گەنمی كوردستان؛ بووەتە داینەمۆی كشتوكاڵ

«سەرەرای وشكەساڵی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێن دووهێندەی ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنممان دەبێت»

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات كە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لەلایەن 54 هەزار جووتیارەوە گەنمی تێدا بەرهەم دەهێندرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاریدا گەنمی جوتیاران لەدەرەوەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستانەوە وەربگرێت بەهەمان نرخی سایلۆكانی عێراق لەرێگەی كۆمپانیای خۆشناو بۆ جووتیارانی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و كۆمپانیای قەیوان بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین.
رۆژی 19ی ئایاری 2022، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە  لەپێناو بەبازاڕكردنی بەرهەمی ئەمساڵی جوتیاران، بڕیاردرا گەنمی جوتیاران لە دەرەوەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستانەوە بكڕدرێت بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەت و هەردوو كۆمپانیای (خۆشناو و قەیوان) كە پڕۆسەكە جێبەجێدەكەن.
بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ نرخی هەرتۆنێك گەنمی پلەیەك 850هەزار دینارە كەهەمان ئەو نرخەیە لەسایلۆكانی عێراق وەردەگیرێت، بەپێی ستاندارتی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق دەبێت و جوتیاران دوای پشكنین و وەرگرتنی گەنمەكانیان راستەوخۆ شایستە داراییەكانیان وەربگرن و لەرێككەوتی 1ی حوزەیران تا 14ی تەموز پڕۆسەكە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم دەستپێدەكات.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵای حكومەتی هەرێم دەڵێت:"  لەهەرێمی كوردستاندا 54 هەزار جوتیار خەریكی چاندن و بەرهەمهێنانی گەنمن".
حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆهاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد لەهەرێمی كوردستاندا ساڵانە نزیكەی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی دەكرێت بەگەنم ئەمە بۆ ساڵێكی ئاسایی، بۆ ساڵێكیش كە وشكەساڵی بێت بەپێی ناوچەكە دەگۆڕێت و لەكوردستاندا 54هەزار جوتیار خەریكی چاندن و بەرهەمهێنانی گەنمن.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە گەنم پلەی یەك و دوو و سێی هەیە بەپێی پلەكانی كوالێتیەكەی دەگۆڕێت، وتیشی:"جوتیارانی كوردستان تائاستێكی باش ئاشنان بە جۆر و ئاستی گەنمەكان و بەشێكی زۆری جوتیاران شارەزایەكی باشیان لەو مەجالەدا هەیە".
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ساڵی رابردوو نزیكەی 126هەزار تۆن گەنم لەهەرێمی كوردستاندا بەرهەم هاتووە و نزیكەی 20هەزار تۆنیش تەسلیم كراوە بە كۆمپانیاكان و ئەوی دیكەش كە مایەوە جوتیاران خۆۆیان ئازاد بوون كەلەبازاڕدا بیفرۆشێت یان هەڵیگرێت بۆ بنەتۆو یان هەرچۆنێك بازرگانی پێوەبكات، بەڵام وتیشی:" بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكەین گەنمی بەرهەمهێنراو لەساڵی رابردوو باشتر بێت و بگاتە زیاتر لە 300هەزار تۆن، هەرچەندە ئەمساڵ لە هەندێ‌ ناوچە وشكەساڵی راگەیەندراوە؟؟؟".
ساڵی رابردوو، وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ یەك تۆن گەنمی پلەیەك 560هەزار دینار و پلەدوو 480 هەزار دینار و پلەسێش 420هەزار دینار دراوە بە جوتیاران، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەی خستەروو كە لەمانگی رابردوودا بۆ هەرتۆنێك لەو سێ پلەیە 50هەزاری دیكە بۆ هەر تۆنێك گەنمی ساڵی رابردوو دراوەتە جووتیاران، چونكە لەیاسای بودجەی 2021 جێگیركرابوو و نەدرابوو بە جوتیارانی كوردستان و لەم دوایەدا بۆیان ناردن، بەشێك لەجوتیاران، وەزارەتی كشتوكاڵ تۆمەتبار دەكەن كە پشتگیری و كارئاسانی بۆ جوتیاران ناكرێت و خۆیان پشتیان بەخۆیان بەستووە.
نەجات مەحمود ئاغا، تەمەن 39 ساڵ جوتیارێكی پارێزگای هەولێرە و لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:" ساڵی پار لە زیاتر لە هەزار و 500 دۆنم گەنممان چاندبوو و هەر تۆنێك گەنممان بە 610 هەزار دینار فرۆشت و وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم دوو كۆمپانیای بۆ كڕینی گەنم راسپاردبوو ئەوانیش گەنمی دەرەجە یەكیان بە 475 هەزار وەردەگرت و دەرەجە دوو بە 400 هەزار وەردەگرت و دەرەجە سێی بە 325هەزار وەردەگرت، هیچ جوتیارێك ئامادەنەبوو گەنمی خۆی رادەستی ئەو كۆمپانیایانە بكات بۆ ئەمساڵیش بەهۆی وشكەساڵی و گرانی دەرمانەوە نزیكەی 600 دۆنمێك گەنممان چاندووە".
هەروەها كەریم سەعید كەریم، تەمەن 50 ساڵ جووتیارێكی پارێزگای سلێمانییە و لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى، ئەوەی خستەروو كە ساڵی پار  نزیكەی 50 دۆنم زەوی گەنمیان چاندووە و نزیكەی 15 تۆن گەنمیان هەبوو و هەر تۆنێكیان بە 650 هەزار دینار فرۆشت و بۆ ئەمساڵیش نزیكەی 70 دۆنم گەنمیان چاندووە و هێشتا دروێنەیان نەكردووە و لە ناوەراستی مانگی داهاتوو بەدواوە دەستپێدەكەن.
كەریم سەعید وتیشی:" ئێمە پارەی 2014 و 2015 و 2016 لای حكومەتە و تائێستا وەرماننەگرتووە و چەندین جار بەڵێنمان پێدراوە و جێبەجێنەكراوە و لەهەموو دنیادا كشتوكاڵا یەكەم سێكتەرە كەپشتی پێببەسترێت دواتر نەوت دێت، بەڵام بەرپرسانی ئێمە بەهیچ شێوەیەك پشگیری جوتیار ناكەن و هەرچی زەوی كشتوكاڵی چاك و تەخت هەیە كراوە بە شوقە و ڤێلا و بەرنامەیەكیان بۆ ئەم وڵاتە پێنییە".
هاوكات، حەسەن پیرۆ هەركی، تەمەن 58 ساڵ جوتیارێكی پارێزگای دهۆكە و نزیكەی 40 ساڵە ئەو كارەدەكات و لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى هێمای بۆ ئەوەكرد كە پارساڵ هەزار و 700 دۆنم گەنمیان چاندووە و بەهۆی وشكەساڵییەوە تەنها 190 دۆنمیان بۆ ماوەتەوە هەر تۆنێكیان بە 535هەزار دینار فرۆشتووە، وتیشی:" بۆ ئەمساڵیش 750 دۆنم گەنممان چاندووە".
پیرۆ هەركی داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات كە ئێستا وشكەساڵییە و جوتیاران زەرەمەندبوون و با نرخەكان زیادبكرێت تابەرهەمەكانیان نەدەنە عەرەب، كە مەبەست لێی حكومەتی عێراقییە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی لە پارێزگای هەولێرو ئیدارەی گەرمیان وشكەساڵی راگەیاندو بۆ ئەو مەبەستەش بڕی زیاتر لە حەوت ملیار دیناری تەرخان كردووە، بەڵام وردەكاری چۆنێتی خەرجكردنی ئەو برە پارەیە ئاشكرا نەكراوە كە بۆچ بوارێك خەرج دەكرێت، ئایا بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە لەرێگەی هەڵكەندی بیری ئیتیوازییەوە یان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانەیە كە بەهۆی وشكەساڵییەوە زەرەرمەند بوون.
جەمیل حسێن، تەمەن 50 ساڵ جوتیارێكی پارێزگای هەڵەبجەیە و زیاتر لە 35ساڵە كاری جوتیاری دەكات لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى باسی لەوەكرد كە ساڵی رابردوو 12 تۆن گەنمی چاندووە لە 240 دۆنم زەویدا و بۆ ئەمساڵیش تەنها هەشت تۆن گەنمی چاندووە، وتیشی:" جوتیار پێویستە لە هەموو لایەكەوە هاوكاری بكرێت، بەڵام لەكوردستاندا ئاسانكاری بۆ جوتیاران ناكرێت و شتەكان لەسەری كەڵەكە ئەكرێت ماندووبوونی لەبەرچاو ناگیرێت ، ئەگەر حكومەت هاوكاری جوتیار نەكات ئابووری وڵات بەرەو داڕوخان ئەڕوات".
محەمەد كەریم، تەمەن 28 ساڵ جوتیارێكی ئیدارەی گەرمیانە  ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوەی پار و ئەمساڵ چاندوویانە بەهۆی وشكەساڵی و بێ بارانییەوە یەك كیلۆیان لێنەدورییەوەو جگە لەزیانی ماددی هیچمان بۆ نەماوەتەوە، وتیشی:"                                                                                                        لەكەلار هەتا باوەنوور شوێنی نزیكەی 10هەزار دۆنمی دەیمی گەنم هەیە و یەك كیلۆ گەنمی لێ بەرهەم نەهاتووە، ئەمساڵ و پار بەهۆی بێ بارانییەوە هیچ بەرهەمێكمان نەبووە و تەنانەت ئەوەندەش سەوز نەبووە كە ئاژەڵا سوودی لێوەربگرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار