به‌غدا هه‌نگاوێکى دیکه‌ى توند بۆ لێدان له‌ ئابوورى هه‌رێم ده‌ستپێده‌کات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
 له‌سه‌ر سکاڵایه‌کى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ده‌بێت ئه‌و کۆمپانیا نه‌وتیانه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان کارده‌که‌ن، بچنه‌ به‌رده‌م دادگا و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کۆمپانیاى سۆمۆ ده‌ڵێت مانگى ئاب سکاڵاکه‌یان له‌ دادگاى پاریس یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌.

له‌چوارچێوه‌ى جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌کانى دادگاى فیدراڵى عێراق دژ به‌ سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق سکاڵاى له‌سه‌ر کۆمپانیاکانى نه‌وت که‌ له‌ هه‌رێم کارده‌که‌ن تۆمارکردووه‌.

پێگه‌ى "ئۆیل ڕیپۆرت" بڵاویکردوه‌، بڕیاره‌ ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ى داهاتوو دادگاى بازرگانیى عێراق له‌ شارى به‌غدا بۆ ئه‌و سکاڵایه‌ کۆببێته‌وه‌ و داواى له‌ نوێنه‌رى ئه‌و کۆمپانیا بیانیانه‌ کراوه‌، له‌و دانیشتنه‌ ئاماده‌بن.

عه‌لا یاسرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کۆمپانیاى سۆمۆ رایگه‌یاند:" به‌غدا پلانى هه‌یه‌ سکاڵا له‌ دادگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر ئه‌و کۆمپانیا بیانیانه‌ى نه‌وت تۆمار بکات که‌ له‌هه‌رێم کارده‌که‌ن".

پێشتریش ‎عه‌لا یاسرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى سۆمۆ له‌به‌رده‌م لیژنه‌ى نه‌وت و گازى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند:" ئیستا ئێمه‌ راوێژکاره‌کانى خۆمان راسپاردوه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو نوسینگه‌ى یاسایى جیهانیى له‌ له‌نده‌ن و پاریس ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ که‌ له‌ ڕیگاى دادگاوه‌ سکاڵا بکه‌ن له‌و کۆمپانیایانه‌ى که‌ له‌ هه‌رێم کار ده‌که‌ن و قسه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و بانکانه‌ش کردوه‌ که‌ پاره‌ى نه‌وتى هه‌رێمى تێده‌چێت".

هاوکات، سه‌باره‌ت به‌ دادگاى پاریس له‌سه‌ر سکاڵاکانى رابردوو، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌وتى سۆمۆ ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ مانگى ئابى داهاتوو دادگاى پاریس دژ به‌ تورکیا بڕیار ده‌دات و که‌یسه‌که‌یان ماوه‌ و دواى بڕیاردان ده‌بیت تورکیا ده‌ستبه‌جێ هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم ڕاگرێت و قه‌ره‌بووى عێراق بکاته‌وه‌.

له‌سه‌رده‌مى حکومه‌ته‌که‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى، حکومه‌تى عێراق سکاڵایه‌کى له‌سه‌ر تورکیا له‌ دادگاى پاریس تۆمار کردووه‌ له‌باره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ و داواى راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم و 26 ملیار دۆلار له‌ تورکیا ده‌کات.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار