە دەستبردن بۆ چوار بازنە بۆ ئەوەشە كە ساختەكاری كەمدەبێتەوە.
هاوڵاتى: ئایا یەكێتی كوردسییەكانی بەچوار بازنەی هەڵبژاردن زیاد دەكات بەراورد بەیەك بازنە؟
نەوزاد ساڵح: ناتوانین پێشبینی ئەوە بكەین ژمارەی كورسییەكان زیاد دەكات، چونكە هێشتا دیار نییە كەی هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام یەكێتی ستراتیژو بەرنامەی خۆی هەیەو لە خۆڕێكخستەوەدایەو دیداری یەكێتی لەهەموو ناوچەكان بەڕێوەچووەو بەمزووانەش دیداری یەكێتی بەشێوەی گشتی ئەنجامدەدرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە یەكێتی بەرنامەو كاری لەداهاتوودا باشتر بكات بەرانبەر بەخەڵك و جەماوەرەكەی.