‎ په‌نابه‌رانى کورد له‌ به‌ریتانیا ئاماده‌ نین بچنه‌ رواندا و ده‌ڵێن چاره‌نوسیان نادیاره‌

بۆریس جۆنسن، ترس ده‌خاته‌ دڵى په‌نابه‌رانى کورده‌وه‌ له‌به‌ریتانیادا

3 ساڵ لەمەوپێش



‎ کاوه‌ ره‌ش. به‌ریتانیا
‎دواى بڕیارو پلانی ناردنی کۆچبه‌ره‌ نێرینه‌ سه‌ڵته‌کان ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌، به‌ڕێگای نایاسایی گه‌یشتوونه‌تە به‌ریتانیاو ناردنیان بۆ وڵاتى رواندا، ترس و دڵه‌ڕاوکێى خستووه‌ته‌ دڵى سه‌رجه‌م په‌نابه‌رانه‌وه‌،  به‌شێک له‌په‌نابه‌ره‌ کورده‌کان ده‌ڵێن:" ئاماده‌ نین بچینه‌ رواندا".
‎دووشه‌ممه‌ی رابردوو، وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا رایگه‌یاند که‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا، یه‌که‌م گروپی په‌ناخوازان ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌، له‌وه‌ی دیپۆرتی رواندا بکرێن و بڕیاره‌ له‌قۆناغى یه‌که‌مدا ته‌نها 50 که‌س ره‌وانه‌ بکرێت.
هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیرى ناوخۆ ده‌ڵێت، پرۆسه‌ی ناردنی په‌ناخوازان ره‌نگه‌ که‌مێک زیاتر بخایه‌نێت له‌وه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌کرێ، به‌هۆی رێکارو ئاڵانگاریه‌کانی رێکخراوه‌کانی پاراستنی مافی مرۆڤه‌وه‌. 
هه‌روه‌ها بۆریس جۆنسن، سه‌رکۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا چه‌ند جارێک ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ رێککه‌وتنه‌که‌یان له‌گه‌ڵ رواندا جێبه‌جێ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش ترسى خستووه‌ته‌ دڵى سه‌رجه‌م ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ى که‌هێشتا وه‌ڵامیان نییه‌ یان له‌مساڵ و ساڵى رابردوودا گه‌یشتوونه‌ته‌ له‌نده‌ن.

‎هاوکات پڕۆژه‌یاسای پاراستنی سنور، که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ندکراو دواتر شاژنه‌ ئه‌لیزابێس واژۆی له‌سه‌رکردووه‌، حکومه‌ت ده‌ستکراوه‌و به‌هێز ده‌کات له‌ناردنی په‌ناخوازان بۆ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، تاپرۆسه‌ی مافی په‌ناهه‌نده‌ییان یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه‌.
سه‌ره‌ڕاى بڕیاره‌که‌ى به‌ریتانیا بۆ ناردنى په‌نابه‌ران بۆ وڵاتى روانداى ئه‌فریقا، هێشتا رێکخراوه‌ جیاوازه‌کانى مافى مرۆڤ به‌رده‌وامن له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان و سه‌رکۆنه‌ى بۆریس جۆنسن سه‌رۆک وه‌زیران و کابینه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى ده‌که‌ن.

 

په‌نابه‌رێکى کورد له‌به‌ریتانیا بۆ هاوڵاتى: ‎که‌سانی وه‌ک ئێمه‌ له‌ده‌ست ناعه‌داله‌تی   هه‌ڵهاتووین، چه‌ندین رێگای پڕ مه‌ترسیمان بڕیوه‌و به‌قه‌رزو به‌فرۆشتنی موڵک و ماڵی که‌سوکارمان گه‌یشتووینه‌ ئێره‌، تابتوانین ژیانێکی شه‌رفمه‌ندانه‌ بنیادبنێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خه‌ریکه‌ هه‌موو شتێک به‌ره‌و چاره‌نووسیکی نادیار ده‌ڕوات

 


‎ به‌شێک له‌په‌نابه‌ره‌ نوێیه‌کانى به‌ریتانیا  تووشى نیگه‌رانى و ترس و دڵه‌ڕاوکێ بوون و ده‌ڵێن:" ئاماده‌نین بچین بۆ رواندا".
‎محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، په‌ناخوازێکی کوردستانی عێڕاقه‌و له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ به‌ریتانیا، ‎ئه‌و نیگه‌رانی خۆی ده‌رباره‌ی پلانی ناردنی په‌ناخوازان ده‌رده‌بڕێ و وتی:" بڕیارێکی زۆر نالۆژیکیانه‌یه‌، ئه‌وه‌ی بیستومه‌و خوێندوومه‌ته‌وه‌، به‌ئاشکرا دیاره‌ که‌به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵاتی رواندا و به‌ریتانیا، ده‌یانه‌وێ بازرگانی به‌گیانی ئێمه‌وه‌ بکه‌ن و  ئامانجیان ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌".
"هه‌تا بڵێی بڕیارێکی دژه‌ ئینسانانه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ زۆر ئازارم ده‌دات، له‌وکاته‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ بڵاوبووەتەوه‌، تووشی بارێکی ده‌روونی ناجێگیربووین، بۆ منیش هیچ فه‌رقی نیه‌ بمگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی، یان رواندای ئه‌فریقا.
‎دواجاریش ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که‌ جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌وا ره‌نگه‌ قه‌د ئاماده‌ نه‌بم بچم بۆ رواندا" محه‌مه‌د عه‌بدوڵا وای وت.
‎ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بۆ به‌ناو ئه‌و هه‌موو وڵاتانه‌ی ئه‌وروپادا تێپه‌ڕیوه‌ ته‌نها به‌ریتانیای هه‌ڵبژاردووه‌، محه‌مه‌د عه‌بدوڵا باسى له‌وه‌کرد که‌ به‌وڵاته‌کانی دیکه‌دا نه‌هاتووه‌و به‌بڕیاری خۆى نه‌بووه‌، به‌ڵکو قاچاغچیه‌کانی ئه‌وروپا گه‌یاندونیەته‌ به‌ریتانیا.

‎ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پلانه‌که‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ ئاماده‌ی بچیت بۆ ئه‌فریقا، یان گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ کوردستان، محه‌مه‌د عه‌بدوڵا وتى:" ‎که‌سانی وه‌ک ئێمه‌ له‌ده‌ست ناعه‌داله‌تی جووت بنه‌ماڵه‌ فه‌رمانڕه‌واکه‌ی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵهاتووین، چه‌ندین رێگای پڕ مه‌ترسیمان بڕیوه‌و به‌قه‌رزو به‌فرۆشتنی موڵک و ماڵی که‌سوکارمان گه‌یشتووینه‌تە ئێره‌، تابتوانین ژیانێکی شه‌رفمه‌ندانه‌ بنیادبنێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خه‌ریکه‌ هه‌مووشتێک به‌ره‌و چاره‌نووسیکی نادیار ده‌ڕوات و به‌ره‌و تونێلێکی تاریک ده‌مانبه‌ن".

‎یه‌کێکی دیکه‌ له‌و په‌نابه‌رانه‌ى ئه‌مساڵ گه‌یشتووه‌ته‌ به‌ریتانیا خه‌ڵکی شاری حه‌له‌بی سوریایه‌و کورده‌، به‌ناوی، محه‌مه‌د حه‌له‌بی.
حه‌له‌بی وتی:"ئه‌و بڕیاره‌ کاردانه‌وه‌ی خراپ له‌سه‌ر سومعه‌ی به‌ریتانیا به‌جێ ده‌هێڵێت، له‌کاتێکدا خۆی به‌پێشه‌نگی پاراستنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ده‌زانێت".
 هه‌روه‌ها وتیشى:" بڕیاره‌که‌ زۆر ئازارم ده‌دات ئه‌مه‌ کاره‌ساتم بۆ دێنێته‌ پێش، وابیرده‌که‌مه‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین سزایه‌ بۆمان، چونکه‌ به‌قاچاغ هاتووم".
‎له‌وه‌ڵامی ئه‌گه‌ری جێبه‌جێکردنی پلانه‌که‌ ئاماده‌یه‌ بچێته‌ رواندا یان جێهێشتنی به‌ریتانیا،
‎ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێت بچێته‌ رواندا، "ئه‌وه‌نده‌ی که‌بیستومه‌ ده‌ڵێن، ئه‌وێش هاوشێوه‌ی سوریا که‌جێم هێشتووه‌ پڕه‌ له‌چه‌کدارو  وه‌ک وڵاته‌ وێرانه‌که‌م سوریایه‌و پارێزراوو سه‌لامه‌ت نیه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌زۆره‌ملێ بیانه‌وێ دیپۆرتی رواندام بکه‌ن، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سوریاو با له‌وڵاتی خۆم بکوژرێم".

‎عه‌بدوڵا مه‌حمودیان، کوردێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌و ئه‌ویش نیگه‌رانی دایگرتووه‌ له‌باره‌ی هه‌واڵی ناردنی په‌ناخوازان، بۆ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، وتی:" کاریگه‌ری نابێت، ته‌نها ئه‌وه‌ی لێی چاوه‌ڕوان ده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌، که‌شه‌رمه‌نده‌یی بۆ حکومه‌تی ئێستای به‌ریتانیاو رواندا، به‌جێده‌هێڵێت".

‎ له‌باره‌ی بژارده‌ی جێهێشتنی به‌ریتانیا، یان ئاماده‌یه‌ بچێته‌ رواندا؟ مه‌حمودیان پێیوایه‌، بۆ ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئێران باشتره‌، نه‌ک بچێته‌ ئه‌فریقاو له‌وێ چه‌ندین ساڵ چاوه‌ڕێ بکات، به‌بوون و نه‌بوونی جواب، ده‌شڵێت" هاتووم په‌نا بدرێم نه‌ک سزا بدرێ".
‎هه‌ر له‌هه‌مان هۆتێلی مانه‌وه‌ی به‌شێک له‌په‌نابه‌ره‌کانى ئه‌مساڵ، گه‌نجێکی وڵاتی ئه‌ریتریا، قسه‌ی بۆمانکرد، به‌ناوی ئیبراهیم حوسێن.
‎ئه‌و گه‌نجه‌ ئه‌ریتریه‌ به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ باسى بڕیاره‌که‌ ده‌کات و وتى:" بڕیارێکی دژه‌ مرۆڤایه‌تیه‌، به‌ڵام پێموانیه‌ سه‌ربگرێت چونکه‌ گاڵته‌کردنه‌ به‌ژیانی په‌نابه‌رو بازرگانی کردنه‌ پێیان.

 ئیبراهیم ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ رواندا وڵاتێکه‌ پڕه‌ له‌چه‌کدارو له‌ڕووی سیاسی و ئابورییه‌وه‌ هیچ پێشکه‌وتوونیه‌" له‌وه‌ته‌ی بڕیاره‌که‌ باس ده‌کرێ نه‌متوانیوه‌ به‌باشی بخه‌وم و له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ ئازارم ده‌دات".

‎"به‌ریتانیا ده‌یه‌وی سزایه‌کی قورسمان بدات و  رواندا بکاته‌ گرتوخانه‌یه‌ک، هاوشێوه‌ی گوانتانامۆ "، ئیبراهیم حوسێن وا ده‌ڵێت.
‎ده‌رباره‌ی جێبه‌جێکردنی پلانه‌که‌ ئه‌و په‌ناخوازه‌ ئه‌ریتریایە ئه‌وه‌ی روونکرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ دیپۆرتی ئه‌و وڵاته‌یان بکه‌ن به‌زۆر، باشتر بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌که‌ی خۆی، وتیشی:" له‌وێ بکوژرێم باشتره‌ نه‌ک بۆ رواندا".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار