ئەوە جەنگی ئابوورییە کەکارایی زیاتری هەیــــە نەك جــەنگی سەربازی
2 ساڵ لەمەوپێش
زاهير باهير
مێژوو و ئەزموونەکان پێمان دەڵێن جەنگ، هەر جۆرە جەنگێك بێت دۆڕاوی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوان و هاووڵاتیانن لەخەڵکە هەژارو ئاساییەکە. کۆتایی هەموو جەنگێکیش بەسەرکەوتنی لایەنێك لەهەڵگیرسێنەرانی جەنگ کۆتایی دێت و دۆڕانی ئێمە. جەنگی نێوانی دەسەڵادارن، دەوڵەتەکان هەر جۆرێك بن جەنگێکی رەوا نییەو پشتگیریکردنی هەر لایەکیان هەڵەو نادروستە.
لەجەنگی ئۆکرانیاو روسیادا، لە لابەلاکردنەوەو بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە پێشبینییەکانی هەردوولا بەهەڵە دەرچوون. پوتین وا پێشبینی دەکرد کە لەدوو هەفتەدا یاخود لەمانگێکدا دەتوانێت ئۆکرانیا داگیربکات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بۆ مەرامەکانی خۆی ملکەچ بکات. ئەمریکا و رۆژئاواو ناتۆش وایان پێشبینی دەکرد کە روسیا لە ماوەیەکی کەمدا تێدەشکێ و قۆناغی سەردەمیش لە قۆناغی مەترسی روسیا و شەڕی ساردو گەرم تێدەپەڕێنن و پشتی وڵاتانی وەکو چین و بێلەڕوس و ئێران و سوریاو وڵاتە دۆستەکانی دیکەی روسیا دەشکێنن. بەڵام واقیع پێچەوانەی بیرکردنەوەو تاکتیکەکانی هەردوولایان رۆیشت.
رۆژ بەڕۆژ ئەو راستییە دەردەکەوێت کە چەکی گەمارۆدانی ئابووریی و فشار خستنە سەر روسیاو تەریککردنی زیاتری، بەزەرەری ئەمەریکا و ئەوروپاو سەراپای جیهان گەڕایەوە زیاتر لەوەی کە ببێتە چەکێك بۆ چۆکدادانی روسیاو کشانەوەی لەئۆکرایناو رازیبوونی بەمەرجەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی* .
شەڕەکە سەد رۆژی تێپەڕاندو ئامارەکان و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئەوە وڵاتانی رۆژئاوا و تاڕادەیەکیش ئەمەریکایە کە لەپێگەیەکی لاوازی ئابووریدان، کە بەدوایدا لاوازی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتیان دێت. هەر ئەمەشە کە ئێستا هەر هەموویان رازین بە وتووێژو دانوستاندن بەڵام لەهەڵوێستی بەهێزیی ئۆکرانیاوە نەك لەم پێگە لاوازەی ئێستایدا تاکو هەژموون و کرێدتی خۆیان و ئۆکرانیاش بپارێزن . بەڵام وڵاتێک چەند شارو شارۆچکەیەکی داگیرکرابێت زۆریکش لەئۆفیس و کۆمپانیاو گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکرابێت و لەسنوری دەریای رەشەوە ئابڵوقە درابێت، چۆن دەکرێت کە بەهێزبکرێت بۆ کاتی وتووێژ؟
هەر هەموویان بە نهێنی ئەوە دەدرکێنن کە چارەیەکیان نییە جگە لە سازشکردن و وتووێژ لەگەڵ پوتین –دا ، بەڵام تەنها ئەمریکایەو هەندێك لە ئابووریناسەکان و رۆژنامەنووسەکانن کە بەئاشکرا ئەوە دەڵێن.
چەند رۆژێک پێش ئێستا هێنری کیسنجەری کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو سیاسەتمەدار وتی» رەنگە کۆتایی شەڕەکە بەوەبێت کەئۆکرانیا فمشێک لەخاکەکەی لەدەست بدات « بایدن و ئەوانی دیکەش نایشارنەوە کە تاکە رێگایەك وتووێژو دانوستاندنە. رۆژی سێ شەمە، 31/05 ، جۆو بایدن بەڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وت « داگیرکردنی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمریکا دەبێت چەک و تەقەمەنی بەرچاو دابین بکات بۆ ئەوەی بەرزترین کاریگەری لەسەر مێزی دانوستانەکان بدات بەئۆکرانیا».
ئەم وەرچەرخانە لەبۆچوون وهەڵوێستدا چۆن رووی دا؟
لەکاتێکدا زیاتر لە 40 دەوڵەت هاوکاری و هاوپشتی ئۆکرانیایە، بە سەدەها ملیار دۆلار هەم وەکو کۆمەکی مرۆیی بۆ ئۆکرانییەکان و هەم وەکو دانی چەك و تەقەمەنی قورس بەسوپای ئۆکرانیا دراوە. ئەمە جگە لە سەرفکردنی وەخت و پارەی دیکە لەڕاهێنانی بڕێک لە سەربازانی ئۆکرانیا لەسەر بەکارهێنانی چەکە نوێیەکانی کە لەئۆکرانیا و پۆڵۆنیاو لە بریتانیا بەڕێدەکرێت بە چونی پسپۆڕ و شارەزایانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتانە.
لەسیاسەتی بایکۆتی نەوت و غازی روسی، روسیا نەك هەر زەرەری نەکردووە بەڵکو بەهۆی فرۆشتنیانەوە بڕی قازانجی نەوت و غازی، بەرزتر بووەتەوە. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ساڵی 2022 دا، پوتین شانازی بەزیادە حیسابی ئێستاوە دەکات کە بەبڕی ٩٦ ملیار دۆلار (٧٦ ملیار پاوەند) – بەهای غازو نەوت زیادی کردووە کە سێ ئەوەندەی ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی 2021 دەکات.
کاتێک یەکێتی ئەوروپا لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا قەدەغەکردنی بەشێکی خۆی لەهەناردەکردنی نەوتی روسیا راگەیاند، ڕوسیا بەمەش زەرەری نەکرد، بەڵکو قازانجی کرد، چونکە تێچووی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کەڕوسیا سوودێکی دیکەی دارایی بەدەستبهێنێت.
روسیا هیچ کێشەیەکی نییە لە دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە [بەدیل] بۆ وزەکەی، هەناردەی نەوت و گاز بۆ چین لەمانگی نیساندا زیاتر لەسەدا 50 لەبەرانبەر ساڵانی پێشترا زیادی کردووە. هەروەها هیندستان هەر لەسەرەتاوە دوو ئەوەندەی ساڵانی پێشوو نەوتی لەڕوسیا کڕیوەو دایناوە لەبەرئەوەی پێشبینی ئەم بارودۆخەی دەکرد. کڕینی نەوتی روسیا لەلایەن هیندستانەوە و دەوامدان بە سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ روسییادا ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی رۆژئاوای لە هیندسستان نیگەران کرد. هەر زوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا خۆی گەیاندە هیندستان و ویستی دەسەڵاتدارانی ئەوێ بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو سیاسەتە رازی بکات. بەڵام نەك هەر ئەوان رازی نەبوون کورد وتەنی کچی خۆیان نەکردە قوربانی کوڕی خەڵکی، بەڵکو جوابێکی ئاواشیان پێدان سڕیان کردن و جارێکی دیکە نەتوانن ئەو داوایە لەحوکمڕانانی هیندستان بکەن.
سەرباری ئەمانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات ئەمساڵ ئابووری بەڕێژەی لەسەدا 8.5 دابەزێت بەهۆی داڕمانی هاوردەکردن لەڕۆژئاوا. بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لەوڵاتانی گروپی 7 دا [G7 ] کێشەیەکی ترە. لەبەرواری 18/05/22 رێژەی هەڵئاوسانی پارە لەوڵاتانی گروپی 7 دا ئاوا بووە: بەریتانیا بەڕێژەی لەسەدا 9، [بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵدا ] ئەمەریکا لەسەدا 8.3 ، ئەڵمانیا لەسەدا 7.14 ، کەنەدا لە سەدا 6.8 و ئیتالیا لەسەدا 6 ، فەرەنسا لەسەدا 4.8 ، یابان لە سەدا 1.2 .
هەڵئاوسانی پارەش یانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی خەڵك کە هەر هەموو شتێك گران بووە و گرانتریش دەبێت. هەر بۆ نموونە لە بەریتانیادا کە نرخی غاز لەمانگی نیسانەوە بەڕێژەی لەسەدا 54 سەرکەوت، لەمانگی ئۆکتۆبەردا ئەم رێژەیە زیاتر سەردەکەوێت دوای ئەوەی کە گرێبەستی نێوانی حکومەت و کۆمپانیاکانی غاز لەسەر وەستانی بەرزبوونەوەی نرخ لەڕادەیەکدا، کۆتایی دێت، ئەوکاتە وا پێشبینی دەکرێت کەماڵێکی ئاسایی نرخی غازیان لە نێوان 700 بۆ 800 پاوەند لەساڵێکدا زیاتر بدەن.
لەئەنجامی جەنگەکەدا، ئابووری رۆژئاوا رووبەڕووی قۆناغێکی گەشەسەندنی خاو یان نەرێنی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیاتری پارە دەبێتەوە. ئابووریناسەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کەبارودۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی چەرخی پێشوو کەهەڵئاوسانی پارە زۆر سەرکەوت. لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت: “لە ئێستادا، سایلۆکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا پڕن. ئەمە لەکاتێکدا44 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرەو برسێتی دەچن «
یەکێتی ئەوروپا نەك هەر پێشنیاری راگرتنی دانی پارەی بەڕوسیا لەلایەن وڵاتانی نزیک لەڕوسیاوە کردووە، بەڵکو یەکێتی ئەوروپا دژایەتیشیان دەکات. بەڵام ئەمە کارێکی لۆژیکانە نییە چونکە هەندێك لەو وڵاتانە زۆر پشت بەسووتەمەنی بەردینی دەبەستن؛ ئەڵمانیا 12%ی نەوتەکەی و 35%ی غازەکەی لە روسیا دەکڕێت، هۆڵندە لەسەدا 15 ، ئەو ئامارانەش لەهەنگاریا زۆر زیاترن. رەنگە سزاکان زیانیان بەتوانای قەرزکردنی روسیا گەیاندبێت، بەڵام تەنها بەرزبوونەوەی لە سەدا 70ی نرخی غازی جیهان، هاوسەنگیی [باڵانسی] پارەی روسیای زیاد کردووە. زیادەی مامەڵەی بازرگانی روسیا بەگوێرەی حیسابی ئێستای، بەپێی بانکی ناوەندییەکەی، لەئێستا لەسێ هێندەی ئاستی پێش شەڕەکە، زیاترە.
ئەمانە هەموی تاڕادەیەك دەمانگەیەنێتە ئەو راستییە کە سزادانی روسیا بەئاشکرا زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت لەڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا کە ئەو سزایانە دەسەپێنن. ئەم گەمارۆیە نرخی دانەوێڵەکانی بەڕێژەی لە سەدا 48 بەرزکردۆتەوە بەبەراورد بەساڵی 2019، ئەمەش بازاڕەکانی وێران کردووە، بەتایبەتی لەسەرانسەری ئەفریقادا. هاوکاتیش بەهای رۆبڵ گەرچی لەسەرەتادا شکا بەڵام ئێستا هەڵساوەتەوەو بەرزیش بووەتەوە. روسیا لەو گەمارۆیەی کە لەسنوری ئۆکرانیا لەسەر بەندەرەکانی دەریای رەشی داناوە کە ناهێڵێت دانەوێڵەو بەرهەمەکانی دیکەی ئۆکرانیا هەناردەی وڵاتانی دیکە بکرێت، روسیا گەنمەکەی خۆی بەو نرخەی کە دەیەوێت دەیفرۆشیێت . کەواتە هەندێك لەزەرەرو زیانەکانی شەڕەکە هەر خودی شەڕەکەو سزادانەکانی روسیا، خۆیان قەرەبووی روسیا دەکەنەوە. بەواتایەکی دیکە روسیا جەنگەکە بە پارەی وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.
لەم ماوەیەدا ئەمەریکاو ناتۆو وڵاتانی رۆژئاوا بۆیان سەلمێنرا کە چی دی ئەم شەڕە لەڕێگای جەنگی سەربازییەوە نابرێتەوەو ئەمەریکاو وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا چی تر ناتوانن هاوکاری ئۆکرانیا بکەن. دەبێت بیر لەکردنی سازش و وتووێژ لەگەڵ پوتین-دا بکەنەوە و بایدن لەڕۆژی دووشەممە، 23/05 گەیشتە ئەو قەناعەتەو رایگەیاند کە ئەمریکا «سیستەمی موشەکی کە توانای گەیشتنە ناو روسیای هەیە « بۆ ئۆکرانیا نانێرێت. . لەوەدەکات پاش قسەکردنی نێوانی پوتین و سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا کە ڕۆژی شەممە، 28/05 بۆ 80 خولەك ئەنجام درا کە لەو تەلەفونەدا پوتین هۆشداری لەبەردەوامی گواستنەوەی چەکی رۆژئاوایی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا داوە. لەوە دەکات ئەو هەڕەشەیەی پوتین هەڵوێستی بایدن-ی گۆڕی بێت کە وڕاوەی ئەوەی دەکرد کە سیستەمی موشەکی دوور هاوێژی مەدای 165 کیلۆمەتری بۆ ئۆکرانیا بنێرێت. تائێستا تەنها ئەو موشەکانە دراون بەئۆکرانیا کە مەدای هاویشتنیان لە 70 کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات ئەویش بەو مەرجەی کە نەنرێت بەناو روسیاوە.
ئەنجامگیریی
ئەوەی کەئێستا روونە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدایە ئەوەیە کە جەنگی جیهانی سێیەم روونادات گەرچی رەنگە ئەم شەڕە ماوەیەکی دیکەش هەر بەردەوام بێت. ئۆکرانیا بە تەواوی وێران بووەو ئاوەدانکردنەوەو بیناکردنەوەی لەئێستادا بەبڕی زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار خەمڵێنراوە، نزیکەی 11 ملیۆن کەسی ئاوارە بووە کە بەشێکیان لەوڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر. هاوکاتیش لەوە ناکات کە پوتین بەبێ مەرج لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و ئەوروپاش بۆیان دەرکەوت کە گەمارۆو سزا ئابورییەکانی کە لەسەر روسیایان دانا زیاتر لەسەری خۆیاندا شکاوەتەوە، ئەنجامی ئەمەش لەلایەن هاووڵاتیانیانەوە بەهیچ شێوەیەك قەبوڵناکرێت و ئەمە جەنگێکی ئابوورییە دژ بەخەڵکی و تەحەمول ناکرێت و سەرەنجام دەبێتە هۆی پرۆتێستی گەورەو راپەڕینیش، بۆیە دەکرێت کە ئەوروپا ئەم شەڕە کۆتایی پێ بهێنێت و سازش لەگەڵ پوتین-دا بکەن لەسەر حسابی زەوی و خاك و گیانی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا.
گەر ئەمەش رووبدات کە گریمانی زۆری هەیە ، بێگومان پوتین لەم جەنگەدا براوە دەبێت و چی تر ئەمەریکاو سەرکردەکانی ئەوروپا ناتوانن بەهیچ تەماشای بکەن، هاوکاتیش بەهاو ئەرزشی ناتۆ و پێشبڕكێی چەک لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو پێشتر نامێنێت.
*تکایە بۆ زانیاری لەسەر گەمارۆو سزای ئابووریی تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە کە من لەو وتارەی ناوەڕاستی مانگی مارت-دا پێشبینی سەرەنجامی گەمارۆو سزا ئابوورییەکانم لەسەر روسیا کردووە.
https://emrro.com/sizaugemaroy.htm
Zaherbaher.com