وەزارەتی رۆشنبیری لەبارەی زنجیرەی دراما توركییەكە هاتە دەنگ

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
بریكاری وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە سەرقاڵی بەدواداچوونن و وەڵامیان بۆ زنجیرە دراما توركییەكە دەبێت.

لە ئەڵقەی  19یەمی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) كە رۆژی 3ی حوزەیرانی 2022،   پەخشكرا، لە یەكێك لە دیمەنەكاندا كەسێكی تورك دادگایی دەكرێت لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی لەپشت دەستەی دادوەران دانراوەو یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دادوەران جامانەیەكی سووری لەسەرە.
ئەو كەسە تۆمەتبارە بە كاری سیخوڕی، كوشتن و كاری مافیایی و بە سووكایەتییەوە باس لە حكومەت و دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت" ئەو دان بەو دادگایە و حكومەتەكەشدا نانێت".
 تۆمەتباری نێو زنجیرە دراماكە دەشڵێت، تورك هەزارو 200 ساڵە لە ناوچەكەدا دەژی و لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە وەك لە درامەكەدا هەیە دەڵێت:" كەركوك خاكی توركمانەكانە، كەركووك و موسڵ هی ئێمەیە، گەورەترین شەقامی هەولێریش موزەفەرەدین گۆكبۆروە، لەوانەیە رۆژێك بیسڕنەوە، بەڵام ناتوانن مێژوو بسڕنەوە."
 
ئەو كەسە كە لە زنجیرە دراماكەدا رۆڵی كەسێكی مافیا و سیخوڕ بەناوی "تەكین گیریتلی" دەگێڕێت، جوگرافیایەك بەناوی هەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە و داوا دەكات لە بەغدا یانیش لە توركیا دادگایی بكرێت. 
سالار عوسمان، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی زنجیرە دراماكەوە رایگەیاند:"شتێكی خراپەو بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەین بۆئەوەی وەڵامی بدەینەوە، بە دڵنیاییەوە وەڵامی خۆمان دەبێت و رایدەگەیێنین.
زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی توركواز میدیا كە نزیكە لە حكومەتی توركیاوە بەرهەم دەهێندرێت. 

سیناریۆی زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" باس لە مێژووی توركیا، شەڕوپێكدادانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) و دۆخی سیاسیی توركیا دەكات. هەروەها گۆڕانكارییەكانی توركیا و دەوروبەری و رۆڵی ئەمریكاش لە ناوچەكەدا باسیان لێوە دەكرێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار