سۆران عومەر مژدەیەك دەداتە نەخۆشخانەی هیوا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند كە وەزیری تەندروستی حكومەتی عێراق بەڵێنیداوە كە" ساڵانە بەشە دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا دەخەینە سەر وەزارەت".
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەكردووە كە سەردانی د.هانی موسا عقابی، وەزیری تەندروستی عێراق كردووەو چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەت ئامادەبوون بەمەبەستی بەدواداچون بۆ پێداویستی نەخۆشخانەی هیواو و نەخۆشانی تالاسیما.
هەروەها رایگەیاند كە وەزیری تەندروستی لیستی چارەسەری نەخۆشانی تالاسیمای ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كرد بۆ دابین كردنی.
هاوكات، باسی لەوەشكردووە كە داخوازی كەمپینی نەخۆشخانەی هیوایان پێگەیاندووة.
سۆران عومەر دەشڵێت:" بەڕێزو پێزانینەوە وەزیری تەندروستی عێراق باسی كارەكانی نەخۆشخانەی هیوای كردو بەڵێنی چارەسەی كەمی دەرمانیداو وتی:" تاكە سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەیە بۆ هەموو عێراق و لەمەدوا ساڵانە بەشەدەرمانی دەخەینە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی".
لەماوەی رابردوودا بەهۆی كەمی دەرمان و پێداویستییەكانەوە بەشێك لە نەخۆشانی شێرپەنجە لە دەرەوەی نەخۆشخانەی هیوا دەرمان و پێداویستییەكانیان دابین دەكرد.
نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی دامەزرێندراوە بۆ چارەسەركردنی تووشبوانی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەیەو ساڵانە سەدان تووشبووی شێرپەنجە لە سەرتاسەری عێراق سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن.
