مەسرور بارزانی بەڵێنەكەی بۆ شەقامی سەد مەترسی سلێمانی جێبەجێ ناكات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەقامی سەد مەتری سلێمانی ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست بووە لەرووی داراییەو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵێنی دابینكردنی بودجەكەی جێبەجێ ناكات.
ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" دوو ئاستەنگ لەبەردەم تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانیدا هەیە و ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت كاركردن لە پرۆژەكەدا پەك بخرێت".
هەروەها راشیگەیاند:"یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە تا ئێستا بەشێكی زۆری زێدەڕەوییەكان لانەبراوە لەبەردەم كاركردنی شاڕێی باباندا."
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كۆمپانیای جێبەجێكار(قەیوان گروپ) بە بەهای زیاتر لە 150 ملیار دینار كاریانكردووە، بەڵام تائێستا تەنها 30 ملیار دیناریان بۆ خەرجكراوە، وتیشی:"وەزارەتی دارایی رەزامەندی نادات بۆ خەرجكردنی پارە."
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجنەكراوە.
"ماوەی تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی شاڕێی بابان سێ ساڵە، لەئێستادا دوو ساڵی تێپەڕیوە و تەنها یەك ساڵ ماوە، بۆیە پێویستە پەلەبكرێت لە خەرجكردنی بودجە بۆ ئەوەی كاركردن تیایدا دەستپێبكاتەوە، ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت كاركردن لە پڕۆژەكەدا ئیفلیج ببێت." ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت.
ئەمە لەكاتێكدایە كۆمپانیای جێبەجێكار مانگانە نووسراویان بۆ وەرگرتنی ئەو سلفەیەی كە هەیە پێشكەشی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی كردووە و هەموو نووسراوەكان رەزامەندی وەزارەتی دارایی دەوێت و تا ئێستا وەزارەتی دارایی رەزامەندی نەداوە بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە پارانە".
زیاتر لە دوو ساڵە كاركردن لە شەقامی 100 مەتری سلێمانیدا دەستیپێكردووە كە بە "ئۆتۆبانی بابان" ناسراوە، بەڵام بەهۆی گرفتی داراییەوە كاركردن تێیدا سستە و هێشتا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە تەواو نەبووە.
لەكاتی دانانی بەردی بناغەیدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا تەواوی پاڵپشتیی بكات بۆ تەواوكردنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری، بەڵام پاش دوو ساڵ وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:" رەزامەندی نادەن بۆ خەرجكردنی بودجەكەی".
وێنەكانی بەردی بناغەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی:
