سەدر؛ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كەسێكی نزیك لە موقتەدا سەدر ئاشكرایكرد، كە ئامادەنییە حكومەت لەگەڵ لایەنەكانی تری شیعەدا پێكبهێنێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكات.
ئەمڕۆ 31ی ئایاری 2022، سەرچاوەیەكی نزیكی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە كە دوایین بۆچوونی موقتەدا سەدر لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و چۆنێتیی دەربازبوون لە چەقبەستوویی، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.
هەروەها راشیگەیاند:" موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە چەند لایەنێكی وتووە پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت".
هاوكات، ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ڕێبەری ڕەوتی سەدر "هیچ حكومەتێكی لەگەڵ چێوەی هەماهەنگیدا پێكناهێنێت" و ئێستا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بابەتێكی ئاشكرایە و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسیی عێراق، سكاڵایەكی یاساییان دژی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تۆماركرد و داوایان لە دادگای فیدراڵی كرد پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
بەڵام بەپیچی دەستور، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەدەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییەو دەبێت پەرلەمان بەدەنگی نیوە زائید یەك خۆی هەڵبوەشێنێتەوە كە یەك لەسەر سێی ئەندامان داوای بكەن.
لە رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو تێیدا موقتەدا سەدر، بووە یەكەم لیستی براوەو 73 كورسی بەدەستهێنا، سەدر هاوپەیمانی نیشتمانی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی لە سونەكان و مەسعود بارزانی لە كوردەكان پێكهێناوە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە رابەرایەتی مالكی رۆڵیان هەبووە لە پەكخستنی كۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.