سوید خەونەكەی ئەردۆغان ناهێنێتەدی

(پ.ک. ك)و سوید لەکێشمەکێشی پەیوەندیی ئەنــقەرەو ناتۆدا دواتر لەکوێوە سەردەردەهێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەم رۆژانەدا مەرج و گوشارەکانی تورکیا بەڤیتۆکردنی داوای سویدو فینلاند بۆ ئەندامبوونیان لەناتۆدا بووەتە بابەتێکی گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیایی و لایەنە جۆراوجۆرەکان لەڕوسیاوە تاوەکو ئەمریکا. ڤیتۆکەی تورکیا راستەوخۆ پەیوەندیی بەکوردەوە هەیە، بەڵام ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتار ستۆپی بەداواکاریەکەی ئەردۆغان هێناو سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند:» بەپەیوەندیەکاندا دەچنەوە لەگەڵ توركیا».

 تورکیا هەموو مەرجەکانی و ڤیتۆکەی بۆ ئەوەیە سویدو ئەوروپاو ناتۆو ئەمریکا زیاتر پاڵپشتیی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. رێگریش لەوە بکات، کە سوید پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. هەروەها گەمارۆی چەک و هەندێک لە سزاکانی سەر تورکیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە هەڵبگیرێن، کە ئەو سزانەش پەیوەندییان بەشەڕی تورکیا لە دژی کورد لە باکوورو رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا هەیە. لەم نێوانەدا بەپێی میدیاکانی تورکیاو سوید، تورکیا داوای رادەستکردنی ٣٣ کەسی لە سوید و فینلاند کردووەو ئەو کەسانەی بە «تیرۆریست» ناساندووەو لەوەش زیاتر رۆیشتووە وڵاتانی سویدو فینلاندی بەلانەی تیرۆر پێناسە کردووە.

 

لێپرسینەوەی ناوخۆیی پەکەکە لەقۆناغی سەرەتای شەڕی چەکداریدا

پەکەکە ٤٤ ساڵ لەوەوپێش وەک گروپێکی گەنج بەپێی هەلومەرج و کەشی شۆڕشگێڕیی باوی جیهانی و تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکان دامەزرا. بە کردەوەو بە دروستکردنی تۆڕی رێکخستن کاریان بۆ سەرخستنی شۆڕشەکەیان کرد. کاتێک تورکیا کودەتای ١٢ی سێپتەمبەری ١٩٨٠ی ئەنجامداو هەموو دەرەتانەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی نەماو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەکەکە کوژران و دەستگیرکران، پەکەکە لەساڵی ١٩٨٤ شەڕی چەکداریی لە دژی تورکیای ئەندامی ناتۆ هەڵگیرساند. هاوکات پەکەکە لە ئەوروپا تۆڕێکی فراوانی لە رێکخستن دروستکردو گەنجانی پڕ لە وزە رێکخستنەکانی پەکەکەیان بەڕێوەدەبرد. وەک زۆربەی هێزە شۆڕشگێڕەکان و وەک ئەوەش، کە بە درێژایی مێژوو روویداوە پەکەکە لە لێپرسینەوەی ناوخۆیدا بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە لە رێکخستنەکاندا بۆ کارکردن بەدوژمنەوە گلابوون توندو یەلاکەرەوە بووە. وەک نەریتێکی لەمێژینەی هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەو کەسانەی لە دۆخی خەباتی نهێنیدا خیانەتیان بکردایە سزای شۆڕشگێڕی دەدران و پەکەکەش پەیڕەویی لەو یاسایە کردووە. وەک بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، پەکەکە لەسوید ٢ کەس و لە ئەڵمانیاش ٢ کەسی لە ناو رێکخستنەکانی خۆیدا لەسەر تۆمەتباربوونیان بە خیانەت سزا داوە.

 سزادانی کەسانێک، کە لەخیانەتەوە گلاون مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لەسەردەمی راپەڕینی سپارتاکۆسەوە تاوەکو ئێستا هێزە شۆڕشگێڕەکان پشت بە لێدانی گورزی گورچکبڕ لە دوژمن و دەستوپێوەندەکانیان بەستووە. هیچ هێزێکی چەکداری زرگاریی نیشتمانی و دژ بە داگیرکەری و دیکتاتۆری نییە، کە پەیڕەویی لەو شێوازو میتۆدە نەکردبێت. بە دیوەکەی تریشدا ئیستاش لە یاسای هەموو وڵاتەکاندا خیانەت بە تاوانی گەورە پێناسە دەکرێت و قورسترین سزاکانی بۆ دانراوە.

 خەباتی نهێنی و چەکداری، پاراستنی رێکخستن و ئەندامان و نهێنییەکانی حزب، جموجوڵەکان و کاروباری دارایی بۆ هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا کارێکی قورسە و بەهۆی تایبەتمەندیی ئەو دۆخەوە ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵە رووبدات. هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا ناتوانێت  وەک دەوڵەتێک مامەڵە بکات و لەدامەزراوەی دادگاو بە ئامادەبوونی پارێزەرو هێزی ئەمنی و پۆلیس لێکۆڵینەوە لەکەسێکی تۆمەتبار بە خیانەت بکات و لە شوێنێکدا وەک زیندان بۆ ماوەی چەندین ساڵ رای بگرێت. سەرباری ئەوەش سیستمی داد لەوڵاتەکاندا هەڵە دەکەن و روویداوە، کەسانێک لەسەر تۆمەتێک زیندانیکراون، کە هیچ پەیوەندییان بەو تۆمەتەوە نەبووەو ساڵەهای ساڵی تەمەنیان لە زینداندا بەسەربردووە. بەزمانێکی سادەش خیانەت ئەوەیە، کە کەسێک لەناو هێزەکەی خۆیدا کار بۆ دوژمنەکەی بکات. مرۆڤ و سیستمە مرۆییەکان بەدەر نین لەهەڵە، بەڵام گرنگ ئیرادەیە بۆ چاککردن و تێپەڕاندنی هەڵە بۆ ئەوەش پەکەکە چەندیجار داوایکردووە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەوەی روویداوە پێبکبهێنرێت بۆ ئەوەی راستییەکان روون بێتەوە. پەکەکە و سەرکردایەتیی پەکەکە لە چەندین چاوپێکەوتن و بابەتەدا لە پرۆسەکانی ئاشتیدا بەڕوونی داوایانکردوە، لیژنەی لێکۆڵنەوە لە ڕووداوەکان و بۆ روونبوونەوەی راستییەکان دروست بکرێت...

 

پەکەکەو لایەنە سیاسیەکانی پێش خۆی

پەکەکە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لەلایەن نەوەی پێشووی سیاسیی کورد وەک گروپێکی گەنج و «بێ ئەزموون» و «توندڕەو» سەیر دەکران و چاوەڕێ بوون پەکەکە گوێڕایەڵیان بێت و ئامۆژگارییەکانیان بۆ هەندێک پەیوەندیی سیاسی و هەندێک لەوڵاتان قبوڵ بکات، کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو نەوە سیاسییە جیاوازەی کورد لەو سەردەمەدا گەیشتە قۆناغێک، کە پەکەکە نەوەی پێش خۆی بە نەوەیەکی ناچالاکی سیاسی و ناشۆڕشگێڕ دەزانی، چونکە حساب بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵە و هەندێک هێزو وڵات دەکەن و خۆیان بۆ شۆڕش و ئازادی یەکلایی نەکردووەتەوە. لایەنی بەرامبەریش پەکەکەی بەسەرئێشە و هێزێک دەزانی، کە پێچەوانەی ئاو مەلە دەکات و پێداگرییان لەوە دەکرد، کە دەبێت پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری و شێوازی کاری رێکخستنی خۆی بێت. هەرچۆنێک بێت بە تێپەڕبوونی کات پەکەکە گەشەی کردو بەشێکی زۆر لە هێزەکانی تر لەگۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا رۆڵێکی بەرچاویان نەما. ململانێی نێوان ئەو دوو نەوەیە گەیشتە ئاستێک، کە بەشێک لە ئەندامانی لایەنەکانی تر چالاکییەکان و لێپرسینەوەکانی پەکەکەیان بە «تیرۆر» پێناسە دەکردو هەوڵی دابڕاندن و تەریکخستنی پەکەکەیان دەدا. تەنانەت لەوەشدا سودیان لە پەیوەندییە کۆنەکانیان لەوڵاتانی ئەوروپی وەرگرت.

 

تورکیا پشتیوانیی ناتۆی بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە بەدەستهێنا

لەسەردەمی جەنگی ساردو شەڕەکانی زرگاریی نیشتمانیی لە ئەفریقا تاوەکو ئەمریکای لاتین و باڵکان دەیان هێزو لایەنی شۆڕشگێڕیی دژ بەداگیرکەری و دیکتاتۆری لەهەوڵی رزگارکردنی وڵاتەکانیان، یان دامەزراندنی سیستمێکی تری سیاسی بوون. ئەو دۆخە دونیای بەسەر دوو بەرەی سۆڤیەت و ئەمریکادا دابەشکردبوو. بەرەی سۆڤیەت یارمەتیی گروپە شۆڕشگێڕەکان و راپەڕیوانی دژ بەدەوڵەتەکان دەداو ئەمریکاش بە ناوی پاراستنی دۆخی باو یارمەتیی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی وەک پینۆشە، شای ئێران، ئەتاتۆرک و کەنعان ئەڤرەن لەتورکیا، سەدام و سوهارتۆ لە ئەندەنوسیا، باتیستا دیکتاتۆری کوبا، سوموزا دیکتاتۆری نیکاراگوا و داگیرکەران دەدا. تورکیاش وەک ئەندامی ناتۆ لەبەرەی ئەمریکادا بوو و کاتێک پەکەکە شەڕی چەکداریی راگەیاند، کەنعان ئەڤرەن لە کۆبوونەوەی ناتۆدا پەکەکەی وەک هێزێکی سەر بەسۆڤیەت، کە دەیەوێت کۆماری تورکیای ئەندامی ناتۆ بەو جیۆپۆلتیکە گرنگەیەوە بڕوخێنێت و سیستمێکی سەر بەسۆڤیەتی تیادا دابمەزرێنێت بە ئەندامانی ناتۆ ناساند و ناتۆ پشتیوانیی لەشەڕەکانی تورکیا لەدژی پەکەکە کرد.

تورکیا سوودمەند بوو لەپرۆژەی دژە تیرۆری پنتاگۆن بۆ لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان، پنتاگۆن لە نیکاراگواو ئەمریکای لاتین و ئەفریقا کۆمەڵێک گروپی بۆ پاراستنی رژێمەکان و شەڕ لەدژی گروپە شۆڕشگێڕەکان دروستکردبوو، کە بە کورتی پێیان دەوترێت گلادیۆ و لەهەر وڵاتێک ناوێکیان هەبوو. ئەوە لەکاتێکدابوو، پەکەکە کەمترین پەیوەندیی بەسۆڤیەتەوە هەبوو. پەکەکە رەئاڵ سۆسیالیزمی سۆڤیەتی رەخنەکردبوو. ئەوەش وایکردبوو، سۆڤیەت گرنگی بە پەکەکە نەدات. لەو سەردەمەدا تەنها حزبی کۆمۆنیستی ئەلبانیا دووجار لەگەڵ پەکەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدابوو. هەروەها پەکەکە لەجیاتی دەوڵەتەکان پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ خۆی کردبووە بنەمای کارەکانی و بۆ ئەوەش پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕیەکانی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەی فەلەستینی لەلوبنان هەبوو. تورکیا لەو سەردەمەوە تاوەکو ئێستا بە چەک و پارەو پلانی ناتۆ لە دژی پەکەکە شەڕ دەکات. تورکیا دۆسیەی پەکەکەی بەڕادەیەک لە ناتۆدا گەورەو مەترسیدار پیشانداوە، کە هەموو کارەکانی خۆی لە ناتۆدا بەستووەتەوە بەشەڕ لەدژی پەکەکە و لەناوبردنی پەکەکە.

 

سزادانی پەکەکە لەسویدو ئەڵمانیا و تیرۆرکردنی پاڵمەو دانانی پەکەکە لە «لیستی تیرۆر»

ئۆلاف پاڵمە لەساڵی ١٩٦٩دا لەحزبی سۆسیال دیموکرات بووە سەرۆک وەزیرانی سویدو تاوەکو ساڵی ١٩٧٦ لەو پۆستەدا بوو. دواتریش لەساڵانی ١٩٨٢ تاوەکو کاتی تیرۆرکردنەکەی لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا بووەوە بە سەرۆک وەزیرانی سوید. پاڵمە کەسایەتییەکی ئازادیخواز بوو. لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەردانی ئەمریکای نەکرد. لە دژی شەڕی ڤێتنام، سیستمی رەزگەپەرستیی ئەفریقای باشوور (ئاپارتاید) و سەرکوتکارییەکانی سۆڤیەت لەئەوروپای رۆژهەڵات بوو. پشتیوانیی لەهێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەرتاسەری جیهان دەکرد. بۆ نمونە پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەمریکا پشتیوانیی دەوڵەتی کوباو هێزە شۆڕشگێڕەکانی نیکاراگوا بوو. لەساڵی ١٩٨٠ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بەنوێنەری ناوبژیوان بۆ کۆتایهاتن بە شەڕی ئێران و عێراق. هاوکات دۆستی گەلی کورد بوو و پلانی هەبوو کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رێکبخات.

ئەوانەش وایکردبوو پاڵمە دوژمنی زۆر بێت، بەڵام کێ پاڵمەی تیرۆرکرد؟ کێ بەرپرسیاریی تیرۆرەکەی هەڵگرت؟ ئەوانە هیچی دیار نەبوون. کێ لەکوردو پەکەکە بێ پشت و پەناترە بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ بکرێتەوە، چونکە هیچ هێزو کەسێک  ئامادە نییە بەرگرییان لێبکات. دوای ماوەیەکی کەم بەخێرایی تورکیاو ئەڵمانیا و ساپۆ (پۆلیسی ئاسایشی سوید) پەکەکەیان وەک تاوانباری تیرۆری پاڵمە ناساند. سەرباری ئەوەی لیسبێت پاڵمە هاوسەرەکەی پاڵمە وتبووی ئەو کەسەی پاڵمەی تیرۆر کردووە سەروچاوی سکاندیناڤیی هەبوو نەک دەموچاوێکی رۆژهەڵاتییانە، بەڵام کەس گوێی لێنەگرت. هەموو میدیا گەورەکانی سویدو ئەڵمانیا و تورکیا پێکەوە دەستیانکرد بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ و راپۆرت لە دژی پەکەکەو تاوانبارکردنی پەکەکە بەکوشتنی پاڵمە.

 گەرچی پەکەکە لەو کاتەدا راگەیاندراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندیی بە تیرۆرکردنی پاڵمەوە نییە، بەڵام ناتۆو تورکیا و ئەڵمانیاو ساپۆی سوید گوێیان لەوە نەگرت و پێداگریان لەسەر تاوانبارکردنی پەکەکە کرد. پۆلیسی سوید لەو کاتەدا رایگەیاند، پسپۆڕی کێشانەوەی وێنەی تاوانبارەکەیان نییە، بۆیە دەڕۆن بۆ ئەڵمانیا و بەهاوکاریی ئەوان وێنەی دەموچاوی تاوانبارەکە دەکێشنەوە. ئەو کارەیان کرد و لەئەنجامدا وێنەی دەموچای کەسێکی وەک کوردیان کێشایەوە و لەهەموو میدیاکانیاندا بڵاویانکردەوە. کورد وەک نەتەوەیەکی تیرۆریست وێنا کرا...

لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەدۆسیەی کوشتنی پاڵمە ٦٠٠ ملیۆن کرۆنی سویدی تێچووە. لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٠ هەزار کەس کراوە و ١٣٠ کەسیان دانیان بەکوشتنی پاڵمەدا ناوە. هانس هولمێر بەڕێوەبەری پۆلیس و لێکۆڵینەوەی ئەوکاتە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا راگەیاند، سەدا ٩٥ لەوە دڵنیان، کە کورد لەپشت تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرەوەیە. لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە لە ٥٨ کوردی دانیشتوی سوید کرا. لەدوای لێدوانەکەی هولمێر چەندین دوکان و کارگەو شوێنی کاری کوردان داخران. کوردەکان تەریکخراون و وەک گروپێکی تاوانکار سەیر کران. کوردەکان خرانە ژێر چاودێرییەوە و دۆخێکی قورسیان بۆ دروستکرا.

تەنانەت لەو سەردەمەدا نزیکەی ٧٠ کەسی کوردی سەر بەلایەنە نەیارەکانی پەکەکە لە سوید راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پەکەکەیان بەتیرۆرکردنی پاڵمە تۆمەتبارکرد!

خالیس ئیکینجی سۆی لەساڵی ١٩٨٠ەوە لەسوید دەژی و یەکێک لەکوردە قوربانییەکانی دۆسیەی کوشتنی پاڵمە دەڵێت، هەموو هەفتەیەک دەبوو بڕۆن بۆ بنکەی پۆلیس و بەڵگەی خۆ سەلماندن واژۆ بکەن. پۆلیس بۆ ماوەی ١٠ ساڵ گوێی لە هەموو پەیوەندییە تەلەفونیەکانمان دەگرت. پۆلیس ناوە ناوە و لەپڕ دەیدا بەسەر ماڵەکانمان و شوێنی کارەکانماندا و دەستیان بەپشکنین و لێکۆڵینەوە دەکرد. کەلەبچەی ئیلکترۆنیان خستە قاچمان و بۆمان نەبوو لەگەڕەکەکەی خۆمان دوور بکەوینەوە. ئەگەر بەهەڵە سنوری گەڕەکەمان لێ تێکبچووبایە پۆلیس خێرا هەڵیدەکوتایە سەرمان و گوشاری زیاتریان لەسەر دروست دەکردین... 

بەڵام دوای ٣٤ ساڵ لەکوشتنی پالمە سەرۆکی داواکاری گشتیی سوید کریستەر پێتەرشۆن لە رۆژی ١٠ی حوزهیرانی ٢٠٢٠دا  رایگهیاند، ستیگ ئێنگسترۆم، كه پێشتر چهندین جار وتەی لێوهرگیراوه و به «سکاندیامانەن» ناسراوه، بكوژی راستهقینهی ئولۆف پاڵمهیه. لەبەرئەوەی ستیگ ئینگسترۆم لەساڵی ٢٠٠٠دا گیانی لەدەستداوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەکوشتنی پاڵمە دادەخرێت!.

نووسهری كورد شۆڕش رهشی كتێبێكی به ناوی «پالمه، پهكهكه و گلادیۆ» نووسیوه و دهڵێت: «كوشتنی پاڵمه ههم لهكوردستان، ههم لهسوید، ههم له ئاستی نێودهوڵهتی زیانی بهكورد گهیاند. زیانی ههرهبهرچاو لهڕووی سیاسییەوە بوو و كوردانی دانیشتوی سوید کرانە ئامانج».

کوشتنی پاڵمە کرا بە بەهێزترین بەڵگەو ئارگۆمێنت بۆ ئەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوەو تائێستاش پەکەکە لەو لیستەدایە، بۆیە ئەوانەی استەوخۆ بوونەتە قوربانیی ئەو تاوانەو پەکەکەو کەجەکە و دۆستانی کورد لەسوید داوا دەکەن، حکومەتی سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و سوید، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. بەوە دۆخی تورکیا ئاڵۆز بووە و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا و بەتایبەتی لەم دوو ساڵی رابردوودا سوید بەپشتیوانی تیرۆر تاوانبار دەکات!.

 

داوای سویدو فینلاند بۆ بوونە ئەندامی ناتۆو ڤیتۆی تورکیا

دوای سێ مانگ لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی سویدو فینلاند بۆ ئەوەی خۆیان لەئەگەری هێرشی رووسیا بپارێزن و وەک ئۆکراینیان بەسەر نەیت داوایانکرد ببنە ئەندامی ناتۆ. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ناتۆ هەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی ناتۆ دەبێت بەڕەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندام بێت و هەموو وڵاتانیش مافی ڤیتۆیان هەیە، چونکە نابێت لە ناو ناتۆدا لەنێوان ئەنداماندا ناکۆکی هەبێت! تورکیاش راستەوخۆ داواکەی سویدو فینلاندی ڤیتۆ کردو ژمارەیەک داواکاری و مەرجی بۆ سویدو فینلاند دانا، کە لەبنەڕەتدا هەموویان پەیوەندییان بەکوردەوە هەیە.

بەپێی رۆژنامەی حوڕیەتی تورکیا وەزارەتی دادی تورکیا داوای لەوەزارەتی دادی فینلاند کردووە شەش ئەندامی پەکەکە و ٦ ئەندامی گروپەکەی گولەن و داواشی لەسوید کردووە، ١١ ئەندامی پەکەکە و ١٠ ئەندامی گولەن رادەستی ئەنقەرە بکەنەوە. لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە باسی سەرەکی بووە باسی کورد و سویدو مەرجەکانی تورکیا و ژمارەیەک دۆسیە بوونە بابەتی رای گشتی. جگە لەوە تورکیا داوا دەکات گەمارۆی چەکی لەلایەن سویدەوە لەسەر هەڵبگیرێت، کە لەساڵی ٢٠١٩ و لەدوای هێرشەکەی بۆ سەر کورد لەعەفرین بەسەریدا سەپێنراوە. داواشیکردووە، سوید موشەک و درۆن بۆ یەپەگە نەنێرێت. سویدش ئەوەی رەتکردووەتەوە چەکی بۆ ئەو هێزانە ناردبێت و سوید هیچ جۆرە چەکێکی بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نەداوە و تەنها بەشێوەیەکی سنووردار هاوکاریی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان دەکات. تورکیا داواش دەکات لەشەڕی دژ بە «تیرۆر»، کە مەبەستی شەڕە لەدژی پەکەکە و هێرشەکانیەتی بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، سوید و فینلاند هەماهەنگیی لەگەڵ بکەن. ئەوانەش دەریدەخەن هەموو داواکانی تورکیا لەسوید و فینلاندا بۆ دژایەتیکردنی کوردە.

ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید لە بەرامبەر ئەو داوایانە و تۆمەتەکانی تورکیا وتی، سیاسەتی سوید بەرامبەر بە پەکەکە نەگۆڕاوە و هەر پەکەکە بەهێزێکی «تیرۆریستی» دەزانن. لیند راست دەکات و هێشتا پەکەکە لە لیستی تیرۆری سویددایە و ناوەکەی دەرنەهێنراوە. لیند لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت، سوید لە دوای تورکیا یەکەم وڵات بووە، کە لەسەردەمی پاڵمەدا پەکەکەی خستووەتە «لیستی تیرۆر». لیند دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، گەرچی کوشتنی پاڵمە لەسەر پەکەکە نەماوە، بەڵام پەکەکە لەسەردەمی ئەودا لەو لیستەدایە و ئێمە هەر پابەند دەبین بە مانەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا. ئەگەر بێتو سوید داوای لێبوردن لەکورد بکات، کۆمەڵێک پابەندبوونی یاسایی و سیاسیی بۆ دروست دەبێت. هەر چۆن ئەگەر تورکیا دان بەکۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا بنێت، کۆمەڵێک پێبەندنی و کۆت و بەندی بۆ دروست دەبێت و هاوکات دانانە بەو تاوانەدا، بۆیە رەنگە بەشێک لەڕێچکەی سیاسەت لە سوید چاو لەو سیاسەتەی تورکیا بکەن و ئامادە نەبن داوای لێبوردن لە کورد بکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە سوید هەوڵبدات خۆی لەو پابەندییە لابداو گوشارەکانیان لەسەر پەکەکە بەردەوام بێت و ناوی پەکەکە لەلیستەکەیاندا بهێڵنەوە. بەوەش تورکیا رازی بکەن و پەکەکەو کوردیش بەو لیستەوە قەتیس بکەن.

سوید لەدۆسیەی جولیان ئاسانژ دامەزرێنەری ویکیلیکس دا هاوکاریی ئەمریکای کرد. پێشتریش بەناڕەوا پەکەکەی بە بکوژی پاڵمە ناساند، بۆیە سیستمی سیاسیی سوید ئەو بەهەشتە دیموکراتییە بێخەوشەش نییەو هەموو کات ئەگەری مامەڵەو سەودای بەهەندێک کەیسی هەستیارەوە لێدەکرێت.

سوید بەدروستکردنی مینی دژە نەفەرو دینامیت و موشەک هاوکاریی زۆرێک لەدەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانی کردووە، کە ئەو دەوڵەتانە لە بری دیموکراسی لایەنی شەڕانگێزییان لەسوید وەرگرتووە. سوید بۆ ئەوانەش گرێبەست و سەفەقاتی زۆر گەورەی ئەنجامداوە و یەکێکە لەهەناردەکارە گەورەکانی چەک بۆ سەرتاسەری جیهان، کە لەئەنجامدا چەک بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت.

جگە لەوانەش سوید لەساڵی ٢٠٢٠دا رەسوڵ ئۆزدەمیری رادەستی تورکیا کرد. بەچەند پەنابەری تری کوردیشیان راگەیاندووە، دۆسیەکانیان وەرنەگیراوە و رادەستی تورکیا دەکرێنەوە. لەبەر نیگەرانیەکان ١٧ رۆشنبیری سویدی لە نامەیەکی هاوبەشدا، کە هاوکات لە پێنج رۆژنامەی سویددا بڵاوکرایەوە داوایانکرد، دەوڵەتی سوید هیچ رۆژنامەنووس و رۆشنبیرو نووسەرێک رادەستی تورکیا نەکات.

 

تورکیا داوای کێ لەسوید دەکات

بەپێی میدیاکان، تورکیا داوایکردووە، ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئێستای سوید، ئەڤین ئینجیر پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید، ئەڤین چەتین پەرلەمانتاری پیشووی سویدو محەمەد سیراج بیلگین نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، کە پێنج ساڵ لەوەو پێش لە سوید کۆچی دوایی کردووە رادەست بە تورکیا بکرێنەوە.

جگە لەوانەش دەوترێت تورکیا داوای رادەستکردنی پێنج کەسی سویدی کردووە، کە یەکێکیان پیتر هولتکویست وەزیری بەرگریی ئێستای سویدە.

تورکیا پێیوایە لەبەرئەوەی موشەک و درۆنی سویدی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لەدژی داعش بەدەست یەپەگە گەیشتووە و یەپەگەش ئەوانەی لەشەڕی دژ بەداعشدا بەکارهێناوە، ئەوا  وەزیری بەرگریی سوید پاڵپشتیی لە تیرۆر کردووە، بۆیە دەبێت رادەست بەتورکیا بکرێت!.

دوو ساڵ لەوەو پێش لەڕاپۆرتی رێکخراوی سیتای سەر بەدەوڵەتی تورکیادا ناوی هەموو ئەو کەسانە وەک پشتیوانیانی تیرۆر هاتووە، بۆیە ئەو ناوانە لەئێستادا زۆر باسیان لێدەکرێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا لەمێژ بووبێت بەدوای ئەو کەسانەوە بێت و لەئەگەری ئەوەدا سوید رادەستیان نەکات وەک تیرۆرکردنی ساکینە جانسزو هاوڕێکانی ئەمانیش تیرۆر بکات

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار