بزانە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم چەند زیادی كردووە؟
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە 200 ملیار دینارەكەی بەغدا، مانگانە یەك تریلۆن و 210 ملیار دینار داهاتی هەیە ئەوەش دوای دەركردنى خەرجی لەسەدا 58% داهاتی نەوتی خاو بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان.
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەفتەیەك لەمەوبەر پارەی بەردەستی وەزارەتی دارایی و كاروباری ئابوری هەرێم نزیكەی یە كتریلۆن و 512 ملیار دینار بووەو حكومەت دەبوو پابەندی بەڵێنەكەی بێت و لەماوەی هەفتەیەك مووچە دابەش بكات نەك لەماوەی نزیكەی مانگێكدا مووچە بدات.
عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری دەشڵێت:" بۆ هەر مانگێك، بەبێ 200 ملیار دینارەكەی بەغدا، هەرێمی كوردستان نزیكەی تریلۆنێك و 210 ملیار دیناری مانگانەی لەبەردەستدایە، كە 880 ملیار دیناری داهاتی نەوت و 150 ملیار گومرگ و 50 ملیار دیناریشی لە باج و یەك ملیار لە رسومات و 31 ملیار دینار لە هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە خەرجی بۆ هەرمانگێك بە نزیكەیی یەك تریلۆن و 50 ملیار دینارە، كە 902 ملیار دینار بۆ مووچەو مینحەكان و نزیكەی 100 تا 150 ملیار دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكان و خزمەتگوزاریی، دەشڵێت:" پڕۆژەش زۆرینەی وەستاوە یان ئەوەی كار دەكات لە زیادەی تێچووی خەرجی موچەو خزمەتگوزاریی دەدرێت".
هاوكات، سەبارەت بە داهاتی حكومەتی هەرێم بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ، عومەر گوڵپی ئاشكرایكردوە كە 331 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی مانگی پێشوو هەیە، چونكە بەهۆی 200 ملیاردینارەكەی بەغداوە داهاتی ناوخۆ بۆ موچەی مانگی نیسان بەكارنەهات.
" لە داهاتی نەوتی مانگی پێنج بڕی نزیكەی (850 تا 880) ملیار دینار لەبەردەستە، لە داهاتی ناوخۆی هەمان مانگیش بڕی 331 ملیار دینار لەبەردەستدایە"، عومەر گوڵپی وا دەڵێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە لەئێستادا نزیكەی یەك ترلیۆن و 512 ملیار دینار لەبەردەست وەزارەتی داراییە، بەمجۆرە پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە بە هەفتەیەك لە بەردەستەو دەبوو حكومەت پابەندی بەڵێنەكەی بێت و لەماوەی هەفتەیەك دابەشی بكات، نەوەك بەمجۆرەی ئێستا كە مووچەی مانگی پێنج بگەیەنێتە ڕۆژی 26ی مانگی حوزەیرانی 2022 كە دەبوو لەو بەروارە مووچەی مانگی شەش دەست پێبكات.