یاسای بەتاوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و قسەیەک

3 ساڵ لەمەوپێش



حامد محەمەد عەلی

 

ئەم یاسایە کەدوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق  پەسندی کرد ،جیا لەوەی کە چ مەرام و ئامانجێکی سیاسی پشت پەردەی لە دواوەیە ،  لەڕواڵەتدا یاسایەکی باشە بۆ پشتیوانی لەمافی ڕەوای گەلی فەلەستین و ڕێگریکردن لەنزیکبونەوەی حکومەت و لایەنەئێراقیەکان لە ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ئەو ڕژێمە مرۆڤکوژە داگیرکەرەدا ، وەلێ ئەگەر لۆژیکیانەو ژیرانەتر بیخوێنینەوەو واقیعیانە ترو بەرژەوەندخوازانەتر لێکی بدەینەوە، دەبێ بڵێین ڕەنگە ئەم یاسایە ببێتە مایەی زیادبوونی  مەینەتی و قەیرانەکان بۆ خەڵکی ئێراق و شوێنەواری خراپی لێ بکەوێتەوە .

هەر دوێنێ ئەمریکا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە بەیاننامەیەکی دەرکردو دژایەتی خۆی بۆ یاساکە ڕاگەیاندو بە (لاسامی)و ڕەگەز پەرستانەو دژی پێکەوە ژیان و ئاشتی لەقەڵەمی دا .

لەهەمانکاتدا جەختی  لەسەر هاوکاری و پشتیوانی خۆی بۆ ڕژێمی ئیسرائیل کردەوە .

بەهەمان شێوە چاوەڕوان دەکرێ کە ژمارەیەکی تر لەوڵاتانی ڕۆژئاواو دۆستانی ئیسرائیلیش ئەو ڕێچکەیە بگرنەبەرو دژایەتی خۆیان بۆ یاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق دەربڕن .

 بۆیە هیچ دوەر نیە کۆی ئەم هەڵوێستانە و لێکەوتەکانی، لەداهاتودا زیان بەبەرژەوەندیەکانی ئێراق بگەیەنێت  و کۆسپ و ئاستەنگ  لەبەردەم شەمەندەفەری گەشەکردن و تێپەڕاندنی قەیرانەکانیدا دروست بکات. ئێراقێک کە ئەمڕۆ بەدەس دەیان قەیرانی ئەمنی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و خراپ  ئیدارە دانەوە دەناڵێنێ وتا ئەندازەیەکی بەرچاو سەروەرییەکەشی لەژێرپرسیاردایە.

لەڕاستیدا یاساکە ئەوەندەی لەڕواڵەتدا گرنگ و دڵخۆشکەرە  ، لەناوەڕۆک و ئامانجدا جێی پرسیارەو زیاتر بۆنی موزایەدەو ململانێی سیاسی لێ دێت

ئەمڕۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی بەگشتی و پێگەو هەژمونی وڵاتانیش زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتوەو هەڵوێست و هاوکێشەو خوێندنەوەکان ، جیاوازن لە چل پەنجا ساڵی پێشوو.. بگرە لە بیست ساڵی پێشووش.

ئەمڕۆ تەنانەت مافخوراوو خاک داگیرکراوەکان خۆیشیان لە قۆناغی پێداچونەوەی ڕوانگەو هەڵوێستەکانیاندان و ڕەنگە گروپە فەلەستینیە ڕادیکاڵەکانیش- حەماس و جیهاد- ئەمڕۆ بە بەحوکمی خوێندنەوەی وردیان بۆ زیاتر لە ( ٧٠) ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی فەلەستینی و لێکدانەوەی دەسکەوت و ئەنجامەکانی،  جۆرێکی دیکە بیر بکەنەوەو تاڕادەیەک پێداچونەوەیان بە ستراتیجیەتی کۆنیاندا کردبێ و بیر لە داڕشتنی ستراتیجیەتێکی نوێ و پلانی نوێ بکەنەوە ، لە ڕێڕەوی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ( تەلئەبیب) دا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار