سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی رەوتەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ئامادە بكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە وتارێكیدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا رایگەیاند:"بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەین لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێمی".

هەروەها راشیگەیاند:" عێراق پێویستی بە حكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، كە چاكسازی بكات نەك حكومەتی سازان".

"زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆمانە نەك بۆ كەسانی دەرەوەی ئێمە، هەر بۆیە بەشداری پێكهێنانی حكومەتی سازان ناكەین"، سەدر وای وت.

هەر ئەمڕۆ فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە كە حكومەتی داهاتوو بە بێ سازانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر پێكناهێنرێت"بەردەوامبوونی رەوتی سەدر لەسەر هەڵوێستەكانی وڵات بەرەو چەقبەستووییەك دەبات كە ناتوانرێت چارەسەر بكرێت".

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە كە 73 كورسی هەیەو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە سونەكان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانیان ئەنجامداوە، لەبەرانبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە پێیان دەوترێت سێ یەكی "پەكخەر" دەیانەوێت هەموو لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حكومەتی داهاتوو بكات و حكومەتی تەوافوقی پێكبهێندرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار