منداڵان بێناز دەكرێن

لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی 400 منداڵ دوور لەدایك و باوكیان لەخانە بێسەرپەرشتەكاندا دەمێننەوە

3 ساڵ لەمەوپێش




شەنای فاتیح

منداڵان گرنگترین تووێژن لەهەموو جیهاندا كە لەلایەن دایكان و باوكان گرنگیان پێدەدرێت و بەخێو دەكرێن و ئامادە دەكرێن بۆ كۆمەڵگا، بەڵام هێشتا لەكوردستاندا بەشێكیان "بێناز" دەكرێن و دوور لەكەسی یەكەمیان لەخانەی بێسەرپەرشتاندا دەمێننەوە.
یەكی حوزەیرانی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی منداڵان ناسراوەو ئەو رۆژە بەچەندین كارو چالاكی یاد دەكرێتەوە، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی 1954 بەبڕیاری ژمارە 836 لەبەندی نۆدا (9) وڵاتانی جیهانی راسپارد كەرۆژێك بۆ منداڵان تەرخان بكرێت، هەروەها رێككەوتننامەی مافەكانی منداڵیش لە 29ی تشرینی دووەمی 1989دا دەرچوو  و لەهەندێ‌ وڵاتیش 20ی تشرینی دووەم بە رۆژی جیهانی منداڵان دادەنرێت.
منداڵا مرۆڤێكە لەنێوان قۆناغەكانی لەدایكبوون و پێگەیشتندا پێناسە دەكرێت و ئاماژەیە بۆ كەسێكی كەم تەمەن، هەروەها بەپێی  پێناسەی نەتەوەیەكگرتووەكان بەكەسێك دەوترێت منداڵا كە تەمەنی نەگەیشتبێتە 18ساڵا.
لەڕێگەی كردنەوەی دایانگەو باخچەی ساوایان و خوێندنگاكانەوە منداڵان ئامادە دەكرێن لەڕێگەی فێركردن و پەروەردەوە بۆ كۆمەڵگا، ئەوەش بەهاوكاری دایكان و باوكان تا پاشەڕۆژی خۆیان دیاری بكەن، بەڵام بەشێك لەو منداڵانە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە لە دایك و باوكان دادەبڕێن و حكومەت لە رێگەی خانە بێسەرپەرشتەكانەوە چاودێرییان دەكات.
بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی نزیكەی 400 منداڵ لەلایەن خانە بێسەرپەرشتەكانەوە چاودێری دەكرێن دوور لە دایك و باوكیان.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" هێڵی گەرمی 116مان كردووەتەوە بۆ ئەو منداڵانەی توندوتیژیتان بەرامبەر دەكرێت كە پەیوەندی دەكەن بەو ژمارەیەو دواتر ئێمەش لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەكەینەوە، پاش رێكارە رەسمییەكان ئەو منداڵانە دێنە خانەكان لای ئێمە تا كێشەكان چارەسەر دەبن".
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەیان هەیە، كە زۆربەی منداڵەكان لەبری خانەكان لەلای خێزانەكان دەمێننەوە بەڵام نابنە منداڵی ئەو دایك و باوكە و لەدوای تەمەنی 25 ساڵی بڕیار دەدات و گرێبەستێك دەكرێت لەگەڵ ئەو خێزانەداو كۆمەڵێك رێنمایی و یاسای خۆی هەیەو " لەئێستادا لەسلێمانی لەبواری جێبەجێكردندایە و لەهەولێریش نزیكە لەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

 

بەپێی نوێترین ئاماری رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان ژمارەی ئەو منداڵانەی لەهەرێمی  كوردستاندا كاردەكەن هەزارو 794 منداڵە، كە 612 منداڵا لەپارێزگای هەولێر و 160 منداڵیش لەپارێزگای سلێمانی و هەزارو 22  منداڵیش لەپارێزگای دهۆك كاردەكەن.


وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی پڕۆژەی هێڵی فریاكەوتنی منداڵی راگەیاندووە بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەكی بواری پەیوەندیكردن و چەند رێكخراوێك جێبەجێدەكرێت و تێیدا خزمەتگوزاری و رێنمایی دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی پێشكەش بەمنداڵان دەكرێت.
ئیبراهیم تەیب، لێپرسراوی  هێڵی فریاكەوتنی منداڵان 116 لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە ئەم پڕۆژەیە لەیەكی ئابی 2013وە بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن وەزارەتەوە كراوەتەوە و تەنها لەپێنج مانگی رابردوودا هەزارو 719 پەیوەندی بە هێڵەكەیانەوە كراوە و 989 پەیوەندی توانراوە وەڵامبدرێتەوە كە 641 پەیوەندی كوڕ بوون و 348 پەیوەندیش كچ بووە.
هەروەها ئەوەشی باسكرد كە پەیوەندییەكانیش بریتی بوون لە 17 پەیوەندی زانیاری و 47 پەیوەندی رابواردن و 474 پەیوەندی هەڵە و 111 پەیوەندی بەكێشەی  ئاوارەكان و 423 پەیوەندی بێ دەنگ و 243 پەیوەندی ناوخۆیی " كە بریتین لە 71 پەیوەندی كێشەی خێزانی  و 37 پەیوەندی تەندروستی و 35 پەیوەندی پەروەردەیی و هەشت پەیوەندی یاسایی و 37 پەیوەندی دەروونی و 16 پەیوەندی توندوتیژی و پەیوەندییەكی سۆزداری".
لەهەرێمی كوردستاندا ئەو منداڵانەی بەهۆكاری جیاجیا لە خێزانەكانیان دادەبڕێن تا تەمەنی هەژدە ساڵی لەخانە بێسەرپەرشتەكان دەمێننەوە كە سەر بەچاودێری كۆمەڵایەتی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتین.
خالید عومەر، بەرپرسی بەشی پارێزگاری خێزان لەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" نزیكەی پێنج ساڵە ئەم پلانمان هەیە كە داتاو ئامارێكی رەسمی دروستبكەین، بەڵام تا ئێستا  بەهۆی دۆخی دارایی و كەمی بودجەی وەزارەتەكان ئەنجامنەدراون".
هەروەها باسی لەوەكرد كە لەشاری هەولێر دوو خانەی بێ سەرپەرشتان هەیە ئەوانیش خانەی كوڕان و كچان، كوڕەكان زیاتر 30 منداڵا دەبن و كچەكانیش نزیكەی 25 منداڵن و ژمارەكەش بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا دێـت.
هاوكات، ژیان  جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە  60 منداڵی كوڕ وكچ  لەخانە بێسەرپەرشتەكانی سلێمانیدا دەمێننەوە و خانەی كچان جیایە و منداڵی كچی تەمەن  چوار تا هەژدە ساڵا لەخۆدەگرێت، هەروەها خانەی كوڕانیش كراوە بەدوو بەشەوە بەشێكیان منداڵی كوڕی تەمەن پێنج تادوانزە ساڵ و بەشەكەی دیكەش لە تەمەنی دوانزە تا هەژدە ساڵی لەخۆدەگرێت و خانەی ساوایانیشیان هەیە لە لەدایكبوونەوە تا تەمەنی چوار ساڵی لەخۆدەگرێت.
شێرزاد هروری، بەڕێوبەری چاودێری كۆمەڵایەتی دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەپارێزگای دهۆك چوار خانەی بێسەرپەرشتان هەیە، كە دوو خانە لەدهۆك و خانەكەیش لەشاریا تایبەت بەئێزیدیان و خانەیەكیش لە زاخۆ.
وتیشی:لەخانەی كچان بەشی ساوایان هەیە كەمنداڵی  تەمەن یەك رۆژە تا پێنج ساڵە لەخۆدەگرێت و پاش ئەو تەمەنە ئەگەر منداڵەكە كوڕبێت دەگوازرێتەوە بۆ خانەی كوڕان و " بەشێوەیەكی گشتی 260 منداڵا لەخانە بێسەرپەرشتیەكانی دهۆكدا دەژین".
منداڵپارێزی كوردستان-سندوقی منداڵانی كوردستان لەساڵی 1991 بەرنامەیەكی بەناوی (گرتنەخۆ  دوورەوە) دەستپێكرد و لەرێگەی ئەو بەرنامەیەوە تائێستا نۆ هەزار منداڵی عێراقی و كورد ksc/ksf لە گیراونەتە خۆ، بەڵام هێشتا بەهەزاران هەیە كە پێویستییان بە پشتگیریە.
هاوڵاتی، پەیوەندی كرد بە منداڵپارێزی كوردستان، لەوەڵاماندا ئەوەیان روونكردەوە كە رێكخراوەكەیان بۆ بەرژەوەندی ئەو منداڵانە كاردەكات  بە كەمێك كاركردن دەتوانن ژیانیان بگۆڕین بۆ دۆخێكی باشتر 
بەپێی نوێترین ئاماری رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان ژمارەی ئەو منداڵانەی لەهەرێمی  كوردستاندا كاردەكەن هەزار و 794 منداڵە، كە 612 منداڵا لە پارێزگای هەولێر و 160 منداڵیش لەپارێزگای سلێمانی و هەزارو 22  منداڵیش لەپارێزگای دهۆك كاردەكەن.                                                


 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار