ماڵئاوا شاسواری زمانی کوردی

2 ساڵ لەمەوپێش



هیوا غفور

ئەم نوسینەم ساڵی 2017 بۆ عەزیز گەردی نوسیوە، کە ئەوکات، تەنها لەڕێگەی کتێبەکانیەوە پێی ئاشنابووم.

عەزیز گەردی نازانم تۆ بونت هەیە یان نا، سێبەری کەسێکی تری یان هەر بەڕاستی تۆش بەنی ئادەمێکی خودایت، ئاخر ئەگەربونت هەیە، بۆ هەرگیز لەوێنەیەکدا دەرناکەویت؟ بۆ لەڤیدیۆیەک دا خۆت نیشان نادەیت؟ بۆ ژمارە تەلەفونێک نیە، تێل بکەیت و کەسێک هەڵی گرێت و بڵێ بەڵێ من عەزیز گەردیم.

من لەسەر بەرگی سەدان کتێب ناوی تۆم دیوە، بەڵام تا ئێستا گوێم لە وشەیەکی تۆ نەبووە، وێنەیەکی تۆم نەدیوە، تۆ نە لە فەیسبوک دەرەکەویت، نە لەشاشەی تیڤییەک، نە لە زەوی هەواڵێکت هەیەو نە لە ئاسمان دیاریت، بەڕاست تۆش مرۆڤێکی وەکو ئێمە، ئەی بۆ ئێمە تۆ نابینین؟

تۆ بە ئارامی و بە بێدەنگی خەریکی کارەکانی خۆتی، دەستت سەدقاتی دەمت زیاتر دەجوڵێت، کارەکانت شاهیدی ئەوەن، تا قسەیەک دەکەیت، سەد دێڕی جوان دەنوسیت، سەد دێڕی جوان وەردەگێڕی، من نازانم تۆ ئەو زمانە جوانەت لەکوێ بوو بۆ وەرگێڕان؟ هەر بەڕاست ئەو وەرگێڕانەی تۆ دەیکەیت، خۆت دەینوسیت یان وەریان دەگێڕی؟

تۆ هیچ کات لەو نوسەرانە نەبویت، کە شەو و رۆژ هەر خەریکی قیژەو هاوارن، ئەوان تا دێڕێک دەنوسن سەد قسەیان هەیە بۆ وتن، شەو رۆژ لە فەیسبوک وتویتەرن، یەکێک کۆمێنتێکی نا جۆریان پێبڵێت بە سەدکۆمێنت وەڵامی ئەداتەوە، تۆ تەنها دەنووسی کردارت سەد قاتی گوفتارتە.

گەر تۆ نەبویتایە، هەرگیز لەو باوڕەدانەبووم (ئیبراهیم زەبووک) لە رۆمانی قۆڵبڕی عەزیز نەسین دا، ئەو تام و چێژەی هەبوایە، ئاخر کاتێک قۆڵبڕ دەخوێنیتەوە لەبەر پێکەنین خۆت ناگری، دوور نیە، پێت بڵێن ناتەواو (شێت).

نیو سەدەیە، خەریکی وەرگێڕانی، ئەو خزمەتەی تۆ به زمانی کوردی دەیکەی بە دە رێکخراو و پیاوی بودەڵەو مشەخۆرەکانی حیزب ناکرێت، تۆ تائێستا ئاهەنگێکی رێز لێنانت بۆ سازنەکراوە، پیاوی خۆبەرە پێش و سنگ دەرپەڕاندن نیت، تۆ بە بێدەنگی خۆت، مێژوویەکی زێڕینت بۆخۆت نوسییەوە.

ئاخر سەیر نیە ئەگەر عەزیز گەردییەک هەبێت، سەد کتێبی وەرگێڕاو و نوسینی هەبێت، بەڵام تائێستا کەس وێنەیەکی نەبینیبێتی، لەشاشەیەکی تیڤی یەوە دەرنەکەوتبی؟ من تامەزرۆم بتبینم، بەڕاستی تۆ بە بێدەنگی خۆت، بەکارەکانت، مێژوویەکی زێڕینت بۆ خۆت نوسیەوەو، ڕۆحی ئێمەشت ئاوەدان کردەوە. هیوادارم رۆژێک بێت، بەیەک بگەین و گفتوگۆیەک ئەنجام بدەین.

ئەمانە بەشێکە لەکتێبە وەرگێڕان و نوسینەکانی عەزیز گەردی:

قۆڵبڕ

حاجی موراد

ئێمە ئەم شیعرەمان نوسیوە

ئەدەب و رەخنە

ئەدەبی بەراوردكاری

ئەفسانەی ئەرمەنی

ئەفسانەی ئەفریقی

ئەفسانەی سلاڤی

ئەفسانەی کوردی

پەنەلۆپە لە جەنگدا

جوتیارێکی زیرەک

چیرۆكەكانی كریلۆڤ

چیرۆکی بەرئاگردان

چیرۆکەکانی ئیزۆب

داستانی حوسێنی کورد و چەند هەقایەتێکی تر

درەختی چل داستان

رابەری کێشی شیعری کلاسیکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی

زارا عەشقی شوان

ژیان و جەنگ و هیچی تر..

کاریگەریی گۆرانی لەسەر کوردیی ناوەڕاست

نامەیەک بۆ ئەو کۆرپەلە نێرینەی کە هەرگیز لەدایک نەبوو

ئەگەر خۆر بمرێت

ژیان و جەنگ و هیچی تر...

پەنەلۆپە لە جەنگدا

پیاوێک

ئافرەت ڕەگەزی بێکەڵک

گفتوگۆ لەگەڵ مێژوودا

حەفت گفتوگۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار