حكومەت بودجەی پرۆژەیەكی ستراتیژی خەرج ناكات
چەمی هشكەڕوو، ئاوی پیس و زێرابی بەشێكی زۆر لەماڵانی دەچێتە سەر و حكومەت چارەسەری ناكات
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
«لەبەر بۆنەكەی و مارو دووپشك ناحەسێنەوە، دەیان ساڵە هاواردەكەین بكرێتە كونكرێت، بەڵام هیچ سوودی نیە»، ئیسماعیل موسا، كەماڵەكەی نزیك چەمی هشكەڕووە لەدهۆك وادەڵێت.
پرۆژەی چەمی هشكەڕوو بە یەكێك لەپرۆژە ستیراتیژییەكان لەپارێزگای دهۆك دادەنرێت كە ئاوی پیس و زێرابی بەشێكی زۆر لەماڵانی دهۆك دەچێتە سەرى و درێژیەكەی زیاتر لە 15 كێلومەترەو هەر لەسەرەتای ناوەندی دهۆك تاكۆتایی شار دەڕوات.
لەسەردەمی تەمەر كۆچەر كە پارێزگاری پێشووی پارێزگای دهۆك بووە پرۆژەكە درا بەكۆمپانیایەك و گوژمەی 90 ملیون دۆلاری بۆ تەرخانكرا، بەڵام تەنیا 11% تەواوكراو دوای ماوەیەك پرۆژەكە راگیرا ، بەوتەی بەرپرسانی ئیداری دهۆك بەهۆی قەیرانی ئابووری پرۆژەكە راگیراوە.
ئیسماعیل موسا، ماڵەكەی دەكەوێتە سەر لێواری چەمی هشكەڕوو كە تەنها چەند مەترێك لە چەمەکەوە دوورە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»چوارجار لەوەرزی زستان ئاو هاتووەتەوە ناو ماڵمان، لەزستان دەترسین ئاو بێتە ناو ماڵ، لەهاوینیش لەبەر بۆنەكەی و مارو دووپشك ناحەسێنەوە».
ئیسماعیل موسا وتیشی « دەیان ساڵە هاواردەكەین رووبارەكە بكرێتە كونكرێت، بەڵام هیچ سوودی نیە، شارەوانی چەند جارێك دێت رووبارەكە پاك دەكاتەوە، بەڵام ئەمە چارەسەرێكی كاتییە، دەمانەوێت بەیەكجاری پرۆژەكە جێبەجێ بكرێت «.
قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك دەڵێت لەپێش هاتنی قەیرانی دارایی پڕۆژەی چەمی هشكەروو كاری تێدا دەكرا، بەڵام دواتر راگیرا.
جەوهەر عەلی عەزیز ، قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پرۆژەی چەمی هشكەڕوو ، یەكێكە لە پرۆژەكە هەرە گەورەكان و ستراتیژی ناوەندی دهۆك ، پێش چەند ساڵێك پرۆژەكە درابوو بەكۆمپانیەك بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ساڵی 2014وە پرۆژەكە وەستاوە، دیزانێكی زۆر جوان و رێكوپێك بۆ پرۆژەكە دانرابوو، ناوەرۆكی دیزانیەكە ئەوەبوو دەوروپشتی رووبارەكە بكرێنە شەقام و ئەو گەڕەكانەی دەكەونە سەر رووبارەكە بگۆڕین».
«دوای وەستانی پرۆژەكە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی دهۆك هەڵسا بەدروستكردنی دیوار لەچەند شوێنێكی چەمەکە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە زۆر مەترسی هەیە لەكاتی لافاو تا زیان بە هاوڵاتیانی سەر چەمەکە نەكەوێت، نزیكەی 400 مەتر دیوار لەسەر چەمەکە دروستكرا، ئەمە تەنها چارەسەرێكی كاتی بوو تەنها بۆ ئەوە بوو ئەو دیوارە ببێتە بەربەست تا ئاو لەكاتی لافاو نەچێتە ناو ماڵی هاووڵاتیان « جەوهەر عەلی عەزیز وای وت.
قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك، پێشیوابوو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دهۆك و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەكارییان كردووە جارێكی تر دەست بەپرۆژەكە بكرێتەوەو قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانە كە خانوەكانیان دەكەونە سەر لێواری رووبارەكە كەژمارەیان سەرووی سەد ماڵ دەبێت بكرێتەوە، وتیشی:»دەبێت یەكەمجار ئەو خێزانانە بەپارچە زەویەك قەرەبووبكرێنەوە و ئەم پرۆژەیە تەواو بێت و دیمەنێكی زۆر جوان دەبەخشێتە شاری دهۆك، حكومەت زۆر جددییە لە تەواوكردنی پرۆژەكەو كاری لەسەر دەكرێت لەنزیكترین كات و دەست بەپرۆژەكە بكرێتەوە».
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەئێستا قەیرانی دارایی نەماوەو دۆخی حكومەت زۆر باشەو دەتوانێت دەست بەجێبەجێكردنیان بكات.
عەبدولسەمەد تێلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « تائێستا هیچ دانیشتنێكی تایبەتمان لەسەر پرۆژەكە نەكردووە، تەنها ئەوە دەزانین پرۆژەكە ماوەیەكی زۆر وەستاوە، بەڵام دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و ئێستا قەیرانی دارایی نەماوەو دۆخی حكومەت تاڕادەیەكی زۆر باشەو دەتوانێت ئەو پرۆژانەی وەستاون دووبارە دەست بەجێبەجێكردنیان بكاتەوە».