عێراق؛ لەدەستەكانی موقتەدا سەدر دا
73 پەرلەمانتارەكەی واژۆی دەستلەكاركێشانەوەیان رادەستی سەدر كردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
موقتەدا سەدر، ئەو كەسایەتییە شیعەیەی عێراق لەدەستەكانیدایە كە 73پەرلەمانتارەكەی واژۆیان لەسەر دەستلەكاركێشانەوە لە ناوچەی حەنانە تەسلیم كردووەو چاوەرێی گلۆپی سوری سەدر دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
نویسنگەی راگەیاندنی رەوتی سەدر رایگەیاند:" سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان واژۆكردووە و رادەستی موقتەدا سەدرییان كردووە".
دوێنێ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم.
هەروەها، داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق پێویستی بە حكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، نەك حكومەتی سازان.
سەدر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چەقبەستوویی سیاسی بابەتێكی سیاسی نییە، بەڵكو دۆخێكی دروستكراوە بۆ رێگری كردن لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی.
سەدر وتیشی، "زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆمانە نەك بۆ كەسانی دەرەوەی ئێمە، هەر بۆیە بەشداری پێكهێنانی حكومەتی سازان ناكەین".
موقتەدا سەدر چەندین جار داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە لایەنگرانی كردووەو خۆپیشاندەران بەردەوام بەدەم داواكارییەكەی سەركردەكەیانەوە چوون، بۆیە یەكێك لە بژاردنەكان پەنا بردنە بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی، یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وەك سیناریۆی دووەم.
موقتەدا سەدر، لەگەڵ محەمەد خحەلبوسی لە سونەكان و مەسعود بارزانی، هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانیان پێكهێناوە، لەبەرانبەردا سێیەكی "پەكخەر" بەسەرۆكایەتی نوری مالكی رێگە نادەن حكومەتێك پێكبهێندرێت كە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تێیدا بەشدار نەبن.
هەر دوێنێ، فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، حكومەتی داهاتوو بە بێ سازانی نێوان چاورچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر پێكناهێنرێت.
ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە بەردەوامبوونی رەوتی سەدر لەسەر هەڵوێستەكانی وڵات بەرەو چەقبەستووییەك دەبات كە ناتوانرێت چارەسەر بكرێت.
ناكۆكی نێو ماڵی شیعە بەتایبەت كێشەكانی نێوان نوری مالكی و موقتەدار سەدر لەلایەك و بەرەی رزگاری نیشتمان (سەدر، حەلبوسی، بارزانی) و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، عێراق پاش هەشت مانگ زیاتر لە هەڵبژاردنەكان بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات و ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاری كردنی وادەیەكی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكە لەو بژاردانەی سەدرو لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان گفتوگۆی جدی لەسەر دەكەن.