بەرخودانی رۆژئاڤا پێش بە سوپاكەی ئەردۆغان دەگرێت؟
رۆژنامەیەكی توركی: لەم هەفتەیەدا هێرشەكان دەستپێدەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژنامەیەكی توركی ئەوەی ئاشكرا كرد لەم هەفتەیەدا هێرشەكان بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەكات، ئەنجومەنی سەربازی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە" ئەو هێرشانە تەنها لە ناوچە بەئامانجكراوەكان وەڵام نادرێنەوە، بەڵكو هەموو ئەو ناوچانەی كە ئێستا داگیركراون دەكەوێتە چوارچێوەی بەرپەرچدانەكانەوە".
پاش ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند هێرشدەكەنە سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) دایە، ڕۆژنامەی (حوریەت)ی توركی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە" ئامادەكارییەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا تەواوبووە و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هێرشەكە دەستپێدەكات".
شەوی رابردوو خولوسی ئاكار، وەزیری دەرەوەی توركیا پەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەنجامدا و باسیان لە دۆخی ئەمنی باكورو رۆژهەڵاتی سوریاوە كردووە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە ئەنقەرە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەتەوەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا
رۆژی 1ی حوزەیران، لەبەردەم ئەندامانی كوتلەی حزبەكەی ئاكپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:" خەریكە پێ دەنێینە قۆناغێكی نوێ لەبارەی بڕیارەكەمان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر لە باكووری سووریا (رۆژئاوای كوردستان) ئەمەش بۆ پاككردنەوەی هەردوو ناوچەی تەل رەفعەت و مونبج لە "تیرۆرستان".
لێدوانەكەی ئەردۆغان هاوكات بوو لەگەڵ هۆشدارییەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، كە بە فەرمی رایگەیاند، "نیگەرانین لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان چونكە هێرشی لەوجۆرە سەقامگیریی ناوچەكە دەشێوێنێت."
ئەنجومەنی سەربازی هەسەدە: ئامادەكاریی تەواو دەكەین بۆ پاراستنی خاك و دانیشتووانی ناوچەكان و وەڵامدانەوەی هێرشە چاوەڕوانكراو و شەڕە درێژمەوداكان دەدەینەوە
لەبەرانبەردا دوێنێ جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەسەر هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوا ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوێكیشدا ئەوەیان دووپاتكردەوە كە ئەنجامدانی هەر هێرشێكی نوێی سەربازیی، ناوچەكە دەگێڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی سووریا" ئێمە گرنگیی بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان دەدەین".
ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سووریای دیموكرات-قەسەدە بە ئامادەبوونی فەرماندەكانی ئەنجومەنەكە و گروپە سەربازییەكان، كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ تاوتوێكردنی دوایین پەرەسەندنەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت دوای هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی نوێ دژی ڕۆژئاوا ئەنجامدا.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر وردەكارییەكانی هێرشەكانی ئەمدواییە دەوڵەتی تورك بەتایبەت لە تلتەمر، زرگان، منبج و شەهبا كرا، هاوكات تاوتوێی كاریگەریی هەر هێرشێكی نوێی دەوڵەتی تورك كرد لەسەر دۆخی مرۆیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەگشتیی و بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی وەك ئامانج نیشان دەدرێن.
ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە جەختیان لەوە كردەوە كە" لە هەمان كاتدا ئامادەكاریی تەواو دەكەین بۆ پاراستنی خاك و دانیشتووانی ناوچەكان و وەڵامدانەوەی هێرشە چاوەڕوانكراو و شەڕە درێژمەوداكان دەدەینەوە".
"ئەو هێرشانە تەنها لە ناوچە بەئامانجكراوەكان وەڵام نادرێنەوە، بەڵكو هەموو ئەو ناوچانەی كە ئێستا داگیركراون دەكەوێتە چوارچێوەی بەرپەرچدانەكانەوە"، ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە وا دەڵێن.