جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی: توركیا هێرش بكات بەرخۆدانێكی مێژوویی دەكەین
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) ڕایگەیاند:" ئەگەر توركیا هێرش بكات، بەرخۆدانێكی مێژوویی نیشان دەدەین"، راشیگەیاند:" ڕووسیا دڵنیامان دەكاتەوە، كە ڕێگە بە هێرشی دەوڵەتی توركیا نادات".
جەنەراڵ مەزڵوم عابدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات(هەسەدە) لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ڕووناهی هەڵسەنگاندنی بۆ هەڕەشە و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كرد.
مەزڵوم عبدی وتی:" ئامانجمان چارەسەركردنی هەموو كێشەكانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە كێشەی ناوچە داگیركراوەكانمان چارەسەر بكەین، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی دانووساندەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كێشەكانمان چارەسەر بكەین".
هەروەها وتیشی:" ئێمە ئامادەین و لە جاران بەهێزترین بۆ وەڵامدانەوەی دەوڵەتی توركیا، دەوڵەتی تورك لە شەڕدا سەرناكەوێت، ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام ئەگەر هێرش بكات، بەرخۆدانێكی مێژوویی دەكەین".
هاوكات، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەوەشی روونكردەوە كە ئەمریكا، نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕووسیا و ڕژێمی سووریا تا ئێستا لە دژی هێرشێكی توركیا هەڵوێستیان هەبووە، بەڵام دەبێت بەهێز بكرێت، وتیشی:" دەبێت توركیا ناچاربكرێت پابەند بێت بە ڕێككەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2019، ئێمە پابەندی ڕێككەوتنی 2019 بووین، بەڵام دەوڵەتی توركیا پابەند نەبووە".
عەبدی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە" ڕووسیا دڵنیامان دەكاتەوە، كە ڕێگە بە هێرشی دەوڵەتی توركیا نادات".