هەڵاوسانی شاراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



سەرکۆ یونس*

رۆژ لەدوای رۆژ، ئاستی گشتی نرخەکان، بۆ سەرجەم شمەک و کاڵاکان، لەهەڵکشاندایە.  ئابوری جیهان، لەئێستادا بەقۆناغێکی سەختی هەڵاوساندا گوزەر دەکات، حکومەتەکانی وڵاتان، گیرۆدەی ئەم دیاردە قورسە بوونەتەوە، هەر حکومەتەو بەپلان و بەرنامەی زانستی دەیانەوێت بەڕەنگاری ئەم دیاردەیە ببنەوە، لەئەمەریکا پاڵپشتی دارایی خێزانەکان بەبڕی (6) ترلیۆن دۆلار دەکرێت، لەئەڵمانیا نرخی گواستنەوەی گشتی بەدارایی حکومی، پاڵپشت دەکرێت و لەهەمانکاتدا، بەرلین هاوکاری دارایی دەخاتەسەر ئەژماری بانکی سەرجەم خێزانەکان.  هەڵاوسانی ئەم قۆناغە، دەرئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی و ئابوری و وشکەساڵی وکۆرۆنا ڤایرۆس و داگیرکاری روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەروەها سزا دارایی و ئابورییەکانی ئەوروپاو ئەمەریکا بۆ سەر مۆسکۆ سەریهەڵداوە.  بازاڕەکانی جیهانیان تووشی شڵەژان و ناسەقامگیری کردووە، نرخەکان ئاراستەیان بەرەو بەرزبوونەوە دەچن . مۆسکۆ، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا بەهۆکاری هەڵاوسان دەزانێت، رۆژئاواش تۆمەتەکە دەخاتە سەرشانی مۆسکۆ .

لەلایەکی ترەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کەبەرهەمی گشتی جیهانی، کەمبووەتەوەو قەبارەی خواستی جیهانی گەورەترە لەخستنەڕووی بەرهەمی جیهانی، سەرڕێژی دراوی جیهانی نزیکەی (15- 20%) لەسەر بەرهەمی جیهانییە!  بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازی سروشتی، رەنگدەداتەوە لەبەرزبونەوەی نرخی شمەکەکانی تر، خۆراک و خواردەمەنی بەڕێژەی گەورەتر. هاوکێشەیەکی ئابوری ئیشارەتی پێ دەکرێت، هەرکاتێک نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات، لەدەرئەنجامدا نرخی خۆراک و خواردەمەنی هەڵدەکشێت، بەتایبەت لەبازاڕی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و دواکەوتووەکان، چونکە ئەم وڵاتانە، بەرهەمهێنانی ناوخۆییان ناگاتە ئاستی خۆژێنی ناوخۆیی، بەهاوردە، پێویستییەکانی کۆمەڵگاکانیان پڕدەکەنەوە.  ئەمە جگەلەوەی بەشێوەیەکی گشتی، نرخی بەنزین بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لەئەوروپاو ئەمەریکا.

 لەلایەکی ترەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی کرێی کرێکاران و کرێی بەندەرەکانی بازرگانی و گواستنەوە، کۆمپانیاکان ناچار بوون، نرخی شمەک و کاڵاکانیان بەرزبکەنەوە، تابتوانن لەلایەک تێجوونەکانیان پڕبکەنەوە و لەلایەکی ترەوە لەقازانجکردن بەردەوام بن. لەبازاڕەکانی هەرێمدا، دیاردەی هەڵاوسان، سیمای ئابورییەکەیەتی لەسەرجەم بابەتەخۆراکی و خواردەمەنییەکاندا، چونکە بەهۆی لاوازی دەزگای بەرهەمهێنانی ناوخۆ، کەتوانای وەڵامدانەوەی خواستی هەمووەکی نی یە، ناچار بەقەبارەی گەورە، پشت بەهاوردەکردن، دەبەسترێت، کەڕێژەکەی زیاتر لە(%85) دەخەمڵێنرێت ،  ئەم جۆرە هەڵاوسانەی لەبازاڕەکانی هەرێم وعێراقدا هەیە، لەجۆری هەڵاوسانی هاوردەکراوی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئەژمار دەکرێت، لەگەڵ رێژەیەک لەگەورەیی قەبارەی پارەی خراوەڕووی بازاڕ، کەبەدەیان ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت. هەر بەرزبونەوەیەک لەنرخی شمەک و مکاڵای لەوڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە دروست ببێت، ڕاستەوخۆ لەبازاڕەکانی هەرێمدا نرخ، بەرزدەبێتەوە.  لەلایەکی ترەوە، بەهۆی کەم بەهای تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکی، بەرزبونەوەی تێچوونی بەرهەمهێنان لەو دوو وڵاتە، سەرهەڵدانی هەڵاوسانێکی گەورە، ناچار لەکاتی بازرگانیدا، شمەک وکاڵاکان بەنرخی بەرزتر دەفرۆشرێن و تا دەگاتە دەستی بەکاربەر لەهەرێمدا، تێچوونەکان زیاد دەبن و سەرئەنجام نرخەکان زیاتر دەبن. هەرچەندە، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و واقعی لەهەرێم وعێراقدا نی یە، ئاستی گشتی نرخەکان دیاری بکات، بەڵام بەپێ ی واقعی بازاڕەکان، ڕێژەی هەڵاوسان، لەئاستێکی بەرزی مەترسیداردایە .  ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاماژە بۆ رێژەی (5.3%) ساڵانەی بەرزبوونەوە لەئاستی گشتی نرخەکان دەکات، هەر بۆیە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی گشتی نرخەکان، بەشاراوەیی لەهەڵکشاندایە.

 

*ئابووریناس

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار