كیلۆیەك مریشك بە 10 هەزار دیناریش بفرۆشین هەر زەرەر دەكەین
سەرۆكی کۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بۆ هاوڵاتی:
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
ماوەی چەند رۆژێكە نرخی مریشك لەبازاڕەكاندا بەرزبووەتەوەو كیلۆیەك گەیشتووەتە چوار هەزار دینارو زیاتر، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەریەكان دەڵێت:» بەهۆی گرانی مەوادەوە كیلۆیەك مریشك بە (10) هەزار دیناریش بفرۆشین هێشتا دەبێتە زەرەر».
سەرەڕای گرانی نرخەكەی لەهەرێمی كوردستاندا ژمارەی كێڵگە پەلەوەریەكان لەزیادبووندایەو لەساڵی 2019وە تائێستا 237 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری كراونەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا: ئەو پڕۆژانەی لەكوردستاندا هەیەو مۆڵەتیان هەیە 25%ی ئەو ژمارەیەش هەن و مۆڵەتیان وەرنەگرتووە».
حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەمانگی تەمموزی 2019وە تا كانوونی یەكەمی 2021 هەزار و 535 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری گۆشت و 11 پڕۆژەی مریشكی هێلكەی خواردن و 46 پڕۆژەی هەڵهێنەری پەلەوەرو هەشت پڕۆژەی سەربڕینخانەی پەلەوەرو 35 پڕۆژەی كارگەی ئالیك لەهەرێمی كوردستاندا كراونەتەوە.
هەروەها باسی لەوەشكرد كە لەهەرێمی كوردستاندا هەزارو 722 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری گۆشت هەیە كە 550 پڕۆژەیان لەپارێزگای هەولێرو 703 یان لەپارێزگای سلێمانی و 333 پڕۆژە لەپارێزگای دهۆك و 34 پڕۆژەیان لەپارێزگای هەڵەبجەو 152 پڕۆژەش لەئیدارەی گەرمیان بوونیان هەیە.
هاوكات، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ژمارەی ئەو پڕۆژانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەیەو مۆڵەتیان هەیە 25%ی ئەو ژمارەیەش هەیە مۆڵەتیان نییەو كاردەكەن.
لەهەرێمی كوردستاندا 24 پڕۆژەی مریشكی هێلكەی خواردن هەیە كە 12یان لەپارێزگای هەولێرو پێنج پڕۆژەیان لەسلێمانی و پێنج پڕۆژە لەدهۆك و دوو پڕۆژەیان لەئیدارەی گەرمیاندایە.
هەروەها 52 پڕۆژەی هەڵهێنەری پەلەوەر لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، 30 پڕۆژە لەپارێزگای هەولێر و 12 پڕۆژە لەسلێمانی و هەشت پڕۆژە لەدهۆك و دوو پڕۆژەش لەئیدارەی گەرمیان.
هاوكات، (10) پڕۆژەی سەربڕینخانەی پەلەوەر لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، چوار پڕۆژە لەهەولێر و دوو پڕۆژە لەسلێمانی و سێ پڕۆژە لەدهۆك و پڕۆژەیەكیش لەگەرمیان.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵا لەوەزارەتی كشتوكاڵا: لە 2019وە هیچ مۆڵەت پێدانێكمان نەداوە بەهاوردەكردنی مریشك لەدەرەوەی وڵاتەوە.
فیراز سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵا لەوەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرزبوونەوەی نرخی مریشك بەهۆی گرانی ئالیكەوەیە، چونكە 70%ی تێچووی بەرهەمهێنان لەپڕۆژەكاندا ئالیكە، واتا ئەو مریشكەی یان ئەو بەرهەمە پەلەوەریەی كەهێلكەیە 70%ی تێچووەكەی ئالیكە».
« ئێستا نرخی مریشك دوو هەزارو 800 دیناری تێچووە و بەسێ هەزار دەفرۆشرێت و ئەوەی ئێمە وەك وەزارەتی كشتوكاڵا لێی بەرپرسین نرخە لەناو كێڵگە پەلەوەرییەكان، واتە خاوەن پڕۆژە بەچەندی دەفرۆشێت و نرخەكانی دیكە وەكیلە دەیكڕێت و دەیداتە دوكاندارەكان و ئەوانیش هەزار دیناری دەخەنە سەر»، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵا لەوەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو وادەڵێت.
فیراز سدیق باسی لەوەشكرد لەساڵی 2019وە هیچ مۆڵەت پێدانێكیان نەداوە بەهاوردەكردنی مریشك لەدەرەوەی وڵاتەوەو نزیكەی پێنج مانگیشە گومرگیان لەسەر «سۆیاو زەیتی ئالیك» هەڵگرتووە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگای سلێمانی پێیوابوو خاوەن پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەری كیلۆیەك مریشك بە (10) هەزار دیناریش بفرۆشێت مایەكەی خۆی بۆ ناكاتەوە.
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەریەكانی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد لەسەرانسەری عێراقدا نەخۆشی لەناو پەلەوەراندا بڵاوبووەتەوەو زیانێكی زۆری بەپەلەوەرانی عێراق گەیاندووەو دوو ساڵە داوایان لەحكومەتی هەرێم كردووە بۆ دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ وەزارەتی كشتوكاڵا بۆ ئەوەی ڤاكسین لەوڵاتێكی متمانەپێكراوەوە بۆ خاوەن پەلەوەرەكان دابین بكەن و لەڕێگەی ڤێتەرنەرییەكانەوە دابەشی بكەن بەسەر خاوەن پڕۆژەكاندا، بەڵام تائێستا حكومەت هیچ وەڵامێكی نەبووە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە هەشت مانگ لەمەوبەر تۆنێك عەلەف بە 410 دۆلار بووەو ئێستا بە 700 دۆلارەو فەردەیەك تەڵاشی راخەری ناو دەواجن 70 كیلۆیی پارساڵا بەدوو هەزار بووەو ئێستا شەش هەزار دینارە.
نازم عەبدوڵا، هێمای بۆ ئەوەشكرد كە لیترێك گاز حەوت مانگ لەمەوبەر بە 400 دینار بووەو ئێستا بە 900 دینارە، وتیشی:» سەرەڕای دەرمان و ڤیتامین كە رۆژبەڕۆژ گران دەبێت و كوالێتیشیان باش نییەو بەهۆی گرانی مەوادەوە خاوەن پڕۆژە كیلۆیەك مریشك بە (10)هەزار دیناریش بفرۆشێت هێشتا دەبێتە زەرەر بۆی».
خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەری: پێشتریش كە نرخی مریشك هەزار و 500 دینار بووە قازانجێكی ئەوتۆمان نەكردووە.
خاوەن پڕۆژەیەكی كێڵگەی پەلەوەری مریشك كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرابكرێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی مریشك هەرزانیش بووە قازانجەكەمان زۆر نەبووە، ئەم وەجبەیەشم بەسێ هەزارو 500 دینار فرۆشتووەو نزیكەی دوو دەفتەرم زەرەر كردووە، چونكە ڤایرۆس و ئەنفلەوەنزایەكی زۆر لەئارادایە و چاودێریش لەسەر دەرمانەكان نییە».
ئەو خاوەن كێڵگە پەلەوەرییە ئەوەشی روونكردەوە كە 39هەزار و 500 جوجكەی داخڵا كردووەو 23 هەزاریانی فڕێداوە بەهۆی نەخۆشییەوەو ئەوەشی ماوەتەوە بەهەرچەندێكی بدات قازانج ناكات، وتیشی:» بەڵام ئەگەر لانی كەم چوار بۆ پێنج هەزار فڕێ بدەم بەهۆی نەخۆشییەوە، شتێكی وا زەرەر ناكەم»